هاوڵاتیانی گونده كاكه‌ییه‌كان و ناوچه‌ی هه‌فته‌غاری داقوق، دادوبێدادیانه به ده‌ست مه‌ترسی گروپه چه‌كداره‌كانه و به ناچاری زێدی خۆیان به‌جێده‌هێڵن، ئه‌گه‌ر سه‌قامگیرییان بۆ نه‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كه‌ی زیاتر كردووه، دوباره‌بونه‌وه‌ی روداوه ئه‌منییه‌كانه، به تایبه‌ت هێرشی چه‌كداریی بۆ سه‌ر خاڵی سه‌ربازی هێزه عیراقییه‌كان، كه زۆرینه‌یان له نێو گونده‌كان جێگیربون.
له كۆتایی كانونی دوه‌می 2020، هێرشكرایه سه‌ر كاروانێكی سوپای عیراقی له داقوق و به‌هۆیه‌وه، دوو سه‌رباز كوژران، ئه‌وه‌ش دوای نزیكه‌ی یه‌ك كاتژمێر له پێكدادانی چه‌كداری.
عه‌زیز محه‌مه‌د، كەسایەتی كاكەیی له داقوق ده‌ڵێت روداوی هاوشێوه زۆر دوباره ده‌بێته‌وه، به ته‌واوی نائارامی سنوره‌كه ده‌ركه‌وتووه.
"هێزە ئەمنییه‌كان له‌ناو گونده‌كانن، ئه‌وه‌ش بۆته مه‌ترسی بۆ خه‌ڵك، چونكه له‌كاتی روبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ گروپه چه‌كدارییه‌كاندا خه‌ڵك ده‌كه‌ونه به‌ر مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكێ" عه‌زیز بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
له مانگه‌كانی كۆتایی 2019دا، زۆرینه‌ی پۆلیسی فیدراڵی دوای دوو ساڵ له وه‌رگرتنی دۆسیه‌ی ئه‌منی له داقوق كشانه‌وه، له جێی ئه‌وان، سوپای عیراقی جێگیربون، به هاوبه‌شی حه‌شدی شه‌عبی.
به‌وته‌ی ئیدریس حاجی عادل، دانیشتوی ناوچه‌ی هه‌فته‌غاری داقوق كه هاوكات جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه، داعش له سنوره‌كه‌دا جموجۆڵی هه‌یه و بۆته جێی مه‌ترسی.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "مه‌ترسی هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه ئه‌وه‌یه ته‌نیا یه‌ك كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری قه‌زای داقوقه‌وه دوره، ئه‌وكاته‌یشی ده‌سه‌ڵاتی زۆر بوو داعش نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و نزیكییه" ئیدریس حاجی عه‌لی روداوی هێرشكردنه سه‌ر كاروانه‌كه‌ی سوپای وه‌ك نمونه هێنایه‌وه.
له 8ی كانونی دوه‌می ئه‌مساڵدا، كاروانێكی سوپای عیراقی له ناوچه‌ی هه‌فته‌غار به‌هۆی بۆمبی چێنراوه‌وه كرایه ئامانج و له ئه‌نجامدا عه‌قید روكن مازن عه‌بود جه‌واد، ئامرلیوای 45ی سوپا و چوار پاسه‌وانی برینداربون، دوای مانه‌وه بۆ زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك مازن عه‌بود له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ستدا.
ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه بمێنێته‌وه ئه‌وانه‌یشی ماونه‌ته‌وه ئاواره ده‌بن
"بارودۆخه‌كه رۆژ به‌ڕۆژ خراپتر ده‌بێت، روداوه‌كان په‌ره‌ده‌سێن و هێزی زیاتر له سنوره‌كه‌دا ده‌بنه قوربانی" سه‌لام به‌هرام، چاودێری سیاسی و دانیشتوی داقوق وای وت.
سه‌لام بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌وشێوه‌یه بمێنێته‌وه، كه خه‌ڵك له ترس و دڵه‌ڕاوكێدابن، ئه‌وا كه‌س بۆ سنوره‌كه ناگه‌ڕێته‌وه و "ئه‌وانه‌یشی ماون، به ناچاری گونده‌كانیان به‌جێده‌هێڵن".
(كه‌ركوك ناو)، ساڵی رابردوو له‌رێی كه‌مپینێكه‌وه و به ژماره‌یه‌ك ڤیدیۆ، بارودۆخی كاكه‌ییه‌كانی داقوقی بڵاوكرده‌وه كه به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕۆن، تا لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه بچن و خه‌ڵك ئاواره‌نه‌بن.
ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كاكه‌یین سەر بە قەزای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك).
به‌وته‌ی سەرچاوەیەكی ئەمنی له داقوق بۆ (كه‌ركوك ناو) "بارودۆخی ئه‌منی تادێت زیاتر به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌ڕوات و خه‌ریكه ناوچه‌كه له كۆنتڕۆڵدا نامێنێت".
سنوری داقوق به‌رفراوانه، ئه‌و هێزانه‌ی جێگیركراون ناتوانن ته‌واوی ناوچه‌كه كۆنتڕۆڵبكه‌ن، سه‌رچاوه‌كه وتیشی "دوای هه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی ئه‌منی و پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه، هێزه‌كان ناتوانن له ناوچه كێوماڵكراوه‌كاندا بمێننه‌وه، چونكه ناوچه‌یه‌كی فراوان و سه‌خته".
له تشرینی دوه‌می 2019دا، لەتیف مەجید (46 ساڵ) پێشمەرگە و هاوژینەكەی بەناوی ئەمەل ئەحمەد، لەناوچەی حەفتەغار لە قەزای داقوق و لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان بەدەستڕێژی گولـلە كوژران، كه به‌وته‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان كه‌وتونه‌ته بۆسەیەكی چەكدارانی داعشه‌وه.
"ژیانمان نه‌ماوه، كه‌س ناتوانێت به خواستی خۆی هاتوچۆ بكات، ناتوانێت زه‌وییه‌كه‌ی بكێڵێت و بچێته كێڵگه‌ی به‌خێوكردنی ماسی یان شه‌وان بچێته ده‌ره‌وه، له ترسی گروپی چه‌كدار، ئه‌مه كه‌ی ژیانه؟" محه‌مه‌د ئیبراهیم وای وت.
سه‌ید محه‌مه‌د، كه‌سایه‌تی ناوچه‌ی هه‌فته‌غاری داقوقه و ده‌ڵێت وای لێهاتووه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌خۆش و ناچاریش بون ئه‌وان نه‌توانن بچنه نه‌خۆشخانه، له هه‌ندێك ناوچه، سه‌دا 70ی كێڵگه‌كانی به‌خێوكردنی ماسی نه‌ماون و كشتوكاڵ پوكاوه‌ته‌وه، به‌هۆی داعشه‌وه.
پێشتر و له سێ كاتی جیاوازدا، نوێنه‌رانی كاكه‌ییه‌كانی داقوق له‌گه‌ڵ وه‌فدی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی یونامی كۆبونه‌وه بۆ داواكاری چاودێری بارودۆخی ئه‌منی و ره‌وانه‌كردنی هێزی زیاتر، تا له هه‌ڕه‌شه بپارێزرێن و دوباره ئاواره نه‌بنه‌وه.
جگه له یونامی، له ته‌مموز و ئابی 2019یشدا، نوێنه‌رایه‌تی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق له نێویاندا سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، سه‌ردانی گونده كاكییه‌كانی داقوقیان كرد و به‌ڵێنیاندا چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام بارودۆخی قه‌زاكه وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.