كۆرۆنا، داعش و بۆشایی ئەمنی
سێجارە جوتیارێكی كاكەیی مایەپوچدەکەن

جەلیل ئیبراهیم (50ساڵ) جوتیارێكی كاكەیی، لەناو كێڵگە كشتوكاڵییەكەیدا كە بەهۆی كۆرۆناوە پێگەیشتنی بەرهەمەكەی دواكەوتووە فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

محەمەد ئەڵماس

جەلیل ئیبراهیم، جوتیارێكی كاكەیی، لە ماوەی شەش ساڵدا بۆ سێیەمجار مایەپوچبونی خۆی رادەگەیەنێت، ئەوەش بەهۆی سێ گۆڕانكاریی ئەمنی، سیاسیی و تەندروستی لە عیراق لەو ماوەیەدا، "هەر گۆڕانكارییەك روبدات ئێمەی كاكەیی باجەكەی دەدەین"، جەلیل وایوت.

پەلاماری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ساڵی 2014دا،  دروستبونی بۆشایی ئەمنی لە گوندە كاكەیینشینەكانی داقوق دوای سازدانی ریفراندۆم لە 2017، دواتریش بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، ئەو سێ روداوەن كە جەلیل بەهۆیانەوە لە كەسێكی داراوە ئێستا مەترسی لەدەستدانی بژێوی خێزانەكەی لەسەرە.

جەلیل، كە لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، بەشێك لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكەی ئەمساڵی بەهۆی بڕیارەكانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە تینوێتیدا بە تەواوی وشكبون. ئەو نەیدەتوانی بە ئاسانی بگاتە زەوییە كشتوكاڵییەكەی و هاوکاتیش بەشێكی تری بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هێشتا نەهاتونەتە بەرهەم.

"بێئومێدم لەوەی بتوانم خەرجی ئەمساڵ بەدەستبهێنێتەوە، كۆرۆنا مایەپوچیكردم؛ هەر گۆڕانكارییەك لە عیراق روبدات ئێمەی كاكەیی باجەكەی دەدەین"، جەلیل وایوت كاتێك لەناو بەشێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی سەرقاڵی كاركردن بوو.

ڤیدیۆ: دوو شۆفێری دەڕاسە لە سنوری داقوق سوتان و گەیەنرانە نەخۆشخانە، ئەوەش دوای گڕگرتنی دەڕاسەكانیان كە بەهۆیەوە ئاگرەكە گەیشتە سێ گوند و زۆرێك لە دانەوێڵەی جوتیاران سوتان

ئەوە لەكاتێكدایە، ساڵانی رابردوو لەم مانگەدا جەلیل بەرهەمی ماندوبونی خۆی كۆدەكردەوە و پلانی ساڵی داهاتوی دادەنا.

سەرەتای نەهامەتییەكان

جەلیل ئیبراھیم، كە باوكی چوار منداڵە، تا ساڵی 2014 لە بارودۆخی ئەمنی جێگیردا لە گوندی عەلی سەرای كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەكرد.

"بێ كێشە كشتوكاڵی خۆمان دەكرد، تەماتە، خەیار، باینجان و شوتی و هەموو جۆرە سەوزەیەكمان دەچاند، لەگەڵ دانەوێڵە، كێشەی هاتوچۆ نەبوو، بازاڕ هەبوو، زۆر دڵخۆشبوین و ماندوبونمان نەدەزانی"، جەلیل زیاتر وتی كە تا ساڵی 2014 توانی خانوو و ئۆتۆمبێل بكڕێت و باری ئابوری زۆر باش بووە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش هەموی پێچەوانە بۆوە.

تا ساڵی 2014 توانی خانوو و ئۆتۆمبێل بكڕێت و باری ئابوری زۆر باش بووە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش هەموی پێچەوانە بۆوە

لە ناوەڕاستی 2014دا، بەهۆی هێرشی داعشەوە، زۆرینەی گوندە كاكەییەكانی داقوق چۆڵكران، جەلیل یەكێك بوو لەو زەرەرمەندانەی ئەو هێرشە و بەناچاری گوندەكەی چۆڵكرد.

kakaey
كەركوك/ 2017/ گوندی عەلی سەرای كاكەیی، دوو خێزان لەبەردەم دەرگای ماڵەكانیان سەرقاڵی كاركردنن فۆتۆ: كەركوك ناو

"300 دۆنم زەوی و زارمان كەوتە دەستی داعش، بەهۆیەوە ژیان و بژێوییمان كەوتە مەترسییەوە؛ زۆرینەمان گوندەكەمان چۆڵكرد"، جەلیل بەو شێوەیە بۆ یەكەمجار مایەپوچ بوو، بەو هۆیەوە ماڵی چووە داقوق و دەستی بە كرێكاری کرد.

لە ساڵی 2016دا، هێزێكی زۆری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ناوچەكانی جێناكۆك و لەوانەش باشوری داقوق، جێگیربون. لە پاڵ هێزە عیراقییەكاندا، ئەو گوندە كاكەییانە كۆنترۆڵكرانەوە، كە كەوتبونە دەستی داعش، ئەوەش رێی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە كاكەیی خۆشكرد تا بۆ گوندەكانیان بگەڕێنەوە.

جەلیل ئیبراهیم، جارێكی تر دەستی بە كشتوكاڵ كردەوە، رۆژانە لە داقوقەوە دەگەیشتە سەر زەوییە كشتوكاڵییەكەی و ئێوارانیش بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە.

"هێشتا داعش هەر مەترسی بوو، لەبەر منداڵەكانم ماڵم هەر لە داقوق مایەوە و خۆم رۆژانە هاتوچۆم دەكرد". جەلیل زیاتر وتی "دەستمكردەوە بە كشتوكاڵكردن، بەرهەمێكی زۆرم هەبوو و لە بازاڕ دەمفرۆشت، بەڵام ئەوەش درێژەی نەكێشا و لە ساڵی 2018ەوە جارێكی تر گوندەكەم چۆڵكرد".

دەستمكردەوە بە كشتوكاڵكردن، بەرهەمێكی زۆرم هەبوو و لە بازاڕ دەمفرۆشت، بەڵام ئەوەش درێژەی نەكێشا و لە ساڵی 2018ەوە جارێكی تر گوندەكەم چۆڵكرد

لە ئەیلولی 2017دا، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق، بڕیاری گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكانیدا بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك، بەوەش هێزەكانی پێشمەرگە لە داقوق و كەركوك پاشەکشێیان کرد و بۆشایی ئەمنی لە سنوری گوندە كاكەییەكان دروستبوو.

jalil.kakaey
جەلیل ئیبراهیم (50ساڵ) جوتیارێكی كاكەیی، دەڵێت ساڵی رابردوو لەمكاتەدا 40 بۆ 50 ملیۆن دینار قازانجی دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە یەك دیناری دەستنەكەوتووە فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

ئەو بۆشاییە رێگەی خۆشكرد بۆ پەلاماردانی گوندە كاكەییەكان، بەشێوەیەك لە 2017ەوە، لە قەزای داقوق لەكۆی 15 گوندی كاكەیی، پێنجیان بە تەواوی چۆڵبون و سێی تریان بەرەو چۆڵبون دەچن، ئەوەش بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان.

وەك جەلیل دەڵێت، بەرلەوەی لە ساڵی 2018دا دروێنە بكات، چەكداری نەناسراو 130 دۆنم دانەوێڵەیان سوتاندووە، دوای چەند رۆژێك لەو روداوەش، بیر و خانوەكەی تەقێنراوەتەوە، حەوزی بەخێوكردنی ماسییەكەی لەناوچووە، هەر لەسەر زەوییەكەی شەوێك رفێنرا و لەو روبەڕوبونەوەیەدا بە برینداری رزگاری بوو.

بەوشێوەیە جەلیل جارێكی تر گوندەكەی چۆڵكرد و بۆ دووەمجار مایەپوچ بوو.

كۆرۆناش مایەپوچیكرد

جەلیل ئیبراهیم، كە كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی تاكە پیشەیەتی بۆ پەیداكردنی بژێوی خێزانەكەی، سەرەتای ئەمساڵ 25 دۆنم زەوی لە ناوچەی تاڵەبانی نزیك لە داقوق بەكرێگرت و دەستی بە كشتوكاڵ كرد.

"دۆخی ئەمنی ئەو ناوچەیە باشتر بوو، هەموو توانای مادیی و جەستەییم بەگەڕخست و پارەیەكی زۆرم خەرجكرد، بەڵام نەهامەتی كۆرۆنا یەخەی گرتم"، جەلیل وتی "بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە بە زەحمەت دەمتوانی بگەمە سەر زەوییە كشتوكاڵییەكانم، هەندێكیان بە تەواوی وشكبون، لەبەرئەوەی نەمدەتوانی لەكاتی خۆیدا ئاویان بدەم".

وتیشی "بەشێكیشیان لەكاتی خۆیدا نەماندەتوانی بیانچێنم، بۆیە بەروبومەكەشی دواكەوت و هێشتا هیچ شتێكم پێنەگەیشتووە".

دوای داعش و بۆشایی ئەمنی، كۆرۆناش بۆ سێیەمجار جەلیلی مایەپوچ کرد؛ ئەو سێ کێشەیە، لە راستیدا بەربەستی گەورەن لەبەردەم تەواوی كاكەییەكانی داقوق.

sarok
به‌غدا، 5ی ئابی 2019، كۆبونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ شاندێكی داقوق ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئه‌منی قه‌زاكه‌ فۆتۆ: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار 

ئێستا جەلیل، زەوییە 300 دۆنمەكەی بەجێهێشتووە. بیری ئاو، حەوزی ماسی  و تەنانەت خانوەكەشی لەدەستداوە. تەنیا چاوەڕێی چەند بەروبومێكی كشتوكاڵییە لە بامێ، شوتی و باینجان؛ بەهۆی ئەوەوە نە دەتوانێت كرێكاری بكات، نە ئومێدێك هەیە ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕدا پێ ساغببێتەوە.

بەر لە كۆرۆنا، ئەو جوتیارە كاكەییە ساڵانە 40 بۆ 50 ملیۆن دینار (نزیكەی 37 هەزار و 500 دۆلار)ی لە كشتوكاڵ دەستدەكەوت، بەڵام وتی "ئەمساڵ تائێستا یەك دینارم دەستنەكەوتووە".

"ئەمساڵ تائێستا یەك دینارم دەستنەكەوتووە

ئەو نەهامەتییانەی بەسەر كاكەییەكانی داقوق و ناوچەكانی تردا هاتون، بووەهۆی ناڕەزایی ئەو پێكهاتە ئایینییە و هەوڵەكان بۆ پاراستنی ژیانیان و مانەوەی لە زێدی خۆیان، سەركەوتوو نەبون.

كۆی ئەو سێجارەی جەلیل تیایدا مایەپوچ بووە، لە بنەڕەتدا كێشەیەكی گەورەتری بەدواوەیە، كە دەیەیەكە بەرۆكی كاكەییەكانی قەزای داقوقی گرتووە لە باشوری كەركوك، ئەوەش مەترسی چۆڵكردنی هەموو ناوچە كاكەیینشینەكانە، بەهۆی دروستبونی مەترسی لەسەر ژیانیان.

پەتای كۆرۆنا، كێشەیەكی نەخوازراوی ئابوری بۆ كاكەییەكان و لەوانەش جەلیل دروستكردووە و كاریگەری دەرونی لەسەریان بەجێهێشتووە.

جەلیل وتی "رۆژانەش كە سەرم لەسەر سەرینەكەم دادەنا، وێنەی نەمام و كشتوكاڵەكەم دەهاتە بەرچاو كە چۆن لەبەر توێنیتی وشكدەبون... كۆرۆنا ژیانی خۆشمی وشككرد، ئەمە ماڵوێرانی بوو بۆ خۆم، ماڵ و منداڵم"، جەلیل وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT