کاکەییەکان لە هەردولاوە دەجەنگن؛ لە کاتێکدا دەزگاکانی حکومەت به روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆناوه سه‌رقاڵن، كاكهییەکان له‌گه‌ڵ غەمی خۆپارێزی له‌و په‌تایه دڵیان لای پاراستنی ژیان و گۆڕی ئازیزانیانە لە دەستی پەلاماری گروپه چه‌كدارییه‌كان.
له دوو مانگی رابردوی ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا، لانیکەم 10 کردەوەی توندوتیژی ده‌رهه‌ق به دانیشتوانی كاكه‌یی تۆماركراون، به تایبه‌ت له هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا.
روداوه‌كان هاوكاتن له‌گه‌ڵ سه‌رقاڵبونی هێزه ئه‌منییه‌كان به رێكاره‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، دوای ئه‌وه‌ی عیراق له ناوه‌ڕاستی مانگی ئاداری 2020ـه‌وه، به ئامانجی خۆپارێزی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی راگه‌یاند و جموجۆڵی خه‌ڵكیشی راگرت.
مه‌ترسی له‌سه‌ر گونده كاكه‌ییه‌كانی داقوق هه‌ر ماوه
"مه‌ترسی له‌سه‌ر گونده‌كانمان هه‌ر ماوه، چونكه بەردەوام زیاد له جارێك روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كدارانی داعش بوینەتەوە و كاریگه‌ری كردۆته سه‌ر ژیانی خه‌ڵك" به‌وته‌ی له‌یلا سادق، ژنە چالاكوانی كاكه‌یی له داقوق.
له ناوه‌ڕاستی نیسانی 2020دا، چه‌ند جارێك روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌كداری له گونده‌كانی داقوق رویانداوە، له نێوان سوپای عیراقی و گروپه چه‌كداره‌كان، به‌هۆیه‌وه زياتر له 23 چه‌كداری داعش كوژراون، وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كانی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی حكومه‌تی عیراقدا بڵاوكراوەتەوه.
رەجه‌ب عاسی كاكه‌یی، چالاكوانی مه‌ده‌نی وتی "گونده‌كانی كاكه‌یی هاوسنورن له‌گه‌ڵ گروپه چه‌كدارییه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كان بۆیە جاربه جار روداوی ئه‌منی و توندوتیژی به تایبه‌ت له خواروی كه‌ركوك روده‌ده‌ن".
ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەیان كاكه‌یین و لە قەزای داقوقن (44كم باشوری كه‌ركوك).
له 27ی ئاداری 2020دا، گۆڕستانی كاكەییەكان لە گوندی عەلی سەرای داقوق شێوێنرا و كێلی چەند گۆڕێك شكێنران، ئەوەش دوەمجار بوو لە ماوەی ئەو مانگەدا دوو لە گەورەترین گۆڕستانی ئەو پێكهاتەیە بكرێنە ئامانج.
مەریوان غەریب، دانیشتوی ئەو گوندە وتی "ئەو كارە زۆر نیگەرانمان دەكات، چونكە دورە لەهەر بەهایەكی ئەخلاقیی و مرۆیی، ئەوانە گروپێكی تێكدەرن و دژ بە كاكەییەكان و مێژوو و پیرۆزییەكانمان ئەم كارە دەكەن".
گوندى عەلى سەراى، بەدوری 10كم دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای داقوق، گۆڕستانەكەش گەورەترین گۆڕستانی كاكەییەكانە لە كەركوك.
ره‌جه‌ب عاسی كاكه‌یی وتی "هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر روداوی شێواندنی گۆڕستانی كاكه‌ییه‌كان ده‌ستگیرنه‌كراوه.. ئه‌م روداوانه به‌رانبه‌ر كاكه‌ییه‌كان له كاتی كۆرۆنادایه كه زۆربه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان سه‌رقاڵی رێكاره‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌ن".
شەوی 15ی ئاداری 2020یش، لەگوندی سوفەییەی دەشتی نەینەوا، یەكێك لە گەورەترین گۆڕستانەكانی كاكەییەکان لە عیراق شێوێنرا و كێلی 49 گۆڕ شكێنران.
وەلید ئاغاى کاکەیی، سەرۆكی هۆزەکانى کاکەیی لە هەولێر و نەینەوا وتی "ئێمە دڵنیاین ئەم کارە نامرۆڤانەیە کارى گروپى جەکدارانى داعش و گروپە توندڕەوەكانی ترە"، جەختیشكردەوە "نیگەرانین لە عیراق كاكەییەكان بەردەوام دەكرێنە قوربانیی و پارێزگاریمان لێناكرێت... باجی كوردبون و باجی مەزهەبی خۆمان دەدەین".
گوندی سوفەییە یەكێكە لەگەورەترین گوندە كاكەیینشینەكانی عیراق و دەكەوێتە نێوان هەردوو قەزای خەبات و ناحیەی گوێڕ؛ گوندەكە سەر بە نەینەوایە، بەڵام لەڕویی ئیدارییەوە سەر بە هەولێرە.
كاکەییەکان لە چەندین ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان و عیراق دەژین، جگه له نه‌ینه‌وا، بە زۆرى لە کەرکوک، هەڵەبجە، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مهزندهدهكرێت.
زیاد فەهد، کەسایەتى كاكەیی لەبارەی ئەو روداوانەوە، وتی "ئەوە بە پلانێكی نوێ بۆ سەر كاكەییەكان دادەنێین و داوا دەكەین هێزە ئەمنییەكان بەپەلە بەر بەو پلانە بگرن و تاوانباران بەسزا بگەیەنن تا تەشەنەنەکات".
چەند ساڵێكە كاكەییەكانی داقوق گرفتی ئەمنییان هەیە و ناوچەکانیان نائارامن.
سەرەتای ئاداری 2020، تەواوی دانیشتوانی گوندی مه‌تیق-ی كاكه‌یی داقوقیان بەجێهیشت، به‌هۆی مه‌ترسی ئەمنییەوە، بەوشێوەیەش ئەوە حه‌وته‌م گوندی ناوچەکەیە چۆڵدەکات.
نیگەرانین كه كاكەییەكان بەردەوام دەكرێنە قوربانیی و پارێزگاریمان لێناكرێت
ئومێد سه‌ید حسێن كاكه‌یی، فه‌رمانده‌ی پێشوی حه‌شدی شه‌عبی كاكه‌یی ده‌ڵێت له دوو مانگی رابردودا له كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و دیاله روداوی ئه‌منی له گونده‌كانی كاكه‌یی هه‌بون، به‌ڵام "خۆشبه‌ختانه مه‌ده‌نی زیانی بهرنهكهوتووە".
ئه‌و باسی گونده‌كانی كاكه‌یی له داقوق كرد، كه هێزی پۆلیسی فیدراڵی تێدایه و جاربه‌جار له‌گه‌ڵ گروپه چه‌كدارییه‌كان روبهڕودهبنهوه.
كاكه‌یی چه‌ندین مه‌زاری ئایینی‌یان له كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و هه‌ڵه‌بجه هه‌یه، به‌ڵام هێشتا ئایینه‌كه‌یان لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسراوه.
ئهبورهزا نه‌جار، جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبەشەكانی كه‌ركوك مانگی نیسان بە (کەرکوک ناو)ی وتی "شانه نوستووه‌كانی داعش كه‌وتونه‌ته‌وه جموجۆڵ به‌هۆی بۆشایی ئه‌منی و سیاسییه‌وه".
كاكه‌ییه‌كان هاوشێوەی كه‌مینه‌كانی تری وه‌ك توركمان، كریستیان، ئێزیدیی له ناوه‌ڕاستی 2014ەوە تا كۆتایی 2017 روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونهتەوه له‌لایه‌ن داعشەوە. هێشتا ژمارەیەک له خێزانه‌كانیان بە ناچاری له ئاواره‌ییدا ده‌ژین، بەرادەیەک لە کۆی زیاتر لە ٧٨٧ هەزار ئاوارەی ناوخۆ، لە سەدا دەیان لە پێکهاتەکانی وەک کاکەیی، تورکمان، شەبەک و ئەرمەنن.