نزیكەی پێنج مانگە بۆرییەكی گەورەی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكێكی شاری كەركوك و لەژێر زەویدا شكاوە و بەهۆی فشاری ئاوەكەوە ژمارەیەك خانوو درزیان بردووە و مەترسی روخانیان هەیە. لانیكەم پێنج ماڵیش خانووەكانیان چۆڵكردووە.
ئەو بۆرییە لە مانگی ئابی رابردوو، لە گەڕەكی شۆریجە شكاوە و بەهۆیەوە ئاو لەژێر چەندین خانوو و كۆڵاندا هەڵدەقوڵێت، تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەكانیش چاكیان نەكردۆتەوە.
کامەران محەمەد، دانیشتوی گەڕەکی شۆریجە، بە (كەركوك ناو)ی وت "شکانی بۆریەکەوە وایكردووە ئاو لەژێر زەوییەوە بێتە دەرەوە و بەژێر چەندین خانودا بڵاوبێتەوە، خانوەكان داتەپیون و درزیان بردووە، چونكە زەوییەكانی ژێری تەپیون"، كامەران زیاتر وتی "تەنانەت كوڵان و شەقامەكانی دەوروبەری هەموی تەپیون و ئۆتۆمبێل ناتوانێت پێیاندا هاتوچۆ بكات".
شکانی بۆریەکەوە وایكردووە ئاو لەژێر زەوییەوە بێتە دەرەوە و بەژێر چەندین خانودا بڵاوبێتەوە
كامەران و خەڵكی گەڕەكەكە، چەندینجار بۆ ئەو مەبەستە سەردانی فەرمانگەی ئاوی كەركوكیان كردووە، بەڵام كێشەكەیان بۆ چارەسەنەكراوە.
ئاوی بۆرییەكە سەرەتا لە حەوشەی ماڵێكی گەڕەكەكەوە هەڵقوڵاوە و چۆڵیان كردووە، دواتر وردە وردە لە كۆڵان و خانوی تردا هەڵقوڵاوە و تائێستا پێنج ماڵ لەبەر ترسی روخانی خانووەكانیان چۆڵیان كردووە، بەگشتی نزیكەی 30 خانوو درزیان بردووە.
ئەحمەد عەزیز، دانیشتویەكی تری گەڕەكەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەوكاتەوەی هەستمانكردووە بۆری شكاوە، چەندینجار چوینەتە لای قایمقام و فەرمانگەی ئاو و لێپرسراوانیكەركوك، بەڵام وەڵامیان نییە".
بەپێی بەدوادچونی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، خانوی زیادەڕۆ لەسەر بۆرییەكە دروستكراوە، ئەوەش گرفتی بۆ فەرمانگەی ئاو دروستكردووە.
ئەحمەد عەزیز، وتی "بەڵێ راستە، خانوی زیادەڕۆ لەسەر بۆرییەكە دروستكراوە، بەڵام زیانەكەی بۆ ئەوانە نییە كە بە زیادەڕۆ خانویان دروستكردووە، بەڵكو بۆ ئێمەیە كە هەمومان تاپۆی زەوییەكانمان هەیە و بێ كێشە دروستكراون".
لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە، ژمارەیەك گەڕەك و خانوو بەشێوەی زیادەڕۆ و لە دەرەوەی ماستەرپلانی شارەوانی كەركوك دروستكراون، ئەوە یەكێكە لە گرفتەكانی ئیدارەی پارێزگای كەركوك كە تائێستا نەیتوانی چارەسەری بنەڕەتی ئەو كێشەیە بكات.
ئەحمەد عەزیز وتی "من خانووەکەم تازەیە و تازە هاتومەتە ناوی، بەڵام هەموی درزی بردووە و ئەگەر سبەی بڕوخێت بەسەرمدا كێ بەرپرسیارە؟".
جیهان ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کەرکوک، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لەوەی كە ئاگاداری شكانی ئەو بۆرییەن و وتی "ناکرێت هاوڵاتیان بچن لەسەر بۆری ئاو، خانوو دروستبكەن و خانووەكەش زیادەڕۆ بێت... ئەوەی شكاوە بۆرییەكی گەورەیە و ئاو بۆ گەڕەکی شۆراو دەبات...".
"ئێمە لە هەوڵداین تا بە دیاریکراوی بزانین بۆرییەکە لەکوێ شکاوە... لەڕاستیدا ئەو بۆریە چاکناکرێت تا خانوی دەوروبەری بۆرییەکە نەڕوخێنرێت"، جیهان وایوت.
جەختیشیكردەوە "قورسە بتوانین شوێنی شكانی بۆرییەكە بەئاسانی بدۆزینەوە، چونكە خانووی زیادەڕۆی لەسەر دروستكراوە و بۆرییەكەش زۆر گەورەیە و ئاوەكەشی بەژێر زەویدا دەڕوات بۆ شوێنێكی تر كە بۆری لێ نییە، ئەگەر راستەوخۆ لە شوێنی شكانی بۆرییەكە ئاوەكە هەڵقوڵایە، ئەوە بە ئاسانی چارەسەردەكرا".