راپرسییەك بۆ خەتەنەكردنی مێینە ئەنجام دەدات و دەیەوێت دیاردەكە بە یاسا بنبڕبكات

وادی هەنگاوەكەی بۆ عیراق دەستپێدەكات

سلێمانی/ 15ی ئایاری 2023/ گفتوگۆی تیمی وادی ئەڵمانی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی گواستنەوەی رێگریكردن لە خەتەنەكردنی مێینە بۆ باشور و ناوەڕاستی عیراق. فۆتۆ: شاتوو كامەران

كەركوك ناو

رێكخراوی وادی ئەڵمانی، هەنگاوەكانی بۆ گواستنەوەی ئەزمونی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەی مێینەی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ چەند پارێزگایەكی دیكەی عیراق دەستپێكرد، لە سەرەتادا دەیانەوێت لەڕێی راپرسییەكەوە رێژەی ئەو دیاردەیە دیاریبكەن.

وادی كە ئەزمونی زیاتر لە 15 ساڵ كاركردنی لە بواری رێگریكردن لە خەتەنەی مێینە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كۆنفرانسێكی سێ رۆژەی لە سلێمانی بۆ تیمەكانی خۆی و ژمارەیەك رێكخراوی ناوەڕاست و باشوری عیراق رێكخست، بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر ئەو پرسە.

هەنگاوی یەكەمی وادی، ئەنجامدانی راپرسییەكە لە سێ پارێزگای عیراق (بەغدا، بەسرا و میسان)، ئەوەش بۆ زانینی رێژەی دیاردەی خەتەنەی مێینە لەو پارێزگایانە، هەنگاوی دواتر بنبڕكردنی دیاردەكە و دواتر قەدەغەكردنییەتی لەڕێی یاساوە، دوای سەركەوتنی هەمان ئەزمونیان لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەپێی وتەی شۆخ محەمەد، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی رێكخراوی وادی ئەڵمانی لە عیراق.

شۆخ وتی "ئەم گفتوگۆیەی ئەم سێ رۆژە بۆ راگۆڕینەوەی تیمەكانی وادی و ئەو رێكخراوانەیە كە لە ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە هاتون و بڕیارە وەكو هاوبەش لەگەڵ وادی بەشداریی بكەن لەو راپرسییەدا".

wadi2
سلێمانی/ 15ی ئایاری 2023/ گفتوگۆی تیمی وادی ئەڵمانی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی گواستنەوەی رێگریكردن لە خەتەنەكردنی مێینە بۆ باشور و ناوەڕاستی عیراق. فۆتۆ: شاتوو كامەران

راپرسییەكە لە ئەمساڵدا و دوابەدوای ئەم كۆنفرانسە دەستپێبكات.

تیمەكانی وادی لە یەكەم رۆژدا ئەزمونی خۆیان بۆ رێكخراوەكانی باشور و ناوەڕاستی عیراق باسكرد، بەربەست و رێگرییەكانیان بۆ رونكردنەوە، لەگەڵ چۆنیەتی كاركردنیان لەو پرسە، كە تاڕادەیەك ئاسان نییە.

لەیلا ئەحمەد، لە تیمی وادی لە گەرمیان، لە گێڕانەوەی چیرۆكی كاركردنی لەسەر ئەو پرسە، وتی "ئەوەی گرنگە دەبێت تیمەكان بە سادەیی بڕۆنە ناو خەڵك و ئەو باسە بكەنەوە، هەروەها دەبێت تیمەكان زانیاریی تەواویان هەبێت لەسەر زیانەكانی خەتەنەكردن، تا بتوانن هاوكاربن بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك".

لەگەڵئەوەشدا وتی "پێویستە تیمەكان شارەزایی یاساییان هەبێت لە پرسی قەدەغەكردنی مێینە، بۆ ئەوەی سزاكان بۆ ئەو كەسانە رونبكەنەوە كە خەتەنە دەكەن". 

شۆخ محەمەد، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی رێكخراوی وادی ئەڵمانی لە عیراق، ئامانجی كۆنفرانسەكە روندەكاتەوە. ڤیدیۆ: كەركوك ناو

چرۆ عومەر، پارێزەر لە تیمی وادی، پێیوابوو یاسا و پیاوانی ئایینی و تێگەیشتنی خەڵك بۆ زیانەكانی خەتەنەكردنی مێینە پێكەوە هاوكارن بۆ بنبڕكردنی ئەو دیارەدەیە، ئەو وتی "هێشتا هەندێك كەس ئەگەر لە ترسی یاساكە نەبێت، خەتەنەی كچان دەكەن، ئەوەش لە پێناو بژێوی خۆیان، چونكە كارەكە بە پارە دەكەن".

چرۆ رۆڵی هەندێك لە پیاوانی ئایینی لە پرسی روبەڕوبونەوەی خەتەنەكردن بەرزنرخاند، ئەو نمونەی پیاوێكی ئایینی هێنایەوە لە گوندێكی دورەدەستی ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان لە سنوری سلێمانی. وتی "بینیمان خەتەنە لەو گوندە سفرە، دواتر بۆمان دەركەوت پیاوێكی ئایینی خەڵكەكەی تێگەیاندبوو كە خەتەنەكردن پەیوەندی بە ئایینی ئیسلامەوە نییە".

بینیمان خەتەنە لەو گوندە سفرە، دواتر بۆمان دەركەوت پیاوێكی ئایینی خەڵكەكەی تێگەیاندبوو كە خەتەنەكردن پەیوەندی بە ئایینی ئیسلامەوە نییە

به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی كه‌لە  ساڵی 2011دا، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردووه‌، خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ وه‌ك ئه‌نجامدانی توندوتیژی هه‌ژماركراوه‌، قه‌ده‌غه‌یه‌ و ئه‌نجامدانیشی سزای تا سێ ساڵ زیندانی و غەرامەی تا 10 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە.

وادی ئەڵمانی دەڵێت رۆڵیان هەبووە لە دەركردنی ئەو یاسایە، بەتایبەت لە بڕگەی قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە و بە توندوتیژی هەژماركردنی.

وادی لە ساڵی 2005ـەوە هەڵمەتی "خەتەنەكردنی مێینە رابگرن"ـی لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیەش بەیاسا وەك بەشێك لە دەستكەوتەكانی ئەو هەڵمەتە دەبینێت.

wadi4
سلێمانی/ 15ی ئایاری 2023/ لایەنێكی گفتوگۆی تیمی وادی ئەڵمانی و ژمارەیەك رێكخراوی باشور و ناوەڕاستی عیراق. فۆتۆ: شاتوو كامەران

دەستكەوتێكی تری ئەو ئەزمونە كۆتاییپێهێنانی یەكجاری خەتەنەكردنی مێینە بوو لە ناوچەكانی گەرمیان لە ساڵی 2017 و لە هەڵەبجە لە ساڵی 2022.

شۆخ محەمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە دوای راپرسییەكە و دەركەوتنی رێژەی خەتەنەكردنی مێینە، قۆناغی تری كارەكە لەو پارێزگایانەی عیراق دەستپێدەكەین، ئەوەش قۆناغی هۆشیاركردنەوە و رونكردنەوەكەی زیانەكانی خەتەنەیە، ئامانجی گشتی ئێمە ئەوەیە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لە عیراقیش لە چوارچێوەی پڕۆژە یاساكانی پەیوەست بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی خەتەنەش قەدەغەبكرێت و وردە وردە ئەو دیاردەیە بنبڕبكرێت".

ئامانجی گشتی ئێمە ئەوەیە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لە عیراقیش لە چوارچێوەی پڕۆژە یاساكانی پەیوەست بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی خەتەنەش قەدەغەبكرێت و وردە وردە ئەو دیاردەیە بنبڕبكرێت

تیمی وادی لە 2012 – 2014 لە هەردوو پارێزگای كەركوك و ناسریە راپرسییان لەسەر خەتەنەكردن كردووە، شۆخ وتی "بۆمان دەركەوتووە كە ئەو دیاردەیە هەیە، بەڵام پێمانباشە راپرسییەكی نوێ بكەین بۆ بەغدا، بەسرە و میسان".

كانی مەجید لە تیمی وادی لە هەولێر، وتی "ئێمە سیمینارەكانمان لەو ناوچانەی هەولێر زیادە دەكەین كە گوماندەكەین هێشتا خەتەنەی تێدا بكرێت". هەروەها تیمی وادی لە رانیە جەختیانكردەوە كە هێشتا لە ناوچەكانی ئەوان خەتەنە هەیە، بەڵام كەمترە لە پێش دەستپێكردنی كارەكانی ئەوان.

wadi5
سلێمانی/ 15ی ئایاری 2023/ عەبدوڵا سابیر، رێكخەری وادی ئەڵمانی لەكاتی قسەكردنی بۆ ئامادەبوانی كۆنفرانسی وادی. فۆتۆ: شاتوو كامەران

بەگشتی تیمەكانی وادی، نمونەی قورسی كاركردنیان بۆ سێ رێكخراوی ناوەڕاست و باشوری عیراق رونكردەوە كە بڕیارە ببنە هاوبەشی وادی بۆ كاركردن.

هێرۆ وەكیل، بەڕێوەبەری رێكخراوی نوێ لە هەڵەبجە – هاوبەشێكی وادی ئەڵمانین و پێشتر لەگەڵ وادی روبەڕوی خەتەنەكردن بونەتەوە- رونیكردەوە "ئێمە كاتێك لە هەڵەبجە ئەو هەنگاوەمان دەستپێكرد، حزبێكی ئیسلامی لەناوچەكە باڵادەست بوو، ئەوە ئاسان نەبوو، بەڵام خۆشحاڵم لە ساڵی 2022 خاڵی بونی هەڵەبجەمان لە خەتەنەكردنی مێینە راگەیاند، ئەمەیە چیرۆكەكەی ئێمە".

بەگشتی شۆخ محەمەد وتی "كارەكە ئاسان نییە، قورسە و بەربەست و رێگریی زۆر دێتە پێش تیمەكان، لەم سێ رۆژەدا بەربەست و رێگرییەكان و چۆنیەتی كارەكان بۆ رێكخراوەكانی تر روندەكەینەوە و گفتوگۆ لەسەر هەموو شێوازەكانی چۆنیەتی كاركردن دەكەین، لەدوای ئەم سێ رۆژەوە هەنگاوەكان دەچنە قۆناغێكی ترەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT