هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەستیانبەسەر شەش مۆڵگەی داعش و دەیان بۆمب و كەرەستەی دروستكردنی بۆمبدا گرت، ئەوەش لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین لە سنوری داقوق.
هەڵمەتەكە بەرەبەیانی سێشەممە 9ی شوبات بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای جموجۆڵ و هێرشی چەكدارانی داعش لە رۆژانی پێشوتردا كە بەهۆیەوە پۆلیسێكی فیدراڵی كوژرا و دووانی تر برینداربون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "لە هەڵمەتەكەدا دەستبەسەر شەش مۆڵگەدا گیرا، كە شوێنی مانەوە و پشوودانیان بووە، هەروەها پێنج بۆمب هەڵگیرانەوە كە هەریەكە و پێنج لیتر تەقەمەنی پێوە بووە".
هەر لەو هەڵمەتەدا بەپێی سەرچاوەكە، ژمارەیەك تەقەمەنی تر و كەرەستەی تری دروستكردنی بۆمب دەستیبەسەردا گیراوە، لەوانە دۆزینەوەی بەرمیلێك كە 100 لیتر تی ئێن تی تێدابووە.
ئەو هەڵمەتە لەلایەن فرقەی 11ی سوپای عیراق و دەزگای هەواڵگریی و هێزە ئەمنییەكانی داقوق بەڕێوەچوو، لە سنوری گوندەكانی كومبس و بەحر لەسەر چەمی كوردەرە لە باشوری خۆرئاوای داقوق، بەدوری نزیكەی 50كم لە باشوری ناوەندی كەركوك.
شەوی 5ی شوباتی 2021، ژمارهیهک چهکدار که بهوتهی هێزە ئەمنییەكان "داعش بون"، هێرشیانکرده سهر گوندهکانی جوبغان و مهتیق له باشوری قهزای داقوق، بهوهۆیهوه روبهڕوبونهوه رویدا.

لهو پێکدادانهدا سێ پۆلیسی فیدراڵی برینداربون و دوای رهوانهکردنیان بۆ نهخۆشخانهی داقوق، یهکێکیان گیانیلهدهستدا.
بەپێی وتەی پەیامنێری (كەركوك ناو)، روبەڕوبونەوەكان دورنەبون لە ناوەندی داقوق، بەهۆی ئەوەی بە ئاسانی دەنگی تەقە لەناو داقوق دەبیسترا.
سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، كە لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە، ئامادەنەبوو ناوی ئاشكرابكرێت، جەختیكردەوە "بڕیاردراوە ھەڵمەتەکانمان بەرەوامی ھەبێت، تاکو ناوچەکە لە چەکدارانی داعش پاکدەكرێتەوە، بۆ ئەوەی نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی ھاوڵاتییان و ھێزە ئەمنییەکان".
ئەو هێرش و جموجۆڵانەی "چەكدارانی داعش"، لەكاتێكدایە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق، لە كۆتایی ساڵی 2017 كۆتایپێهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لە عیراق راگەیاند.