گوندی مه‌تیق-ی كاكه‌یی له داقوق، ته‌واوی دانیشتوانه‌كه‌ی بڕیاریی به‌جێهیشتنی ماڵه‌كانیان داوه به‌هۆی مه‌ترسی هێرشی گروپه چه‌كدارییه‌كانه‌وه، ئه‌وه‌ش حه‌وته‌م گوندی سنوره‌كه‌یه به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕوات.
ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كاكه‌یین و ده‌كه‌ونه سنوری قەزای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك).
"به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منییه‌وه ته‌واوی گونده‌كه چۆڵكراوه، كه 26 خێزان بون، به‌شێكیان له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه نه‌گه‌ڕانه‌وه" به‌وته‌ی نازم حه‌مید بۆ (كه‌ركوك ناو).
ئه‌و هاوڵاتییه‌ی خه‌ڵكی گوندی مه‌تیق له باشوری داقوق وتی "ئه‌و هێزانه‌ی له ناوچه‌كه‌دایه كه‌مه و سنوره‌كه‌ش به‌رفراوانه بۆیه پێویستی به هێزی زیاتر هه‌یه"، نمونه‌ی ئه‌وه‌شی هێنایه‌وه له دوایین روداودا، به‌هۆی هێرشێكی چه‌كدارییه‌وه له‌لایه‌ن داعشه‌وه بۆ سه‌ر بازگه‌یه‌كی سوپای عیراقی، پێكدادان رویداوه و سه‌ربازێكیش كوژراوه.
هه‌روه‌ها وتیشی به پاساوی رێكاری ئه‌منی هێزه ئه‌منییه‌كان داره‌كانی نێو گونده‌كانیان بڕیوه‌ته‌وه.
(كه‌ركوك ناو)، ساڵی رابردوو له‌رێی كه‌مپینێكه‌وه و به ژماره‌یه‌ك ڤیدیۆ، بارودۆخی كاكه‌ییه‌كانی داقوقی بڵاوكرده‌وه كه به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕۆن، تا لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه بچن و خه‌ڵك ئاوارهنهبن.
هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی ئه‌و گونده كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌هۆی نه‌بونی سه‌قامگیرییه‌وه گونده‌كه‌م به‌جێهێشت و ته‌نیا دوو خێزان ماونه‌ته‌وه، ئه‌وانیش ماڵه‌كه‌یان كۆكردۆته‌وه و ده‌ڕۆن، چونكه ژیان واناكرێت نه‌توانی له ماڵه‌وه ده‌ربچی له ترسی هێرشی چه‌كداریی".
هاوڵاتیانی كاكه‌یی داقوق له هه‌فته‌كانی رابردودا به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منییه‌وه هۆشدارییان دا له جێهێشتنی گونده‌كانیان ئه‌گه‌ر گره‌نتی پاراستنی ژیانیان پێنه‌درێت.
زیاد فه‌هد، كه‌سایه‌تی كاكه‌یی له داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "مه‌ترسیی زۆر له‌سه‌ر 10 گوندی كاكه‌یی داقوق هه‌یه و به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعشه‌وه تائێستا حه‌وت گوند چۆڵكراون، ئه‌و سێ گوندهیشی ماوه‌ته‌وه ژماره‌یه‌كی كه‌م خه‌ڵكی تێدانیشته‌جێیه".
"كاكه‌یی بۆته قوربانی ده‌ستی تیرۆر و كه‌سیش به‌ده‌م داواكارییه‌كانمانه‌وه نایات"، زیاد كاكه‌یی ده‌ڵێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بڕیاره سه‌ردانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك بكه‌ن.
پێشتر و له سێ كاتی جیاوازدا، نوێنه‌رانی كاكه‌ییه‌كانی داقوق له‌گه‌ڵ وه‌فدی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی یونامی كۆبونه‌وه بۆ داواكاری چاودێری بارودۆخی ئه‌منی و ره‌وانه‌كردنی هێزی زیاتر، تا له هه‌ڕه‌شه بپارێزرێن و دوباره ئاواره نه‌بنه‌وه.
جگه له یونامی، له تهمموز و ئابی 2019یشدا، نوێنه‌رایه‌تی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق له نێویاندا سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، سه‌ردانی گونده كاكییهكانی داقوقیان كرد و به‌ڵێنیاندا چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام بارودۆخی قه‌زاكه وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.