بەغدا لە ئاستێكی باڵادا
وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی كەركوكدا دەكات

كه‌ركوك، 2019، ناوه‌ندێكی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و ده‌رهێنانی كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان فۆتۆ: كۆمسیۆن

گۆران بابان – كەركوك

كەركوك چاوەڕێی لیژنەیەكی باڵای بەغدا دەكات كە بڕیارە لە ماوەی 60 رۆژدا بە تۆماری دەنگدەرانی كەركوكدا بچێتەوە.

ئەو لیژنەیە كە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێكهێنراوە، هاوكاتە لەگەڵ ناڕەزاییەكان دژی تۆماری دەنگدەران و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دادگای فیدراڵی عیراق.

عەبدولباست دەروێش، لێپرسراوی راگەیاندنی نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە (کەرکوک ناو)ی وت "لیژنەكە بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێكهێنراوە، بڕیارە بگەنە کەرکوک بۆ وردبینی لە تۆماری دەنگدەران، کە تەنیا یەک ئەندامیان لە کەرکوکەوەیە".

بڕیارە لیژنەكە لەگەڵ گەیشتنیان بۆ كەركوك و لە ماوەی 60 رۆژدا بە تۆماری دەنگدەرانی كەركوكدا بچنەوە و راپۆرتێك لەوبارەیەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكەن.

ئەندامانی لیژنەكە:

سەفا لەفتە، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی عەمەلیات/ لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان

مستەفا محەمەد سامی، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی ناسنامەی شارستانی و پاسپۆرت و ئیقامە لە پارێزگای کەرکوک

ریاز عەبدولئەمیر حسێن، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئیداریی و دارایی یاسایی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە

ئیبتیهال هاشم، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچون لە وەزارەتی بازرگانی

قوسەی عەبدولفەتاح، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری هونەری لە ناوەندی ئامار لە وەزارەتی پلاندانان

عەبدولباست دەروێش، جەختیكردەوە "هێشتا هیچ رێنمایی و زانیارییەكمان لە بەغداوە پێنەگەیشتووە لەبارەی كاری ئەو لیژنەیە و وادەی دەستبەكاربونیان، بەڵام ئەوەی دەزانین وردبینی لە تۆماری دەنگدەراندا دەكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT