یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بڕیاریداوە ئاڵا تاڵەبانی، كاندیدی حزبەكەی لە كەركوك دوربخاتەوە و لەبری ئەو بانگەشە بۆ دیلان غەفور بكات كە لەهەمان بازنەی هەڵبژاردندا بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە. بەڵام لەمپەری بەردەم بڕیارەكە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانە.
ئاڵا تاڵەبانی، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حزبەیە لە پەرلەمانی عیراق، لە بازنەی یەكی كەركوك لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) خۆی كاندید كردووە، دیلان غەفور، پەرلەمانتاری هەمان حزب بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری سەركردایەتی یەكێتی بەشێوەی سەربەخۆ لە هەمان بازنە كاندیدە و هەردوكیان لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراون و ژمارەیان پێدراوە.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "مەكتەبی سیاسی بڕیاری دورخستنەوەی ئاڵا تاڵەبانی داوە وەكو كاندیدی یەكێتی لەناو هاوپەیمانی كوردستان... بەڵام لەچەند رۆژی داهاتودا كۆبونەوەی تر دەكەین لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانین دوریبخەینەوە، چونكە پرسەكە پەیوەستیشە بەوەی ئایا دەتوانین لە كۆمسیۆنیش لایببەین".
مەكتەبی سیاسی بڕیاری دورخستنەوەی ئاڵا تاڵەبانی داوە وەكو كاندیدی یەكێتی لەناو هاوپەیمانی كوردستان
ئاڵا تاڵەبانی خوشكی محەمەد تەحسین تاڵەبانی، سەرۆكی پێشوی دەزگای زانیاریی یەكێتییە كە لە 8ی تەمموزی بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە پۆستەكەی دورخرایەوە و بۆ چەند كاتژمێرێكیش دەستبەسەركرا، چونكە ئامادەنەبوو بڕیارەكە جێبەجێ بكات.
بەڵام ئەندام سەركردایەتییەكەی یەكێتی كە نزیكە لە بافڵ تاڵەبانییەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هۆكاری دورخستنەوەی ئاڵا تاڵەبانی وەكو كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان، بەهۆی ئەوەوەیە كە وجودی لە كەركوك وەكو پێویست نەبووە، بە بەراورد بە پەرلەمانتارەكانی تری یەكێتیش لە شارەكە كاری نەكردووە، بۆیە پشتیوانی دیلان غەفور دەكەین".
بەڵام رونینەكردەوە ئەگەر وایە بۆچی پێش دیاریكردنی ناوی كاندیدەكان ئەو بڕیارەیان نەداوە.
دیلان غەفور لەهەمان بازنە (بازنەی یەك) و بەبێ گەڕانەوە بۆ حزبەكەی بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە، باوكی جێگری مەڵبەندی كەركوكی ئەو حزبەیە.
ئەندام سەركردایەتییەكەی یەكێتی، وتی "دیار نییە چۆن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەكات، ئێمە جارێكی تر بۆ ئەو مەبەستە كۆدەبینەوە و بزانین چ رێگایەك بدۆزینە".
(كەركوك ناو)، دوجار لەڕێی تەلەفونەوە پەیوەندی بە هەریەكە لە ئاڵا تاڵەبانی، دیلان غەفور و لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتییەوە كرد، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەبووە.
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لەوەی "حزب تازە ناتوانێت كاندیدەكان لابەرێت، چونكە ناوەكانیان تۆماركراون و ژمارەیان وەرگرتووە و بانگەشەش دەستیپێكردووە، مەگەر ئەو كەسە خۆی بانگەشە بۆ خۆی نەكات و دەنگ نەهێنێت... تەنانەت هیچ كاندیدێك تازە ناتوانێت بكشێتەوە، مەگەر ئەویش بانگەشە بۆ خۆی نەكات بۆ ئەوەی دەرنەچێت".
حزب تازە ناتوانێت كاندیدەكان لابەرێت، چونكە ناوەكانیان تۆماركراون و ژمارەیان وەرگرتووە و بانگەشەش دەستیپێكردووە
وتیشی "ئەگەر هەر كاندیدێك حزبەكەیی و خۆیشی بانگەشە نەكەن، بەڵام دەنگی پێویست بهێنێت ئەوە دەبێتە پەرلەمانتار، مەگەر ئەوكات خۆی لە پەرلەمان بكشێتەوە".
لەبارەی ئەوەی ئایا دەتوانرێت كەسێك كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە بكرێتە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە، ئەو لێپرسراوەی كۆمسیۆن وتی "ئەوەش ناكرێت و رێگەپێدراو نییە، تەنیا دوای هەڵبژاردنەكان و لە پەرلەمان دەتوانێت".