كەسوكاری ئەو پێشمەرگەیەی لەگەڵ هاوژینەكەی شەوی رابردوو لە داقوق بە بەدەستڕیژی گولـلە گیانیانلەدەستدا، روداوەكە بۆ بۆسەیەكی چەكدارانی داعش دەگەڕێننەوە، ئەوەش هەمان بۆچونی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكە.
كاتژمێر هەشتی شەوی رابردوو (27ی تشرینی دووەم)، هەریەكە لە لەتیف مەجید (46ساڵ) پێشمەرگە و هاوژینەكەی بەناوی ئەمەل ئەحمەد، لەناوچەی حەفتەغار لە قەزای داقوق و لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان بەدەستڕێژی گولـلە كوژران و لەدوای خۆیان پێنج منداڵیان بەجێهێشت.
عزەدین مەجید، برای لەتیف، بە (كەركوك ناو)ی وت "براكەم و هاوژینەكەی بۆ سەردانی پزیشك چووبون بۆ داقوق، لەڕێگا و لەناوچەی حەفتەغار كەوتبونە بۆسەی چەكدارانی داعشەوە و هەردوكیان هەرلەوێ گیانیانلەدەستدا بەرلەوەی بگەنەوە گوندی مەسنور".
عزەدین، جەختیكردەوە "روداوەكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە، لەتیف و خێزانەكەشمان هیچ كێشەیەكمان نییە، ئەمە سێیەمجارە لەم ناوچەیە چەكدارانی داعش چالاكیی دەكەن و مەدەنیی و هێزە ئەمنییەكان دەكەنە ئامانج".
روداوەكە كەمتر لە یەك كیلۆمەتر بوو لە بازگەیەكی سوپای عیراق، ئەوەش بۆ كەسوكاری لەتیف و هاوژینەكەی جێی نیگەرانی بوو.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی دووەم، تەرمی لەتیف و ئەمەل رادەستی كەسوكاریی كرانەوە و بەخاكسپێردران.
عزەدین برای لەتیف، لەكاتی بەخاكسپاردنی تەرمی براكەیدا، بە (كەركوك ناو)ی وت "روی دەمم لە هێزە ئەمنییەكانە و دیمانەوێت كۆنترۆڵی ئەم ناوچەیە بكەن، خوێنی براكەم و هاوژینەكەی وەكو خوێنی ئەوانی تر بەفیڕۆ نەچێت".
لەتیف و هاوژینەكەی لەدوای خۆیان پێنج منداڵیان جێهێشتووە.
سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، لەكاتی رادەستكردنی تەرمەكاندا، بە (كەركوك ناو)ی وت "روداوەكە بەهۆی بۆسەیەكی چەكدارانی داعشەوە بووە، داعش لەم ناوچەیە چالاكی هەیە و ئەم روداوەش یەكەمجار نییە، ئێمە لە ژمارەیەك ئۆپەراسیۆندا هەندێكمان لێ كوشتون، بەڵام ئۆپەراسیۆنی تر دەكەین لەم هەفتەیەدا و بەڵێنی بنبڕكردنیان دەدەین".
كەسوكاری لەتیف و هاوژینەكەی بە سەعد حەربییەیان وت كە چیتر بەرگەی ئەو روداوانە ناگرن و ناچارن كۆچ بكەن، بەڵام حەربییە وتی "وەك چۆن پێشتر خۆڕاگربون، ئێستاش خۆڕاگربن و كۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی ناوچەكە دەكەین و بازگە و هێزی زیاتر بڵاوەپێدەكەین".
محەمەد ئیبراهیم، ئەنجومەنی گوندی مەنسور و خزمی لەتیف، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆسەكە هی چەكدارانی داعش بووە، داوای هێزی زیاتر دەكەین لەم ناوچە كە بە چەمی رۆخانە ناسراوە".
راكان سەعید، پارێزگار و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی كەركوك، ئیدانەی روداوەكەی كرد و بە "شەهید" ناوی بردن ئەوەش لە بەیاننامەیەكدا.
راكان پێیوایە، هەموو پێكهاتەكانی داقوق، لە كورد، عەرەب و توركمان كراونەتە ئامانج، وتی "ئەو روداوانە بۆ ئەوەیە كێشە لە پێكەوەژیانی پێكهاتەكاندا دروستبكەن"، هەروەها داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد هەوڵی جدی بدەن لە دۆزینەوەی تاوانباران.