گروپێك وەكو رەوتێكی سیاسیی و بەناوی "هاوڕێبازان"ی نەجمەدین كەریمەوە بڕیاریانداوە كۆنگرەی رۆژنامەوانی سازبكەن و نیەتی خۆیان نیشاندەدەن بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق.
ئەو گروپە ئەمشەو 4ی كانونی یەكەم لە راگەیەنراوێكیدا داوایان لە رۆژنامەنوسان كرد لە شوقەكانی كەسنەزان لە هەولێر ئامادەبن بۆ رۆماڵكردنی ئایندەی "رەوتەكەیان" و پرسی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق لەسەر ئاستی بازنەی كەركوك. خۆشیان وەكو "هاوڕێباز"ی نەجمەدین كەریم نیشانداوە.
نەشوان جەلال، كە تا مردنی نەجمەدین كەریم، سكرتێری رۆژنامەوانی ناوبراو بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو رەوتە دور و نزیك پەیوەندییان بە دكتۆر نەجمەدین كەریمەوە نییە".
ئەو رەوتە دور و نزیك پەیوەندییان بە دكتۆر نەجمەدین كەریمەوە نییە
لەبارەی ئەو كەسانەوە، نەشوان وتی "كەسێك بەناوی كاروخ سەید رزگار كە تا ساڵی 2014 پاسەوانی دكتۆر نەجمەدین كەریم بوو و لە هێزەكانی سكرتاریەتەوە هاتبوو، دواتر بۆ بەرگریی و فریاكەوتن گوازرایەوە، تا لە 16ی ئۆكتۆبەر بەهۆی ئەوەی دەوامی نەدەكرد لەوێ فەسڵكرا، ئێستا دەیەوێت بەناوی رەوتێك و هاوڕێبازانی دكتۆرەوە قسە بكات".
وتیشی "ئەو رەوتە دور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە دكتۆر نەجمەدین كەریمەوە نییە".
نهجمهدین كهریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، لە كۆتایی تشرینی یەكەمی رابردوو، له نهخۆشخانەیەكی ئەمریكا كۆچی دواییكرد و دواتر تەرمەكەی گەڕێنرایەوە كوردستان و لە هەولێر بەخاكسپێردرا.
كۆتایی ساڵی رابردوو، نوسینگەی رۆژنامەوانی نەجمەدین كەریم رایگەیاند، كە بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەكەن لە پارێزگای كەركوك، ئەوەش بەرلەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت كە بڕیاربوو لە نسیانی 2020 بەڕێوەبچێت.