سه‌ندیكای نیشتمانی بۆ رۆژنامه‌نوسان له عیراق، ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی كاروان ساڵحی، په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) و تیمێكی كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی ده‌كات له كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش له كاتی روماڵی ئاڵۆزییه‌كانی گوندی په‌ڵكانه له ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان.
كاتژمێر 2:45 خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 14ی ئایار، كاروان ساڵحی له‌كاتی روماڵكردنی روداوه‌كه‌ی گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له قه‌زای دوبز ده‌ستبه‌سه‌ركرا، پاش لێكۆڵینه‌وه كاتژمێر 8:30 خوله‌كی ئه‌مشه‌و به كه‌فاله‌ت ئازادكرا.
سه‌ندیكای نیشتمانی بۆ رۆژنامه‌نوسان له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له سایتی فه‌رمی خۆیان بڵاویانكردۆته‌وه، له‌گه‌ڵ ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك، به‌رپرسیارێتی و پاراستنی گیانی رۆژنامه‌نوسان ده‌خاته ئه‌ستۆی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌و پارێزگایه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تری ئه‌منی.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا له زاری ئیداره‌ی وێبسایتی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه ئاماژه به‌وه‌كراوه، هێزێكی فیرقه‌ی 14ی سوپا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 14ی ئایار هه‌ریه‌ك له كاروان ستار (كاروان ساڵحی)، په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) و ئاسۆ ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری ئێن ئاڕتی و كامێرامانه‌كه‌ی له گوندی په‌ڵكانه‌ی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له قه‌زای دوبز ده‌ستگیركراون.
كاروان ساڵحی، یه‌كێكه له رۆژنامه‌نوسه پیشەییەكانی كه‌ركوك و له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی (كه‌ركوك ناو)وه وه‌ك په‌یامنێری كه‌ركوك كارده‌كات.
(كه‌ركوك ناو)، مۆڵه‌تی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عیراق و هه‌رێمی كوردستانی هه‌یه و له ئیداره‌ی كه‌ركوكیش ماڵپه‌ڕێكی تۆماركراوه.
ده‌ستگیركردنی ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه له‌كاتی روماڵی كێشه‌ی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتیدا بوو له‌و گونده به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی سنوره‌كه و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 14ی ئایار، ئاڵۆزی له نێوان هاوڵاتیانی كورد و عه‌ره‌ب له گوندی په‌ڵكانه‌ی كه‌ركوك رویدا و به‌پێی سێ سه‌رچاوه‌ی نێو گونده‌كه، هێزێكی سوپای عیراق به هه‌مه‌ر و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییه‌وه دهستتێورهدانیان كردووه به‌ئامانجی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و له شوێنی روداوه‌كه ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه ده‌ستگیركران.