عیراق لە راگوزەردا

چاڵی "عەللۆ عەنتەر"... يان "بيری كۆترەكان"
تەرمی قوربانیانی تورکمان و ئێزیدییەکان لەچاوەڕوانی دۆزینەوەدایە

  • 2020-03-15
چاڵی "عەللۆ عەنتەر"... يان "بيری كۆترەكان"<br>تەرمی قوربانیانی تورکمان و ئێزیدییەکان لەچاوەڕوانی دۆزینەوەدایە
نەینەوا/ 2017/ کچێکی ئاوارە لەیەکێک لەکامپەکاندا فۆتۆ: Oxfam
جەعفەر تەلەعفەری - نەینەوا

"سێ ساڵە داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی عیراق دەکەین ئەو تەرمانە دەربهێننەوە کە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) خستویەتیە نێو چاڵی عەللۆ عەنتەرەوە"، حسێن رەزا بەچاوی  فرمێسکەوە بەمشێوەیە نیگەرانی خۆی دەربڕی، سەبارەت بەدەرنەهێنانەوەی تەرمی سێ لە کەسوکارەکانی. ئەو نیگەرانییە هاوكاتە لەگەڵ نزیکبونەوەی سێیەم ساڵڕۆژی كۆنترۆڵكرددنەوەی تەلەعفەر.

هەرچەندە سێ ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای تەلەعفەردا لەدەستی داعش تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا کەسوکاری قوربانیان لە چاوەڕوانی لایەنە پەیوەندیدرەکاندان بۆ ئەوەی تەرمەکانی نێو ئەو چاڵە دەربهێننەوە و ناسنامەیان دیاری بکەن.

حسێن رەزا داوا دەکات چاڵەکە هەڵبدرێتەوە و تەرمی قوربانییەکان رادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە، ئەوە دوای ئەنجامدانی پشکنینی (DNA)، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی شایستە بەخاکیانبسپێرن و سەردانی گۆڕەکانیان بکەن. تا ئێستا ئەم قوربانیانە تەنانەت "بەڵگەی وەفاتیشیان نییە".

پشکنینی (DNA) بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی ناسنامەی تەرمە نەناسراوەکان دەستنیشان بکرێت لەڕێی وەرگرتنی سامپڵێک لەتەرمەکە و بەراوردکردنی لەگەڵ سامپڵێک لەکوسوکاری بێسەروشوێنەکان.

 عنتر

نەینەوا/ ئازاری 2020/ روفاتی بەشێک لەقوربانیانەکان لەچاڵەکەدا دەرکەوتوون   فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لەناوەڕاستی ساڵی 2014 دەستی گرت بەسەر پانتاییەکی فراوان لەپارێزگای نەینەوا، بە قەزای تەلەعفەریشەوە (70 کیلۆمەتر لە خۆرئاوای شاری موسڵ)، چەکدارانی رێکخراوەکە چاڵی "عەللۆ عەنتەر"یان بەکارهێنا بۆ شاردنەوەی تەرمی ئەوانەی  بەنەیاری خۆیانیان دەزانی.

 

کەسوکاری قوربانیان بەڵگەی زیندووی سەر تاوانەکەن

حسێن دەڵێت "دوای ئەوەی داعش ناوچەکەی کۆنترۆڵکرد، تەرمی قوربانییەکانی دەهێنا بۆ عەللۆ عەنتەر، تەرمەکانیشی دەستبەجێ بەخۆڵی چواردەوری چاڵەکە دادەپۆشی"، ئاماژەشی بەوەدا کە "هەر کەسێک دژی ئایدیۆلۆژیای رێکخراوەکە بوەستایەتەوە فڕێ دەدرایە ناو ئەو چاڵەوە، بۆ نمونە، ئەو ئیزیدیی و تورکمانە شیعانەی رێکخراوەکە کوشتنی و تەرمەکانیانی فڕێدایە چاڵەکە لە یەکەم رۆژدا".

"داعش دەست و چاوی قوربانییەکانی دەبەستەوە و بەزیندویی فڕێی دەدانە چاڵەکە و خۆڵی بەسەردا دەکردن"، بەمشێوەیە حسێن باسی ئەو شێوازی کوشتنەوەی کرد کە داعش بەکاریدەهێنا.

داعش دەست و چاوی قوربانییەکانی دەبەستەوە و بەزیندویی فڕێی دەدانە چاڵەکە و خۆڵی بەسەردا دەکردن

عەلی ئەحمەد، هاوڵاتییەكی تری تەلەعفەر، چیرۆكی باوك و مامێكی دەگێڕێتەوە، كە دوای كوشتنیان هێشتا تەرمەكانیان دیار نییە و بەپێی تەی خزمەكانی كوژراو ن تەرمەكانیان فڕێدراونەتە ناو ئەو چاڵەوە.

ئەو وتی "کاتێك باوکم و مام لەدوای هاتنی داعش تەلەعفەریان بەجێهێشت و بەرەو شنگال کەوتنەڕی كە ناوچەكە لەژێر دەستی چەکدارانی داعش بوو، دوای چەند رۆژێک هەواڵمان پێگەیشت کە رێکخراوی داعش هەردوکیانی کوشتون و تەرمەکانیانی فڕێ داونەتە ناو ئەو چاڵەوە، ئێمە لە پەیوەندیدابوین لەگەڵ چەند هاوڕێ و ناسراوێکمان کە لە تەلەعفەر مابونەوە، باسی ئەو تاوانانەیان بۆ دەکردین کە رێکخراوەکە ئەنجامی دەدا، لەنێویاندا تاوانەکانی چاڵی عەللۆ عەنتەر".

عەلی ئەحمەد كاتێك ئەم قسانەی دەكرد، بە پەنجەکانی ئاماژەی بۆ چاڵی (عەللۆ عەنتەر) دەکرد، وتیشی "پێشبینیدەکەین تەرمی باوکم و مامم لەم چاڵەدا بێت، وەک ئاشکرایە لە دیمەنی تەرمەکان، بەشێکیان بەدەستڕێژی گولـلە کوژراون و بەشێکیان سەریان لەلاشەیان جیاکراونەتەوە."

هاوکات فاتمە سەعەد، کە هاوسەری یەکێک لەقوربانیانی دەستی رێکخراوەکەیە، چیرۆکی بێسەروشوێنبونی مێردەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "کاتێ نانی ئێوارەمان دەخوارد، پێنج چەکداری ریشن و رەشپۆش هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان و هاوسەرەکەمیان دەستبەسەرکرد.... لەوە بەدواوە هیچ هەواڵێکیمان پێنەگەیشت، تا دواتر بیستمان کە رێکخراوەکە لەسێدارەی داون و تەرمەکەیان خستۆتە ناو ئەو چاڵەوە".

هێزە عیراقییەکان لە مانگی ئابی 2017 قەزای تەلەعفەریان کۆنترۆڵکردەوە. ژمارەی دانیشتوانی تەلەعفەر کە زۆرینەیان لەپێکهاتەی تورکمانن بە 220 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

 

تەرمی هەزار هاوڵاتی تورکمان و ئیزیدی... بەڵگەکان حاشا هەڵنەگرن

دوای تێپەڕبونی سێ ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەر، دکتۆر عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەعیراق پێیوایە "گۆڕستانی (عەللۆ عەنتەر) چەندین بەڵگەی لەخۆدا کۆکردوەتەوە، گۆڕستانەکە بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر قەبارەی ئەو تاوانانەی گروپە تیرۆریستییەکان، چ قاعیدە یان داعش ئەنجامیان داوە، هەروەها بەڵگەیەکە لەسەر بەئامانجکردنی پێکهاتەی تورکمان هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر کە رێکخروای داعش کردونێتیە ئامانج، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر".

بەیاتی بە(کەرکوک ناو)ی وت "بەڵگەکان ئامادەن بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە حکومی و نێودەوڵەتییەکانیشەوە، ئەرکەکانی خۆیان بەجێبهێنن لەڕوی لێکۆڵینەوە و بەدۆکیومێنتکردنی ئەم تاوانانە، دواتر لێپرسینەوە و دادگاییکردنی تاوانباران و کەسانی کەمتەرخەم، بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ وەرگرتنی مافی قوربانیان، لەڕێی دەرهێنانەوەی تەرمەکان و ناسینەوەیان و قەرەبوکردنەوەی کەسوکاریان، هەروەها رەخساندنی دەرفەت بۆ کەسوکاری قوربانیان تا بەشێوەیەکی شایستە بەخاکیان بسپێرنەوە".

وتیشی "وەک کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، کارمان لەسەر چەند لایەنێکی ئەو دۆسیەیە کردووە و داوامانکردووە گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێشینەی کارەکانی لێکۆڵینەوە بێت، چەند جارێکیش گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو لیژنە نێودەوڵەتییە کردووە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پێكهێنراوە و تایبەتن بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش".

داوامانکردووە گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێشینەی کارەکانی لێکۆڵینەوە بێت

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، بۆ خێراكردنی یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی ئەو قوربانیانە، لە مانگی شوباتی 2020 گفتوگۆیان لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنان کردووە كاتێك وەفدێكیان سەردانی تەلەعفەری كرد.

 بەیاتی وتی "هەوڵدەدەین لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەین و ئەنجامدەرانی دادگایی بکەین و قەرەبوی کەسوکاری قوربانییەکان بکەینەوە".

ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عیراق ئەو هەوڵانەشی ئاشکراکرد بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە دەدرێت، کە مەزەندە دەکرێت تەرمی نزیکەی هەزار هاوڵاتی تورکمان و ئیزیدی لەخۆبگرێت.

"هەرچەندە ژمارەی راستەقینە دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکە دەردەکەوێت، بەڵام چەند هۆکارێکی نادیار هەیە کە رێگرن لەبەردەم هەڵدانەوەیان"، بەیاتی وایوت.

نزیکەی هەزار و 300 هاوڵاتی تورکمان لەهەردوو رەگەز بێسەروشوێن بون لەو ماوەیەی داعش دەستی بەسەر نەینەوا دا گرتبوو، زۆربەیان لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2014 لە تەلەعفەر و شنگال بون، لەگەڵ ژمارەیەکی تر کە لەساڵانی نێوان 2014 بۆ 2017 بێسەروشوێن بون.

 

حکومەتی ناوخۆیی: کارەکە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئێمەدا نییە

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە تەلەعفەر بە(کەرکوک ناو)ی وت "بەرپرسیارێتی دەزگا ئەمنییەکان سنوردارە بە پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و بۆمبی چێنراو و پاشماوەکانی تری جەنگ، ئەو بەرپرسیارێتییەشی جێبەجێکردووە، هەڵگرتنەوەی تەرمەکان لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونکە ئەم کارە پێویستی بە لیژنەی تایبەتمەندە کە لەژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتی کارەکانیان بکەن". سەرچاوەکە ئاماژەشیدا بە بونی "خاڵێکی سەربازیی هاوبەش لەنزیک گۆڕەکە بۆ پاراستنی لە دەستکاریکردن تا ئەو کاتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنەکانی خۆیان دەگرنەبەر".

خاڵێکی سەربازیی هاوبەش لەنزیک گۆڕەکە هەیە ئەوەش بۆ پاراستنی لە دەستکاریکردن

قاسم محەمەد شەریف، قایمقامی تەلەعفەر، لەو بارەیەوە دەڵێت "گۆڕەکە کەوتۆتە ناوچەیەک لە دەوروبەری تەلەعفەر، ئەم گۆڕە تەرمی ژمارەیەکی زۆر مەدەنی لەخۆگرتووە کە رێکخراوی داعش کوشتوونی". وتیشی "هەڵدانەوەی گۆڕەکە پێویستی بە لیژنەی مەرکەزی تایبەتە، کە لەدەرەوەی دەسەڵاتەکانی ئیدارەی ناوخۆییە".

ساڵێک لەمەوبەر، یەکێک لە رێکخراوەکان ئامادەیی دەربڕی بۆ کارکردن لەو شوینە، بەڵام بەشێوەی پراکتیکی دەستبەکار نەبوو. وەك قایمقامی تەلەعفەر وتی.

talaafar-1

نەینەوا/ 2017/ یەکێک لەو خانوانەی کە بەهۆی شەڕی داعش لەتەلەعفەر داڕوخاوە   فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

ئەو رونیکردەو "هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بەژماری راستەقینەی قوربانییەکان لەو شوێنە بەردەست نییە".

 

تەرمی ژن و منداڵ... ئاسەواری خوێن و قەوانی فیشەک

چاڵی "عەللۆ عەنتەر"، دەکەوێتە ناوچەیەک لە چواردەوری تەلەعفەر لەسەر رێگەی ناحیەی گڕ عوزێر، بەدوری نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە باکوری سەنتەری قەزای تەلەعفەرەوە.

هەروەها چاڵەكە نزیکەی 600 مەتر لەرێگە سەرەکییەکەوە دورە، لە ناوچەیەکی چۆڵ وروتەڵە لە قووڵایی بیاباندا، نزیک گوندی بەگی قوت، کە دانیشتوانەکەی تورکمانی شیعەن.

ئیبتیسام حەیۆ، کە چالاکوانێکی تورکمانە بە (كەركوك ناو)ی وت "چاڵەکە  لەبنەڕەتدا بە بیری کۆترەکان (بئر الحمائم) ناسراوە، بەو پێیەی زۆرجار پۆلی کۆتری بەسەرەوە بینراوە، بەڵام تورکمانەکان پێی دەڵێن (عەللۆ عەنتەر). چاڵەکە بەسروشتی دروستبووە و دەستی مرۆڤی تیادا نییە، بە وتەی بەشێک لەدانیشتوانی تەلەعفەر سەدان ساڵ لەمەوبەر نەیزەکێکی گەورە لەو ناوچەیە کەوتووە و بۆتەهۆی دروستبوونی ئەو چاڵە گەورەیە".

وتیشی "تیرەی چاڵەکە نزیکەی 50 مەتر دەبێت و قوڵییەکەی 100 مەترە، بەڵام بەهۆی فڕێدانی تەرم و داپۆشینیان بەگڵ قوڵییەکەی کەمتر بووەتەوە... ئاشکرایە کە داعش ئەو چاڵەی بەکارهێناوە وەک گۆڕەپانی لەسێدارەدان و فڕێدانی تەرمی قوربانییەکان".

تیرەی چاڵەکە نزیکەی 50 مەتر دەبێت و قوڵییەکەی 100 مەترە، بەڵام بەهۆی فڕێدانی تەرم و داپۆشینیان بەگڵ قوڵییەکەی کەمتر بووەتەوە.

ئیبتیسام حەیۆ، کە سەرۆکی رێکخراوی دیالۆگی کلورەکانە بۆ بەهاناوەچون و گەشەپێدان وتی "لەنێو ئەو دەیان تەرمەی شی بونەتەوە و لەچاڵەکە دەرکەوتون تەرمی ژن و منداڵ دەبینرێت، بەشێک لەتەرمەکان بەجل و بەرگەکانیان دیارە کە ئێزیدین، هاوکات ئاسەواری خوێن و قەوانی بەتاڵی فیشەکەکان بەڵگەن لەسەر تاوانەکان".

ئاشکراشی کرد کە "بەپێی زانیارییەکانمان تەرمەکان زۆرینەیان تورکمان و ئێزیدین، لەنێویاندا تەرمی ئەندامی پێشوی پارلەمان و چالاکوانی مەدەنی  ئیمان محەمەد یونس سەلمان، کە لەلایەن رێکخراوی داعشەوە کوژرا و تەرمەکەی خرایە ئەو چاڵەوە".

 رێکخراوی داعش هەزاران هاوڵاتی عیراقی کوشت و تەرمەکانی لەگۆڕی بەکۆمەڵدا شاردەوە، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵکوژییەی دژ بە پێکهاتەی تورکمان و ئێزیدییەکان کرا دوای کۆنترۆڵکردنی نەینەوا لە 2014دا.

دوای تێپەڕبونی سێ ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای تەلەعفەر، هێشتا حسین رەزا چاوەڕێ دەکات تەرمی کەسوکارەکەی دەربهێنرێت و بتوانێت بە شکۆوە بەخاکیان بسپێرێتەوە.

هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT