حەشدی كاكەیی دەیانەوێت جارێكی تر لە كەركوك دەستبەكارببنەوە و بەشێوەی رەسمی لەلایەن دەستەی حەشدی شەعبییەوە بناسێنرێن، ئەوەش دوای دوو ساڵ دێت لە كشانەوە و راگرتنی ئەركەكانیان.
لە كانونی یەكەمی 2018، فەوجێكی حەشدی كاكەیی لە گوندە كاكەییەكانی سنوری داقوق كشایەوە و ئەركەكانیان راگرت، ئەوەش بەهۆی پێنەدانی موچەكانیان و قبوڵنەكردنیان بەشێوەی رەسمی لەلایەن دەستەی حەشدی شەعبییەوە. بەڵام لە ئێستادا جارێكی تر داوای دەستبەكاربونەوە دەكەن.
ئومێد حسێن، فهرماندهی فهوجی حهشدی شهعبی كاكهیی بە (كەركوك ناو)ی وت "كەسایەتییەكانی كاكەیی و گوندنشینان داوای دەستبەكاربونەوە و گەڕانەوەمان لێدەكەن بۆ گوندە كاكەییەكان، ئێمە ھەیکەلی فەوجەکەمان ماوە و ئامادەیە، بڕیاری دروستكردنەكەشی هەیە، بەڵام كاتی خۆی موچە و پێداویستییان پێنەداین، بۆیە كشاینەوە و ئەركەكانمان راگرت".
ئەو فەوجە لە 320 كەس پێكهاتبوو، دواتر بە بڕیاری وەزارەتی بەرگری عیراق و دەستەی حەشدی شەعبی بۆ 150 كەس كەمكرایەوە، بەبێ ئەوەی بەڕەسمی قبوڵبكرێن.
عەزیز محەمەد، کەسایەتی گوندی تۆپزاوای كاكەیینشین، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە داواکارین فەوجە کاکەییەکە بگەڕێتەوە سنورەکە، چونکە خەڵکی ناوچەکەن و شارەزایی زیاتریان هەیە... پێویستە حکومەت داوکارییەکانیان جێبەجێبکات، ھاوشێوی ئەو فەوجەی بۆ حەشدی كورد پێكهێنرا لە سنوری دوبز".
داواکارین فەوجە کاکەییەکە بگەڕێتەوە سنورەکە، چونکە خەڵکی ناوچەکەن و شارەزایی زیاتریان هەیە
شەممە 12ی كانونی یەكەم، دهستهی حهشدی شهعبی، هێزێكی چهكداری 120 كەسی له هاوڵاتیانی كورد پێكهێنا، به ئامانجی پاراستنی گوندهكانی قهزای دوبز له خۆرئاوای پارێزگای كهركوك.
ئومێد حسێن، فهرماندهی فهوجی حهشدی شهعبی كاكهیی وتی "ئەگەر داوکارییەکانمان جێبەجێنەکرێت، ئەوە ھەوڵدەدەین فەوجەکەمان بکرێتە سەر لایەنێکی تر و بگەڕێینەوە بۆ گوندە كاكەیینشینەكان". زیاتر وتی "چەکدارەکانمان ماون، چاوەڕێی گەڕانەوەن".
بەڵام ئەبو عیماد، فەرماندە لە حەشدی شەعبی، وتی "حەشدی كاكەیی بەڕەسمی نەبەسترابونەوە بە دەستەی حەشدی شەعبی، تەنیا جار جار هاوكارییمان دەكردن و داوایان نەكرد بێنە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبییەوە"، ئەو وتەیەی لەكاتی راگەیاندنی حەشدی كوردیدا هات بۆ دەزگاكانی راگەیاندن.
بەڵام ئیبراھیم مستەفا ئاغا، سەرۆكی ھۆزەکانی کاکەیی، وتی "ئێمە داوامان نەكردووە حەشدی كاكەیی پێكبهێنرێت وەك ئەوەی هەندێك دەزگا بڵاویانكردۆتەوە، هیچ لایەنێكیش پەیوەندی پێوەنەكردوین تا هێزمان بۆ دروستبكات".