دوو شەو لەسەر یەك گەنجانی قەزای كفری، خۆپیشاندان دەكەن دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی نەبونی دەرفەتی كار، بێبازاڕیی و پێنەدانی موچە بە فەرمانبەران، خۆپیشاندانەكە بەرەو گرژیی و ئاڵۆزی رۆیشتن، دوای ئەوەی 10 كەسیان لێ دەستگیركرا.
ئەو خۆپیشاندانە دوای بڕیارێكی حكومەت هات بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕ و دوكانەكان بۆ جارێكی تر بەهۆی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرناوە، ئەوەش هاوڵاتیانی قەزاكەی نیگەران كرد، بەهۆی بێ بازاڕیی و پێنەدانی موچەی بە فەرمانبەران. هەرچەندە دەڵێن لە مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا تێگەیشتون، بەڵام ئەوان بژێویان خەریكە لەدەستدەدەن.
شوان جلال، مامۆستا و بەشداربوى خۆپیشاندانەکەى کفرى، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو شەوە خوپیشاندان دەکەین، شەوی یەکەم هیچ گرژییەک دروستنەبوو، بەڵام شەوی دووەم دەزگا ئەمنییەكان ژمارەیەك گەنجیان دەستگیركرد".
شوان دەڵێت "ئەم شارە بەتەواوى وێران بووە، نە خزمەتگوزارى هەیە نە موچە بە فەرمانبەران دەدرێت، بێكاریی و بێ بازاڕیشە، لەو حاڵەتەشدا حكومەت دەیەوێت خەڵك لەماڵەوە كەرەنتینە بكات بەبێ دابینكردنی بژێوی"، زیاتر وتی "ئەی ئێمە چۆن و بەچی بژین".
ئەم شارە بەتەواوى وێران بووە، نە خزمەتگوزارى هەیە نە موچە بە فەرمانبەران دەدرێت
خۆپیشاندانەكە لە كاتێكدا بوو حكومەت كاتژمێر شەشی ئێوارەی 3ی حوزەیران بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لەناو شار هەڵبگرێت، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی راگرتنی خۆپیشاندانەكە و خەڵكی قەزاكە داوای دەرفەتی كار و بژێوی دەكەن.
دوای ئەوەی خۆپیشاندەران تایەیان سوتاند و شەقامێكی سەرەكییان گرت، هێزەئەمنییەكان هەوڵی بڵاوەپێكردنیان دان و 10 گەنجیان لێ دەستگیركردن، دوای لێكۆڵینەوە درەنگانێكی شەو ئازادیانكردن.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كفری، بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆپیشاندەران نایانەوێت پابەندى رێنماییەکان و قەدەغەى هاتوچۆ بن، لەیەكەم شەوی خۆپیشاندانەكە رێگریمان لێنەكردن، بەڵام شەوی دووەم تایەیان سوتاند و هەوڵیان دەدا پەلاماری دامەزراوەكانی حكومەت بدەن و بیسوتێنن، بۆیە گرژیی دروستبوو".
بەڵام شوان وتی "ئێمە دەزانین ئەم ڤایرۆسە جدییە و ترسناکە، پێویستە خۆمان بپارێزین، بەڵام بەمشێوەیە ناكرێت و خەڵك بژێوی دەوێت، هەموو سێكتەرەكان راگیراون و كار نەماوە".
بەپێی سەرچاوەكەی پۆلیس ئەوانەی دەستگیركرابون، لەوكەسانە نەبون كە "تێكدەر" بون بۆیە ئازادكراون، بەڵام بەدوای "تێكدەراندا" دەگەڕێن.
شەوی رابردوو چەند فیشەكێك ئاراستەی بارەگایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان – حزبی دەسەڵاتدار- كرا، هەروەها بۆمبێك لەسەر شەقامێكی شارەكە تەقێنراوەتەوە، بەڵام رون نییە ئەوە كاری كێ بووە.
"ئێمە بە خۆپیشاندەرانمان وتوە ئەگەر دەتانەوێت خۆپیشاندان بکەن وەرن بەفەرمى مۆڵەتتان پێدەدەین و تەنانەت دەتانپارێزین، بەمەرجێك بەهێمنی ئەنجامی بدەن، بەڵام ئەوان بەپێی یاسا مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی ئاژاوەگێڕییەوە"، سەرچاوەكەی پۆلیس وایوت.
ئێمە بە خۆپیشاندەرانمان وتوە ئەگەر دەتانەوێت خۆپیشاندان بکەن وەرن بەفەرمى مۆڵەتتان پێدەدەین و تەنانەت دەتانپارێزین
ئەو خۆپیشاندانەی كفری كە یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە هەرێمی كوردستانە، هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچونی خۆپیشاندانی هاوشێوە لە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان دژی بێبازاڕیی و بێكاریی و پێنەدانی موچە.