كۆمپانیاكانی بواری دەرمان و پزیشكان و پسپۆڕانی ددان، یەكەم دیداری پزیشكیان لە پارێزگای كەركوك بەڕێوەبرد، تیایدا دەیان دەرمان و كەلوپەلی نوێی تایبەت بە پزیشكی ددان و جۆرەكانی هەویر نمایشكرد، بەگشتی رێنمایی بە هاوڵاتیان درا، كە بایەخ بە ددانەكانیان بدەن و جەختیانكردەوە "ئازاری پوكی ددان و كلۆری" دوو لە بەربڵاوترین كێشەكانی ددانن لە عیراق.
ئەو دیدارە پزیشكییە 14ی كانونی دووەم، بۆ یەكەمجار بوو لە پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، ئەوەش بە پاڵپشتى كۆمپانیای evolution-kirkuk لە بواری پێداویستییە پزیشكییەكان، بە ئامادەبونی هەردوو سەندیکاى پزیشکانى ددانى عیراق و هەرێمی كوردستان لە هۆڵى گۆڵدن تایم بەڕێوەچوو و لە سەرانسەرى عیراق 400 پزیشى ددان بەشداربون.
دکتۆر محەمەد هاشم، رێكخەرێكی دیدارەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ یەكەمینجارە لە مێژوی كەركوكدا دیداری لەم شێوەیە بەڕێوەدەچێت، لەژێرناونیشانی (دیدارى برایەتى کەرکوک بۆ پزیشکانى ددان)... لەو دیدارەدا 12 پزیشك بابەتی خۆیان دەربارەی نەخۆشییەكانی دەم و ددان و ئەو نەخۆشییە بەربڵاوانەی ددان كە لە ئێستادا لە عیراق هەیە، ختسەڕوو... لەگەڵ خستنەڕوی پێشكەوتوترین تەكنیكە زانستییەكانی ئەو بوارە و نمایشكردنیان".
"لێرە هەم پزیشكان نوێترین تەكنیكە نوێیەكانی زاسنتی پزیشكی ددان و نەخۆشییەكانیان خستەڕوو، هەم كۆمپانیاكانی ئەو بوارە بەرهەمەكانیان نمایشكرد"، محەمەد هاشم وایوت.
هەم پزیشكان نوێترین تەكنیكە نوێیەكانی زاسنتی پزیشكی ددان و نەخۆشییەكانیان خستەڕوو، هەم كۆمپانیاكانی ئەو بوارە بەرهەمەكانیان نمایشكرد
دکتورە ئیمان عزاوى، پزیشكێكی بەشداربوی دیدارەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم جۆرە دیدارانە گرنگن بۆ بەرەو پێشخستنى زانستنى پزیشکانى ددان... من یەكەمجارمە بەشداری دیدارێكی لەو شێوەیە بكەم لە عیراق... گرنگە خوێندكارانی كۆلێژەكانی پزیشكی ددانیش بەشدارییان پێبكرێت، چونكە بەڕاستی جێی بابەخ دەبێت بۆیان و سودی هەیە، بە تایبەت ئەوانەى لە دوا قۆناغى کۆلێژدان".
لە بارەی نەخۆشییە بەربڵاوەكانی ددان لە ئێستادا لە تەواوی عیراق، دکتۆر ئاکۆ عومەر، پسپۆڕی پزیشكی ددان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر ئاستى عیراق و تەنانەت لەسەر ئاستی وڵاتانى رۆژهەڵاتیش، (کلۆرى ددان) زۆر زۆر بەربڵاوە، بەڵام لە عیراق جگە لە كلۆری ددان، نەخۆشی پوكی چواردەوری ددانەكانیش زۆر زۆر بەربڵاوە و خەڵكێكی زۆر بە ئازاری ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن".
ئەو جەختیكردەوە "هەردوو نەخۆشییەكە دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستنی شۆردنی ددان، یان بە شێوەیەكی زانستی ددانەكان ناشۆردرێن".
ئەو رێنمایی بە هاوڵاتیاندا، لەوەی ئاگاداری تەندروستی ددانەكانیان بن، بە تایبەت لە جۆرەكانی خواردن و كاتەكانی خواردن.
"شیرینی هۆكارێكی سەرەكی كلۆری و ئازارەكانی پوكە... بەشێكی تر لە خواردنەكانمان مەوادی كیمایی تیایە و لە نێوان ددانەكانمان دەمێنێتەوە و زیان بە ددانەكانمان دەگەیەنێت، زۆر گرنگە شەش مانگ جارێک سەردانى پزیشکى ددان بکەین بۆ ئەوەى پشکنینى هەموو دانەکانت بکات"، دكتۆر ئاكۆ عومەر وایوت.
دکتۆر عەبدوڵا دڵشاد، كە وەكو نوێنەری كۆمپانیای (KIN)ی ئیسپانی لە دیدارەكەدا بەشداربوو، كە یەكێكە لە براندە جیهانییەكان. وتی "ئێمە نوێترین هەویرى ددان و سپراى ددانمان نمایشكرد... لەگەڵ ئەو دەرمانانەی ئازاری پوكی ددان ناهێڵێت".