ده‌ستی وێرانكاری داعش، هه‌رزوو گه‌یشته چوار مه‌زارگه پیرۆز و مێژوییه‌كه‌ی كاكه‌یی له نه‌ینه‌وا، به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت جارێكی‌تر هه‌وڵی زیندوكردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه بدات.
هه‌رچه‌نده خه‌می بێباكی حكومه‌ت به‌رانبه‌ر شوێنه پیرۆزه‌كانیان قورس بوو، به‌ڵام هاوڵاتیانی كاكه‌یی ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بون، دوای داعش و به‌ده‌ستی هاوكاری نێوخۆیی پێكهاته‌كه، سێ له مه‌زارگه مێژویهكانیان نۆژه‌ن و بنیاتنایه‌وه.
"داعش ئه‌وكات جگه له روخاندنی خانوی خه‌ڵك، هه‌ر چوار مه‌زارگه‌ی سه‌ید بابا یادگار، باوه حه‌یده‌ر، شاهیاس و پیره قه‌مبه‌ری شاهۆی ته‌قانده‌وه" خه‌لیل ره‌شید وای وت.
ره‌شید كه نوسه‌ر و كه‌سایه‌تی گوندی وه‌رده‌كی كاكه‌یی نشینی نه‌ینه‌وایه، بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد، به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه زیاتر له 12 هه‌زار كاكه‌یی نه‌ینه‌وا ئاواره‌بون؛ له گونده‌كانی وەردەك، تولەبەن، گەزەكان و كولەبۆر.
"دوای نەمانی داعش، كاكەییەكان بەهاوكاری خێرخوازان و كەسانی كاكەیی، سێ لە مه‌زارگه خاپوركراوهكانیان نۆژه‌نكرده‌وه"، خه‌لیل ره‌شید ده‌ڵێت جگه له‌وه‌ی حكومه‌تدا له‌و هه‌نگاوه‌دا هاوكاری نه‌كردن، هیچ لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیداریش هێشت سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی نه‌كردووه تا له داواكاریی و كێشه‌كانیان بكۆڵێته‌وه.
كاكه‌یی، خاوه‌نی ئاینى تایبەت بە خۆیانن و چه‌ندین مه‌زارگه‌ی ئاینییان له پارێزگاكانی كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و هه‌ڵه‌بجه هه‌یه، به‌ڵام هێشتا ئاینه‌كه‌یان لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوه، له زۆربه‌ی ناوچه‌كان شوێنه پیرۆزه‌كانیان روبه‌ڕوی هێرشی داعش بۆوه و ته‌قێنرایه‌وه، به تایبه‌ت له نه‌ینه‌وا.
فه‌قێ سه‌عدوڵا، دانیشتوی گوندی تولەبەنی كاكەیی له نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت " لەئێستادا بەهاوكاری رێكخراویكی فەره‌نسی سەرقاڵی نۆژهنكردنەوهی مەزاری سه‌ید بابا یادگار-ین.. ئەم مەزارە زۆر پیرۆزە و مێژوهكەی دەگهڕێتهوه 730 ساڵ بەر لەئێستا".
ئه‌و هاوڵاتیه، جگه له خاپوركردنی خانوه‌كه‌ی، موزەخانەیەكی كەلەپورییشی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له گونده‌كه‌ی وێرانكراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هیچ قهرهبویهكیان بكاته‌وه.
كاكه‌ییه‌كان هاوشانی كه‌مینه‌كانی تری وه‌ك توركمان، كریستیان، ئێزیدیی روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونه‌وه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له ناوه‌ڕاستی 2014 بۆ كۆتایی 2017، هه‌ندێك له خێزانه‌كان هێشتا له ئاواره‌ییدا ده‌ژین.
له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، كاكه‌ییه‌كان ده‌كه‌ونه قه‌ره‌قوش-ی سه‌نته‌ری قه‌زای حه‌مدانیه له باشوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ و گونده‌كانی زه‌نگڵ، مه‌جیدیه، توله‌به‌ند، وه‌رده‌ك، گه‌زه‌كان و كه‌به‌رلی.
ئیبراهیم حه‌سه‌ن، له گوندی وه‌رده‌كی كاكه‌یی داده‌نیشێت و هه‌رچه‌نده ناوی خۆی له نوسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران تۆماركردووه، دوای گه‌ڕانه‌وه له ئاواره‌یی، به‌ڵام هیچ هاوكارییه‌ك نه‌كراوه و به‌هۆی وێرانكارییهكانیشهوه وه‌ك ئه‌و بۆ (كه‌ركوك ناو) باسیكرد، هێشتا ژماره‌یه‌ك زۆر خێزانی كاكه‌یی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
بۆمبه چێنراوه‌كانی سه‌رده‌می داعش، وێرانكاریی شه‌ڕ، نه‌بونی حزمه‌تگوزاریی و داخستنی رێگاكانی هاتوچۆ له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی گونده كاكه‌ییه‌كانی نه‌ینه‌وایه.
"ئێمه به‌رده‌وام كه‌وتوینه‌ته به‌رده‌م مه‌ترسی و هه‌ره‌شه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر دوو هۆكار؛ یه‌كه‌میان كوردین و دوه‌میان كاكه‌یی" ئیبراهیم ده‌ڵێت "ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌ركه‌وت كاكەیی بێ كه‌سه و پشتی نیه، كه‌سیش گوێی لێناگرێت و هاوكاری ناكات".
كاکەییەکان لەچەندین ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان و عیراق بڵاوبونەتەوە، جگه له نه‌ینه‌وا، بە زۆرى لە پارێزگاى کەرکوک، قه‌زای هەڵەبجە له پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها له هه‌ولێر و قه‌زای خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله هه‌ن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مهزندهدهكرێت.
له قه‌زای داقوقی كه‌ركوك و دیاله‌ش، كاكه‌ییه‌كان به‌شێكی گه‌وره‌ی قوربانییه‌كانیان پێكهێنا و به ئێستاشه‌وه، ناوچه‌كانیان سه‌قامگیری ته‌واوه‌تی بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
باوە كه‌مال، كاكه‌یی دانیشتوی سنوری نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت چه‌ندین جار داوای هاوكارییان له حكومه‌ت كردووه، به‌ڵام به‌ده‌میانه‌وه نه‌چون و پشتگوێخراون، ته‌نانه‌ت له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مه‌زار و شوێنه ئاینییهكانیشیاندا.
كاكه‌ییه‌كان له عیراق، له روی سیاسی و حوكمڕانیشهوه گله‌ییان هه‌یه و په‌راوێزخراون، به‌وپێیه‌ی تاكه پێكهاته‌ن له وڵات‌دا كورسی كۆتایان نییه و به‌وهۆیه‌شه‌وه، له خوله‌كانی رابردوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا هیچ نوێنه‌رێكیان نه‌بووه و له چوارچێوه‌ی لیسته گهورهكانیشدا كاندیده‌كانیان ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه تا ببنه په‌رله‌مانتار.