هەڵەبجە؛ گرەوی سەوزكردنی ژینگە دەباتەوە

سەوزكردنی گوندی هێڵانپێ‌ _ خورماڵ لەلایەن مامۆستایەكەوە بەناوی هۆشمەند فارس. فۆتۆ: ئەكاونتی هۆشمەند فارس

كەركوك ناو

رێژەی سەوزایی لە هەڵەبجە بۆ لەسەدا 21 بەرزبۆتەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هەوڵی تاكەكەسی و كاری بەكۆمەڵ لە بواری پاراستنی ژینگەی شارەكە و زیادكردنی رێژەی سەوزایی.

هەڵەبجە، بەراورد بە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، دەوڵەمەندە بە دارستانی سروشتی و دەستكرد، باخ و سەرچاوەی ئاوی سازگار، كە هاوتەریبە لەگەڵ چڕكردنەوەی هەوڵی خەڵك و رێكخراوەكان بۆ گرنگیدان بە پەروەردەی ژینگەیی و بڵاوكردنەوی هۆشیاریی لەناو خوێندنگە و لای منداڵان لەسەر پرسی ژینگە.

پڕۆژەی سەوزكردنی هەڵەبجە، بەشێكە لە پڕۆژەیەی "با كوردستان سەوز بكەین"، كە لەلایەن هەردوو رێكخراوی وادی ئەڵمانی و بی ئێم زێدی ئەڵمانییەوە پاڵپشتی دارایی دەكرێت و رێكخراوی نوێ لە هەڵەبجە ساڵێك زیاترە دەستی پێكردووە. بەشێكە لەو دەیان هەوڵە جۆراوجۆرەی بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لەو شارە دراوە.

تیمەكانی رێكخراوی نوێ كە پڕۆژەكە لە هەڵەبجە جێبەجێدەكەن، لە سەرەتادا لە سەوزكردنی نۆ خوێندنگە و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی لای مامۆستا و خوێندكاران و دایكان و باوكان دەستیانپێكرد، ئەوەش بەپێی وتەی سارا سەلام، لێپرسراوی بەشی ژینگە لە رێكخراوی نوێ‌ بۆ (كەركوك ناو).

سارا وتی "نۆ قوتابخانەی ناو شاری هەڵەبجە و خورماڵ و سیروان و بیارەو سەیدسادق و تەوێڵە، لە پڕۆژەكە سودمەند دەبن، پڕۆژەكە بۆ سەوزكردنی قوتابخانەكان و دابینكردنی پێداویستییە ژینگەییەكانە، بۆ ماوەی دوو ساڵ".

پڕۆژەكە بریتییە لە چاندنی نەمان لەناو قوتابخانەكان، دواتر چاودێریكردنیان و لەگەڵئەوەشدا بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لەناو خوێندنگەكاندا لەڕێی كۆڕ و سیمینارەوە.

"ئامانجەكانمان تەنیا ئەوە نییە نەمام بچێنین و چاودێری بكەین، دەمانەوێت لەپاڵ زیادكردنی رێژەی سەوزایی، منداڵان لە پاراستنی ژینگە هۆشیاربكەینەوە،  سیمیناریان بۆ دەكەین و لەڕێی شانۆگەرییەوە پەیامی ژینگەییان پێدەدەین، لەگەڵئەوەشدا هەڵمەتی ژینگەییان بۆ رێكدەخەین"، سارا وایوت.

waddi12-2021
هەڵەبجە/ كانونی یەكەمی 2021/ تیمەكانی رێكخراوی نوێ لەكاتی پێشكەشكردنی وانەی پەروەردەی ژینگەیی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی لە یەكێك لە خوێندنگەكانی شارەكە. فۆتۆ: رێكخراوی نوێ.

بەشێكی دیكەی پڕۆژەكە گفتوگۆكردنە لەگەڵ دایك و باوكی منداڵەكان.

 لە كاتی كۆبونەوەكانیان لەنێو قوتابخانەكاندا لەگەڵ قوتابیان، تیمەكانی رێكخراوی نوێ لەو قوتابخانانەی دیاریكراون نەمام دەچێنن و ئەوەش بۆ هاندانی منداڵان.

پڕۆژەكەی رێكخراوی وادی فراوانە و تەنیا لە هەڵەبجە نییە، گەرمیان و رانییە و چەند شارێكی تر دەگرێتەوە.

15ی تشرینی دووەمی رابردوو، تەمەنی پڕۆژەكە بووە یەك ساڵ، تیمەكانی رێكخراوه‌كه‌ مانگانە یەكجار سەردانی هەموو قوتابخانەكان دەكەن. بۆ چاودێری نەمامەكان و ئاگاداربون لەوەی پەیامە ژینگەییەكانیان گەیشتۆتە كوێ.

سارا سەلام، دەڵێت "پێشوازی خوێندكاران و مامۆستایان زۆرباشە و چەند قوتابخانەیەكی دیكە داوایانكردووە هەمان پڕۆژە بۆ ئەوانیش بكرێت".

پێشوازی خوێندكاران و مامۆستایان زۆرباشە و چەند قوتابخانەیەكی دیكە داوایانكردووە هەمان پڕۆژە بۆ ئەوانیش بكرێت

لەپاڵ هەوڵی ئەو رێكخراوانە، هەوڵی تاكەكەسی و بونی هۆشیاریی ژینگەیی لای خەڵكی هەڵەبجە بەشێكی گرنگی زیادكردنی رێژەی سەوزایین.

بۆ نمونە هۆشمەند فارس، بەڕێوەبەری قوتابخانەیه‌كه‌ لە گوندی قەدەفەری سەر بە شارۆچكەی خورماڵ، نزیكەی حەوت ساڵە بەشێوەی خۆبەخش نەمام دەڕوێنێت و خزمەتیشیان دەكات.

hoshmand
هۆشمەند فارس، لەكاتی پرژاندنی دەرماندا بەسەر درختەكانی ناحیەی خورماڵ لە هەڵەبجە. فۆتۆ: ئەكاونتی هۆشمەند

مانگی حەوتی ساڵی 2014، کاتێک هۆشمه‌ند بیرۆکەی چاندنی نه‌مامی له‌ رێگای گونده‌كان له‌گه‌ڵ هاوڕێیەكانی باسكرد، ئه‌وان "بێدەنگ بون چونکە پێشتر کاری لەم شێوە نەکرابوو نەمام بڕوێنێت و دواتر خۆشت خزمەتیان بکەیت". هۆشمه‌ند وتی بەتایبەت پڕۆژەکانی دەرەوەی شار ئەرکیان قورسە پێویستی بە تەرخانکردنی کاتی زیاتر هەیە و لەهەمانکاتدا خەرجیشیان زیاترە.

هۆشمەند لە تشرینی دووەمی 2014، دەستی به‌ ئیشه‌كەی‌ كرد و بە‌تێکڕا نزیکەی 1200 نەمامی چاندووە، "بەو ئیرادەیەی کە هەمبوو توانیم سەرکەوتن بەدەستبهێنم".

خزمەتکردنی پڕۆژەکانی ژینگە، خۆی دەبینێتەوە لە چاندن، چاودێریکردن، ئاگربڕ، هەڵپاچین، دەرمانکردن لەکاتی هەبونی نەخۆشی لەدارەکاندا، کێڵان، هۆشمەند سەرجەم ئەم كارانە دەكات.

حاڵی حازر رێگەی چون بۆ گوندەكان، رێگاكانی نێوان هەڵەبجە – خورماڵ - سیروان، بیارە، بە هەوڵی حكومەت و خۆبەخشان سەوزكراون.

كۆی روبەری پارێزگای هەڵەبجە 342 هەزارو 108 دۆنمە، رێژەی سەوزاییش تیایدا 72 هەزار و 258 دۆنمە. ئەوەش بەپێی فەرمانگەی دارستان و پاوانی هەڵەبجە.

لەو رێژەیە 58 هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و دوو هەزار دۆنم زەویش، دارستانی دەستكردە. لەگەڵ 12 هەزار دۆنم باخ و 258 هەزار دۆنم پارك و باخچەكانی ناو شار. ئەمە جگە لە روبەڕی پاوان.

بەپێی ئاماری حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە، كۆی رێژەی سەوزایی لە پارێزگاكە لەسەدا 21ی تێپەڕاندووە و لە زیادبونیشدایە.

محەمەد مەحمود، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە، وتی "زۆرجار داتای ناڕاست لەبارەی رێژەی سەوزایی هەڵەبجەوە دەخرێتەڕوو، بەڵام ئەم داتایانه‌ زۆر نزیكن لەڕاستییەوە".

رێكخراوی نوێ، هەر لە چوارچێوەی كەمپینی با كوردستان سەوز بكەین و لەپێناو پاراستنی ژینگە، قوماشی خامیان بەسەر هاوڵاتیانی هەڵەبجەدا دابەشكرد، تا لەبری نایلۆن بەكاریبهێنن.

تیمەكانی رێكخراوی نوێ، لۆگۆی تایبەت لەسەر ئەو قوماشە خامانە دەدەن كە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەكەن. ڤیدیۆ: رێكخراوی نوێ.

سارا وتی "دەمانەوێت پرۆپۆزەڵێكی تر بنوسین بۆ ئەوەی پڕۆژی بڵاوردنەوەی هۆشیاریی بۆ قوتابخانەكانی دیكەش بكەین، ئێستا ناوی 12 قوتابخانەمان بۆ هاتووە".

پڕۆژەكە بە ئاگاداری و هاوكاری شارەوانی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.

ساڵی رابردوو، كاریگەرییەكانی وشكەساڵی بەئاشكرا بە سیمای هەڵەبجەوە دیار بوو، باخ و دارستانە دەستكردەكان زۆرترین زیانیان بەركەەوت.

رێكخراوی نوێ، 255 كانیاوی لە 25 شوێنی هەورامان تۆماركرد، لەو رێژەیە ساڵی رابردوو 116كانیاویان بە تەواوی وشكی كرد، کە دەکاتە 60٪ی کانیاوەکان.

محەمەد مەحمود، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە وتی"بەپێی ئاماری بەردەستی ئێمە، هەزار و 238 درەختی جۆراوجۆری تەمەن جیاواز بە تەواوەتی وشكبون".

لەگەڵئەوەشدا چوار هەزار و 861 درەخت زیانیان لێكەوتووە و بەشی سەرەوەی درەختەكان وشكبون، بەو هۆیەوە رێژەی سەوزایی لە دارستانە دەستکردەکان لە ٪0.4 کەمیکردووە، بەپێی وتەی محەمەد مەحمود.

هۆشمەند فارس، كە رێگەی گوندەكەی خۆی گوندی هێڵانپێ‌ _ خورماڵ سەوزكردووە بۆ ئاودانی درەختەكان پشت بەتانکەر دەبەستێت بۆ ئاوادنیان و کۆمپانیایەك هاوكاری دەكات.

"هەوڵەکانم بۆ سەوزکردن و خزمەتکردنی ژینگە بەردەوام دەبێت و بۆ ئەمساڵیش هەندێک کاری نوێم دەبێت". هۆشمەند وتیشی "هەوڵمداوە پەیامی ژینگە دۆستی بگەیەنمە قوتابخانە و تەنانەت خوێندکارە یەکەمەکانمان بەگوڵی سروشتی خەڵات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT