فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، هێز لە بارەگایەكی كۆنی سەردەمی بەعس لە ناوەڕاستی گەڕەكی حیسابات كۆدەكاتەوە و هامەری سەربازیی تیادا جێگیردەكات و سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەیەتی، ئەو هەنگاوەش ناڕەزایی خەڵكی گەڕەكەكەی بەدواداهاتووە.
ئەو بینایە لەسەر نزیكەی سێ دۆنم زەوی بنیادنراوە و لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ئاوارەی تێدا نیشتەجێ بووە و نزیكەی پێنج ساڵیشە چۆڵبووە. هەفتەكانی رابردوو چواردەوری بیناكە لەلایەن سوپاوە سیاجكرا و لەوكاتەوە بە بەردەوامی هەمەر و هێزی سەربازیی لێیە.
زاهیر فاتیح، دانیشتووی گەڕەکی حیسابات لە ناوەڕاستی شاری كەركوك، وتی "لەناو بیناكەدا سوپا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەن و هێزیان جێگیركردووە و دەیانەوێت جارێكی تر بەكاریبهێننەوە، ناكرێت لە ناوەڕاستی گەڕەكێك بەردەوام هێز و هەمەری سەربازیی هاتوچۆ بكەن و جێگیربكرێن... خاوەن خێزان و ماڵ و منداڵین، جێگیركردنی هێز و بەكارهێنانەوەی ئەو بینایە توشی ترس و دڵەڕاوكێی كردوین".
ئیسراحەتمان لەبەر بڕاوە
وتیشی "شەست ساڵ تەمەنمە، جگە لە سەردەمی شەڕی عیراق و ئەمریكا نەبێت، نەمبینیوە لە ناوەڕاستی گەڕەك و كۆڵانەكان بارەگای سەربازیی هەبێت".
"رۆژانە لە نێوان خۆماندا گفتوگۆی ئەم هێزە سەربازییە دەکەین كە هاتونەتە ناو بیناكەوە، جێگیركردنی ئەو هێزە بۆ ئێمە قورسە"، زاهیر كە ماڵی بەرامبەر بیناكەیە وایوت.
سەلمە عەبدوڵا، دوكانێكی بچوكی لە نزیك بیناكە هەیە و ماڵی لەوێیە، وتی "پرسیاری ئەوەمان بۆ دروستبووە بۆچی ئەم بینایە دەكرێتە سەربازگە، دەبوو ئەمان لە دەرەوەی كەركوك بونایە، بونی ئەمانە بۆ ئێمە جێی نیگەرانییە، یەك دوو جار سەربازەكان هاتن داوای خاكەنازیان دەكرد بۆ ئیشكردن لە بیناكە، بەڵام من پێمنەدان و وتم نیمانە".
گەڕەكی حیسابات زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن.
وتیشی "ناكرێت لەبەر بونی ئەو سەربازگەیە ئێمەی ژنان و كچان، نەتوانین بێینە دەرەوە، ئیسراحەتمان لەبەر بڕاوە".
ئەو پێشهاتە نوێیە، هاوكاتە لەگەڵ دانانی بازگەی كاتی و بڵاوكردنەوەی هێز لەناو شاری كەركوك. بازگەكان سەرەتا لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە بەڕێوەدەبڕان و دواتر رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی كران.
پێنجشەممەی رابردوو 10ی شوبات، پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنی 100 كەسی بە تۆمەتی جیاواز لەڕێی ئەو بازگە كاتییانەوە راگەیاند.
عامر نوری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوك، پێنجشەممە 17ی شوبات لەبارەی بەكارهێنانی بیناكەی گەڕەكی حیساباتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو بابەتە پەیوەندیدار نییە بە پۆلیسی کەرکوک، بەڵکو ئەوە پەیوەندی بە سوپاوە هەیە".
لەبارەی بازگە كاتییەكانیش، وتی "ئەوە هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی گەڕەكەكانە و لە چوارچێوەی پلانێكی ئەمنیدایە كە راستەوخۆ لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و ئامانج لێی دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوانە".
جێگربونی سوپا بۆ پاڵپشتی هێزەكانی دیكەیە
لە كەركوك سوپا و هێزە سەربازییەكانی دیكە لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندان.
سەرچاوەیەك لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە هەندێك شوێن سوپا جێگیركراون بۆ پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكان لە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا، ئەوەش لەچوارچێوەی پلانەكانی پاراستنی ئاسایشی كەركوكدایە كە بەهۆیەوە هێزە ئەمنییەكان توانییان زیاتر لە 110 داواكراو بە تۆمەتی جیاواز لە نێویاندا تیرۆر، دەستگیربكەن".
دەربارەی جێگیربونی سوپا لە گەڕەكەكانی باكوری شاری كەركوك، ئەو سەرچاوەیە كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، وتی "ئەو هێزانە خۆیان هەر لە كەركوك بون، بەڵام بارەگایان لە ناوچەكانی باكوری شارەكە كەمن و ئێستا یەكێك لە بارەگاكان بە سوپا بەهێز كراوە، تا ببنە هێزی پاڵپشت بۆ پۆلیسی ناوخۆیی و فیدراڵی، كە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی دژ بە داعش دەكەن".
جەختیشیكردەوە لە گەڕەكەكانی باشوری شارەكەش بارەگای سوپا هەیە و هەموو هێزەكانیش لەچوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا ئەركیان پاراستن و بەهێزكردنی ئاسایشی كەركوكە، "بارودۆخی كەركوك سەقامگیرە و هیچ هەڕەشەیەكی ئەمنی بۆ سەر هیچ فەرمانگەیەكی حكومی نییە" بەوتەی سەرچاوەكە.
ئەمانەش چەند وێنەیەكی ناو شاری كەركوكن كە هێزە ئەمنییەكان بازگەی كاتی-یان تیادا جێگیركردووە