دوو هاوڵاتی لە دوو گوندی جیاوازی سنوری قەزای داقوق لە سێ رۆژی رابردودا رفێنراون و هیچ چارەنوسێكیان دیار نییە، هەر لەو ماوەیەشدا لەڕێی بۆمبی چێنراوەوە هەشت كارمەندی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە كراونەتە ئامانج و چواریان بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.
شەوی رابردوو، 25ی كانونی دووەم، ژمارەیەك چەكدار، كە هێزە ئەمنییەكان بە "چەكدارانی داعش" ناویان دەبەن، هەڵیانكوتاوەتە سەر گوندی دلس لە باشوری قەزای داقوق، هاوڵاتییەكی گوندەكەیان رفاندووە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای داقوق بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەكە كە لێپرسراوێتی ئەمنی هەیە لە قەزاكە، وتی "كەسوكاری هاوڵاتییەكە چونەتە نەهێشتنی تاوانی داقوق و سكاڵایان تۆماركردووە... بەڵام تائێستا هیچ سۆراغێكی نییە"، جەختیشیكردەوە "چەكدارەكان سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) بون".
روداوەكە دوای تەنیا دوو رۆژ دێت لە رفاندنی هاوڵاتییەكی تر لە گوندی یەرغون لە باشوری هەمان قەزا و ئەویش چارەنوسی دیار نییە.
كەسوكاری هاوڵاتییەكە چونەتە نەهێشتنی تاوانی داقوق و سكاڵایان تۆماركردووە... بەڵام تائێستا هیچ سۆراغێكی نییە
هەردوو هاوڵاتییەكە، بەكاری كشتوكاڵییەوە سەرقاڵ بون.
هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی، لە 25ی كانونی دووەم، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان بە مەبەستی دۆزینەوەی هاوڵاتییە رفێنراوەكەی گوندی یەرغون دەستپێكرد، لە ئەنجامدا بۆمبێكی چێنراو بە هەمەرێكیاندا تەقییەوە لە چەمی زغیتون و چوار پۆلیس برینداربون. بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكەی (كەركوك ناو).
ئەو هەڵمەتەش تەنیا دوای یەك رۆژ هات لە تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە هەمەرێكی سوپای عیراقدا لە گوندی ئەلبو شەهاب لە سنوری هەمان قەزا لە 24ی كانونی دووەم، كە بەهۆیەوە چوار سەرباز گیانیانلەدەستدا.
دوابەدوای ئەو روداوانە هێزە ئەمنییەكانی عیراق سێشەممە 25ی كانونی دووەم، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییان لە باشوری قەزای داقوق ئەنجامدا و بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان "دوو چەكداری داعش" كوژراون.
لە دوو مانگی رابردودا قەزای داقوق، یەكێك بوو لەو ناوچانەی عیراق كە هێرش و پەلاماردانی زۆری هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی بەخۆوەبینیوە و لەو ماوەیەشدا لانیكەم سێجار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هەر لەو ناوچانە بەڕێوەچووە.
باشوری داقوق، ناوچەیەكی فراوان و بەشێكی سەخت و پڕ چەم و دۆڵە و لە دوای كۆتاییهێنانی دەسەڵاتی داعشەوە لە عیراق لە كۆتایی 2017ەوە ناوچەیەكی ئارام نەبووە بۆ هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان.