چوار منداڵ سەرگەردان دەبن
باوكیان لەدەستداوە و دایكیان لە زیندانە

كەركوك/ئەیلولی 2019/ چوار منداڵی یەك خێزان بەبێ دایك و باوك لە ژورێكدا بەبێ خواردن دەژین فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحى – کەرکوك

چوار منداڵی خێزانێك دوای لەدەستدانی باوك و زیندانیكردنی دایكیان، سەرگەردان بون، خواردنی رۆژانەیان نییە و لە سۆزی دایك و باوك بێبەشن، لەگەڵئەوەشدا لە ژورێكدا دەژن كە تەنیا چەند بەتانییەكی لێییە.

ئەو چیرۆكە مانگى نیسانى ئەمساڵ لە ناحیەی پردێ لە كەركوك دەستیپێكرد، كاتێك یونس عەوڵا، باوكی حەوت منداڵ لەلایەن دایكیان و چەند كەسێكی تر بە پاچ (قازمە) كوژرا.

دوای روداوەكە، خێزانەكەی یونس لەگەڵ كچ و كوڕێكی دەستگیركران و تا ئیستا ئازانەكراون.

لەو حەوت منداڵە، دوانیان بە تۆمەتی بەشداربون لە كوشتنی باوكیان، لەگەڵ دایكیان زیندانین، منداڵێكی یەك ساڵیشیان لای مامێكێتیی و ئەو چوارەی تر لە تەنیا ژورێكدا دەژین.

"باوكێكی توندوتیژ"

كامیل (14 ساڵ)، باس لە باوكی دەكات و بە "توندوتیژ" ناوی دەبات، وتی "جارێكیان بە خاكەناز لێیدام و گوێیەكی تەقاندم، یان بە شیشی كەباب داخی دەكردین"، بەهۆیەوە ژیانیان ئاسایی نەبووە.

هەروەها وتی كە هەمان ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ دایكیان كردووە و ئازاری داون.

ئەو مامەڵەیەی باوكی بەردەوامدەبێت، وەك منداڵەكانی دەڵێن بەهۆیەوە چەند جارێك دایكیان ماڵی جێهێشتووە و دواتر گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەوە نەبۆتەهۆی ئەوەی مامەڵەی باوكیان باشتر بێت.

سەمیر یونس (22 ساڵ) کوڕە گەورەى ئەو خێزانە، لە ئێستادا سەرپەرشتی خوشك و براكانی دەكات، وتی "باوك مامەڵەی زۆر ناخۆش بوو، ئەشكەنجەی ئێمە و دایكمی دەدا و شەوان بە بێهۆشی دەگەڕایەوە ماڵ و شەڕی پێدەفرۆشتین".

بۆیە سەمیر چەند جارێك لە ترسی باوكی ماڵی جێهێشتووە.

منداڵەكان قوربانین

نیسانی ئەمساڵ، كۆتایی بە پێكەوەیی ئەو خێزانە دێت، كاتێك یونس عەوڵا دێت بە دەستی دایكیان و كەسێكی تر دەكوژرێت و تەرمەكەیان لە گوندى نەبیاوەى سەر بە پردێ ناحیەى فڕێدا.

دوای روداوەكە و دەستگیركردنی دایك و دوو منداڵی، پێنج منداڵەكەی تر دەچنە هەولێر بۆ لای مامێكیان، بەڵام مامیان دەریاندەكات و تەنیا كچێكی یەك ساڵیان لای خۆی دەهێڵێتەوە.

سەمیر وتی "مامم دەریكردین و وتی ئێوەم پێ بەخێوناكرێت، تەنیا نوری خوشكم كە تەمەنی یەك ساڵە لای ئەو ماوەتەوە".

دوای دەركردنی ئەو چوار منداڵە، لە هەولێرەوە دەگەڕێنەوە پردێ و لە نێو ژورێكدا كە كامیل پێشتربەهۆی كارەكەیەوە لێی دەمایەوە، لێی نیشتەجێ بون.

ژوورەكە تەنیا یەك ئامێری فێنكەرەوەی پانكەی تیایە لەگەڵ چەند بەتانییەك. نیوەڕوان ئەگەر پارەیان پێبێت فەلافل دەكڕن و دەیخۆن، بەیانیانیش خواردن نییە.

سەمیر وتی "هەفتەیەکە سەرقاڵى کارکردنم لە کۆمپانیای هارمۆنى بۆ دروستکردنى پێداویستى نێو ماڵ، ئەوە هاوكاری باشدەبێت بۆ ئێمە".

mal
كەركوك/ئەیلولی 2019/ چوار منداڵ لەو ژورەدا دەژین، بەبێ نازی دایك و باوكیان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەو خێزانە ئێستا بە تەواوی پەرتەوازە بون، هەریەكە لە سەمیر 22 ساڵ، كامیل 14 ساڵ، وەنەوشە 10 ساڵ و رەوەند هەشت ساڵ، پێكەوە لەو ژورە دەژین، ئەمیر 19 ساڵ و نەورۆز 18 ساڵ لە زیندانن لەگەڵ دایكیان، نوری یەك ساڵیش لە ماڵی باوكیەتی.

وەنەوشە 10 ساڵ، دەڵێت زۆر حەزی لە خوێندن بووە، بەڵام باوكی رێگریی لێكردون و وتویەتی "من نەمخوێندووە، نابێت ئێوەش بخوێنن".

ئەو كچە، لە ئێستادا بیر لەوە دەكاتەوە خۆی فێری چێشتلێنان بكات، تا خواردن بۆ براكانی دروستبكات. بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر بێت و تەباخمان هەبێت، هەوڵدەدەم فێرى دروستكردنی خواردن بم".

هەوار محەمەد، كە پیشەی رۆژنامەنوسییە، سەرقاڵی كۆكردنەوەی كۆمەكە بۆ ئەو خێزانە، بۆ ئەو مەبەستەش لەڕێی ئەكاونەتەكەی خۆیەوە ئاگاداری بڵاوكردۆتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT