ته‌نیا به‌ عه‌ره‌بی و توركی نوسراوه‌

تابلۆی قه‌یسه‌ریی كه‌ركوك زمانی كوردی له‌سه‌ر نییه‌

له‌سه‌ر حه‌وت ده‌رگاكه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تابلۆكان ته‌نیا به‌ زمانی عه‌ره‌بی و توركانی نوسراون

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

تابلۆی قه‌یسه‌ریی كه‌ركوك، ته‌نیا به‌ عه‌ره‌بی و توركی نوسراون، به‌بێ زمانی كوردی، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی ژماره‌یه‌ك له‌ دوكاندارانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی هه‌رسێ پێكهاته‌ی شاره‌كه‌ له‌و بازاڕه‌دا كارده‌كه‌ن.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك له‌ كۆتاییدایه‌ و وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ كردنه‌وه‌ی، له‌ هه‌ر حه‌وت ده‌رگاكه‌یدا تابلۆی نوێ دانراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هیچ یه‌كێكیاندا زمانی كوردی نییه‌.

حاجی خەڵات، دوكانی زه‌ڕه‌نگه‌ری هه‌یه‌ له‌ بازاڕی قه‌یسه‌ری، ده‌ڵێت تابلۆی سه‌ر ده‌رگاكانی بازاڕه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای جێبه‌جێكاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌وه‌ هه‌ڵواسراون، ئه‌وه‌ی ئه‌وان بینیویانه‌، هیچیان زمانی كوردی له‌سه‌ر نییه‌، ته‌نیا به‌ عه‌ره‌بی و توركی نوسراون.

له‌ شاری كه‌ركوك؛ كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌پێی ده‌ستوری عیراق، هه‌ریه‌ك له‌ عه‌ره‌ب، كورد، توركمان و كریستیان ده‌ژین.

"ئێمه‌ داوامانكرد تابلۆكان به‌ چوار زمانی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ بنوسرێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تردا سه‌ردانی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانمان كرد" به‌وته‌ی حاجی خه‌ڵات بۆ (كه‌ركوك ناو).

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد له‌به‌رانبه‌ردا داواكاری دوكاندارانی كوردی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك، سه‌عد حه‌ربیه‌، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان كه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه‌یان له‌ده‌ستدایه‌، به‌ڵێنی داوه‌ زیادكردنی زمانی كوردی بۆ تابلۆی بازاڕه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی كه‌ركوك و كۆمپانیای جێبه‌جێكاردا قسه‌ بكات.

qaisari-1
به‌شێك له‌ دوكانداران داواده‌كه‌ن زمانی كوردیش له‌سه‌ر تابلۆی بازاڕی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك هه‌بێت

(كه‌ركوك ناو) هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ كۆمپانیای جێبه‌جێكاری پرۆژه‌كه‌ و فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كه‌ركوكه‌وه‌ بكات كه‌ بازاڕه‌كه‌ له‌ لێپرسراوێتی ئه‌واندایه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بون.

به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق، زمانی كوردی و عه‌ره‌بی؛ دوو زمانی فه‌رمی وڵاتن، هه‌ردوو زمانی توركمانی و سریانیش دوو زمانی فه‌رمی ترن له‌و یه‌كه‌ ئیدارییانه‌ی تێیدا زۆرینه‌ی دانیشتوان پێكده‌هێنن.

حەقی ئیسماعیل، نوێنەری زەڕەنگەرانی بازاڕی قەیسەری بە (كەركوك ناو)ی وت "بینیمان تابلۆكانی قه‌یسه‌رییه‌كه‌ تەنیا به‌ عه‌ره‌بی و توركی نوسراون،.. بۆه‌ ئاگاداری كۆمپانیاكەمان كردەوە و لە ئێستادا بەنایلۆن تابلۆكان داپۆشراون، چاوەڕێ ده‌كه‌ین تا یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو هه‌ر چوار زمانه‌كه‌ له‌سه‌ر تابلۆكان هه‌بن".

قه‌یسه‌ری كه‌ركوك، له‌ سوتانی، ته‌نیا به‌ زمانی عه‌ره‌بی تابلۆی سه‌ر ده‌رگاكانی نوسرابوو.

قه‌یسه‌ریی که‌رکوک له‌ ناوه‌ندی شار، شه‌وی 26ی تشرینی دووه‌می 2018 گڕیگرت و لانیکه‌م 220 دوکان به‌ ته‌واوی سوتان، هه‌ر ئه‌وکات "له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سپێشخه‌رییه‌کی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان"، رێکخراوی تیکای تورکی ئه‌رکی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ.

bazarr
كه‌ركوك، 2017، بازاڕی قه‌یسه‌ری به‌ر له‌سوتانی ته‌نیا به‌ زمانی عه‌ره‌بی تابلۆكانی نوسرابون فۆتۆ: بنار سه‌ردار

دیلان غه‌فور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، چوارشه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌كه‌م سه‌ردانی بازاڕی قه‌یسه‌ری كردووه‌ كه‌ هێشتا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، دوای سه‌ردانه‌كه‌ له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی "پێداگرییمان کرد کە دەبێت تابلۆی قەیسەرییەکە بە زمانی کوردیش لەسەری بنوسرێت کە لەلایەن ڕێکخراوێکی تورکییەوە نۆژەن کراوەتەوەو بە چەند زمانێک لەسەر تابلۆکە نووسرابوو جگە لە کوردی".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ له‌ هه‌وڵدان تا قه‌ره‌بوی زیانه‌كانی دوكاندارانی بازاڕه‌كه‌ بكرێته‌وه‌.

بەپێی خەمڵاندنی ئیداره‌ی كه‌ركوك، سوتانی قەیسەریی كەركوك زیانی سێ ملیار دیناری هەبوو، هیچ دوكاندارێكیش قەرەبوو نەكرایەوە.

مێژوی قه‌یسه‌ریی که‌رکوک بۆ 160 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه‌ له‌سه‌ر روبه‌روی دوو هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌  بنیاتنراوه‌، ساڵی 1983 بۆیه‌که‌مجار نۆژه‌‌نکراوه‌ته‌وه‌. قه‌یسه‌رییه‌که‌ له‌ 232 دوکان پێکدێت و  حه‌وت ده‌رگای هه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT