گوندی خه‌تارێ؛ ناوێكی دیاری ده‌شتی نه‌ینه‌وایه، لای هه‌ندێك به خه‌تاری گه‌وره و لای خه‌ڵكێكی زۆریش به نیشتمانی سمێڵهكان به‌ناوبانگه.
خه‌تارێ ده‌كه‌وێته ناحیه‌ی ئه‌لقوش له قه‌زای تلكێف و دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدیین.
"دانیشتوانی ئه‌م گونده یه‌ك هۆزن، ئه‌وانیش خهتارین، نزیكه‌ی 13 هه‌زار كه‌س لانیكەم شه‌ش هه‌زار كه‌سیشیان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن" به‌وته‌ی دیار تههمۆ خه‌تاری، دانیشنوی گونده‌كه بۆ (كه‌ركوك ناو).

هه‌رچی رێوڕه‌سم و پیرۆزی ئایینی ئێزیدییانه له گوندی خه‌تارێ هه‌یه؛ ته‌نیا له‌وێ حه‌وت قوبه‌ی ئێزیدییان هه‌ن.
به‌وته‌ی شاره‌زایانی مێژوی خه‌تارێ و خه‌ڵكه‌كه‌ی، ئه‌و گونده به نیشتمانی سمێڵهكان به‌ناوبانگه و زۆرێك به‌و ناوه‌وه ده‌یناسن، چونكه پیاوانی گوند زۆر پابه‌ندن به هێشتنه‌وه‌ی سمێڵی درێژ، كه یه‌كێكه له بیروباوه‌ڕه‌كانی نێو ئایینی ئێزیدی و به تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ رێوڕه‌سمی و كاروباری فه‌لسه‌فه‌ی ئایینیدایه.
ئەلیاس خەتاری، دانیشتوی خه‌تارێ و پسپۆڕی مێژوو به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌م گونده ته‌نیا له یه‌ك هۆز پێكهاتون به‌ناوی خه‌تاری و له حه‌وت بنه‌ماڵه پێكدێن ئه‌وانیش بن رەشکی، بن قەلکی، بن شەرەفی، بن زەغلی، بن تۆڤی، کەرکیانی و عەلیخانی، ئێستا هه‌ندێك هۆزی تر هاتون به‌ڵام ئه‌و حه‌وت بنه‌ماڵه‌یه دانیشتوانه رهسهنهكهن".

مێژوی دروستبونی گونده‌كه به دیاریكراوی نازانرێت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌لیاس ده‌ڵێت "زۆر كۆنه" و چه‌ندینجاریش روبه‌ڕوی هێرش و روداوی توندوتیژی بۆته‌وه، یه‌كێكیان له ساڵی 1832دا بووه و هه‌زاران ئێزیدی كوژراون.
گوندی خه‌تارێ ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و له حه‌وت ئه‌ندامی هۆزی خه‌تاری پێكهاتون بۆ به‌ڕێكردنی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی.