وادی دەچێتە پارێزگاكانی عیراق: خەتەنەكردنی مێینە رابگرن

فۆتۆ: Dingzeyu Li، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 2ـی شوباتی 2022

كەركوك ناو

رێكخراوی وادی ئەڵمانی، هەوڵدەدات ئەزمونی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەی مێینە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عیراق بگوازێتەوە، بە ئامانجی بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە لە كۆمەڵگە و قەدەغەكردنی بەپێی یاسا.

ئەزمونی ئەو رێكخراوە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 15 ساڵە و دەستكەوتی ئەو ماوەیەش تائێستا كۆتاییپێهێنانی یەكجاری خەتەنەكردنی مێینە لە ناوچەكانی هەڵەبجە و گەرمیان.

هەڵمەتی نوێی رێكخراوی وادی بۆ عیراق لە 6ـی شوباتی 2022ـەوە دەستپێدەكات، كە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینەیە، دەرگای هەڵمەتەكەش كراوەیە بەڕوی هەر رێكخراو و لایەنێك پاڵپشتی دەکات.

"كەمپینە نوێیەكە بۆ جوڵاندنی خەڵك و كۆمەڵگەیە بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە، ئەوەش لەڕێی دوو داواكاری سەرەكییەوە؛ یەكێكیان ئەنجامدانی توێژینەوەیە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و دوەمیان گواستنەوەی هەوڵەكانیان بۆ پەرلەمانی عیراق، تا بە یاسا ئەو دیاردەیە قەدەغە بكرێت" تۆماس ڤۆندێر ئۆستن، بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی وادی ئەڵمانی وای وت.

بەپێی توێژینەوەیەكی نەتەوە یەكگرتوەكان كە ساڵی 2011 كراوە، رێژەی خەتەنەكردنی مێینە لە هەرێمی كوردستان سەروو سەدا 44ـە بەڵام لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق كەمتر لە سەدا 1ـە.

وادی رەخنەی لەو توێژینەوەیە هەیە و داوای توێژینەوەیەكی نوێ دەكەن، چونكە پێیانوایە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی هەوڵەكانی ئەوان و كاركردنی بەردەوام لەسەر ئەو دۆسیەیە رێژەی "راستەقینەی خەتەنەكردنی مێینە" دەركەوتووە بەڵام لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق ئەو دۆسیەیە نەوروژێنراوە و رێژەكە بە نەزانراوی و نهێنی ماوەتەوە.

wadi
رێكخراوی وادى زیاتر لە 15 ساڵە لە هەرێمی كوردستان دژی خەتەنەكردنی مێینە كاردەكات فۆتۆ: وادی

تۆماس بە (كەركوك ناو)ـی وت بەهۆی ئەو توێژینەوەیەی نەتەوە یەكگرتوەكان وا بەدنیای دەرەوە ناسێنراوە تەنیا كوردەكانی هەرێمی كوردستان خەتەنەی مێینە دەكەن و لە عیراقدا نییە یان زۆر كەمە، لەكاتێكدا بەوشێوەیە نییە، لە بەغدا و بابل و ناوچەكانی دیكەی عیراقیش ئەو دیاردەیە هەیە.

"ئەگەر خەتەنەی مێینە هەر لەناو كورد هەیە، كەواتە چۆن دەكرێت كوردەكانی بەغدا كە ژمارەیەكی زۆرن خەتەنە نەكەن، وەك لە توێژینەوەكەی نەتەوە یەكگرتوەكاندا دەڵێت لە بەغدا رێژەكە زۆر كەمە، بۆیە ئەم كێشەیە پەیوەندی بە نەتەوەیەكی دیاریكراوەوە نییە و گشتگیرە لە وڵاتەكەدا".

بەڕێوەبەری رێكخراوی وادی دەڵێت بەپێی توێژینەوەكانی ئەوان لە پارێزگای دهۆك رێژەكە زۆر كەمە، كە ئەوانیش هەر كوردن، بەڵام بەڵگە و زانیاری هەیە لە بەغدا، كەركوك، بابل و خانەقین خەتەنەكردنی مێینە هەیە.

تۆماس وتی پێشتریش ئەو كێشەیە نەتەوە یەكگرتوەكان وەك دیاردەی بەربڵاو لە ئەفریقا هەژماری كردووە و "حەوت ساڵی ویست تا توانیمان بڕوا بە نەتەوە یەكگرتووەكان بهێنێن ئەم كێشەیە لە عیراقیش بونی هەیە".

وادی لە 2010دا، توێژینەوەیەكی بەرفراوانی لە هەرێمی كوردستان کردووە بۆ دەرخستنی رێژەی خەتەنەكردنی مێینە كە لە هەندێك ناوچە سەدا 70 بوو، دوای دوو ساڵیش ئەنجامی توێژینەوەیەكی لە كەركوك بڵاوكردۆتەوە.

بەپێی توێژینەوەكەی كەركوك كە زیاتر لە هەزار كچ و ژن تیایدا بەشداربون، دەركەوت رێژەی خەتەنەكردن زیاتر لە سەدا 38ـە، لە نێو كورددا زۆرینەیە، بەدوای ئەواندا عەرەب و ئینجا توركمان بە هەردوو مەزهەبی سونە و شیعە، بەڵام لەناو كریستیانەكانی ئەو پارێزگایەدا نەبووە.

تۆماس دەڵێت ئەو توێژینەوەیە و زانیاری لە ناوچەكانی دیكەی وەك بەغدا و بابل، دەیسەلمێنێت دیاردەکە لە پارێزگاكانی عیراقیش هەیە و كێشەیە، بۆیە دەیانەوێت بە هاوكاری چالاكوان و رێكخراوەكان و حكومەت و پەرلەمان، بەرەنگاری ببنەوە.

حەوت ساڵی ویست تا توانیمان بڕوا بە نەتەوە یەكگرتووەكان بهێنێن ئەم كێشەیە (خەتەنەی مێینە) لە عیراقیش بونی هەیە

وادی لە ساڵی 2005ـەوە هەڵمەتی "خەتەنەكردنی مێینە رابگرن"ـی لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیەش بەیاسا وەك بەشێك لە دەستكەوتەكانی ئەو هەڵمەتە دەبینێت.

به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی كه‌ ساڵی2011دا، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردووه‌، خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ وه‌ك ئه‌نجامدانی توندوتیژی هه‌ژماركراوه‌، قه‌ده‌غه‌یه‌ و ئه‌نجامدانیشی سزای تا سێ ساڵ زیندانی و غەرامەی تا 10 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە.

چیمەن رەشید، لێپرسراوی ئۆفیسی رێكخراوی وادی لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "كۆمەڵگەی عیراقی پێویستی بە زەمینەسازی و خۆئامادەكردنێكی زۆر بەهێز هەیە، تا ئەو باوەڕە دروستببێت بەرەنگاری خەتەنەكردنی مێینە ببنەوە، بۆ ئەوەش پێویستە لەگەڵ كەسانی ئایینی، خێزان، رێكخراوەكان و حكومەت گفتوگۆ بكرێت، متمانەی خەڵك بەدەستبهێنرێت و هۆشیاری لەبارەی زیانەكانی خەتەنەكردن بڵاوبكرێتەوە".

لە عیراق هیچ یاسایەك نییە بۆ قەدەغەكردنی خەتەنەی مێینە یان هانی خەتەنەی مێینە بدات.

"لە رێكخراوە مەدەنییەكان پرسیارم كردووە دەڵێن حاڵەتی زۆری خەتەنەی مێینە لە عیراق هەیە، پرۆسەكە بەردەوامیشە، بەڵام بە نهێنییە و لەبەرچاو نییە" بەوتەی چیمەن، كە پێیوایە كاتی ئەوە هاتووە بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە لە ناوچەكانی دیكەی عیراق وەك هەرێمی كوردستان بكەن بە كردار.

وادی لە بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردندا سێ ستراتیژی هەیە؛ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری، كۆكردنەوەی داتا و كاركردنە بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە لەناو خودی خەڵكەوە.

chiman wadi
دهۆك/ كانونی دوەمی 2022/ چیمەن رەشید، لێپرسراوی ئۆفیسی دهۆكی رێكخراوی وادی فۆتۆ: عەمار عەزیز

تۆماس ڤۆندێر ئۆستن دەڵێت چاوەڕواندەكەن لە گواستنەوەی ئەو ئەزمونەدا هەمان تەحەدییەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی دیكەی عیراق روبەڕویان ببێتەوە، "بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە لە سفرەوە دەستپێناكەین، میدیای عیراقی بەردەوام راپۆرت لەسەر بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بابەتەكە بۆ خەڵك نوێ نابێت".

ئەو بەهیوایە ئەنجامی هەڵمەتەكەیان لە عیراق هەرزوو بگاتە پەرلەمان، هاوشێوەی هەرێم بە یاسا لەوێش قەدەغە بكرێت، بۆ ئەوە چاویان لەوەیە لانیكەم پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا پاڵپشتی بكەن.

تۆماس ترسی نییە باكگراوندی ئایینی زۆرینەی پەرلەمانی رێگربێت لە قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە، بەوپێیەی پشت بە مەزهەبی حەنەفی دەبەستن بۆ پاڵپشتیكردنی هەڵمەتەكە كە خەتەنە وەك سونەت هەژماردەكات و واجب نییە، بەپێچەوانەی مەزهەبی شافیعییەوە، كە ئەو مامۆستا ئایینییانەیشی دژی خەتەنەن پشت بە مەزهەبی حەنەفی دەبەستن.

یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی چەند ساڵێكە لە پەرلەمانی عیراقە و پەسەند نەكراوە، بەڵام خاڵێكی تەرخاننەكراوە بۆ قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە وەك یاساكەی هەرێمی كوردستان.

یەكەمجارە رێكخراوێك دەیەوێت باسی بابەتێك بكات كە هەزاران ساڵە لە كۆمەڵگەكەدا هەیە و بە نهێنی ماوەتەوە

تۆماس پێیوایە قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیە بە یاسا رۆڵی گەورەی دەبێت لە بنەبڕكردنی دیاردەكە، بەوپێیەی كاتێك خەڵك دەزانن بە یاسا سزای لەسەرە، زیاتر بەدەم هەوڵەكانی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنەوە دەڕۆن و پێوەی پابەنددەبن، ئەوەش وەك ئەو دەڵێت دواجار لەدەستی پەرلەمانتاراندایە لە ناو خودی هەمان پرۆژەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانییدا هەوڵدەدەن جێگیری بكەن یان بیکەن بە یاسایەكی سەربەخۆ.

بەپێی توێژینەوەیەكی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق بۆ ساڵی 2018؛ ساڵانە زیاتر لە سەدا 7ـی كچان روبەڕوی خەتەنەكردن دەبنەوە و لە پلانیاندایە تا ساڵی 2030 لە جیهاندا كۆتایی بەو دیاردەیە بهێنن.

لێپرسراوی ئۆفیسی وادی لە دهۆك دەڵێت كاركردن لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق روبەڕوی تەحەدی زۆریان دەكاتەوە، چونكە "یەكەمجارە رێكخراوێك دەیەوێت باسی بابەتێك بكات كە هەزاران ساڵە لە كۆمەڵگەكەدا هەیە و بە نهێنی ماوەتەوە، لەكاتێكیشدایە ژنان نەك باسی بابەتێك هاوشێوە، بەڵكو هەندێكجار بۆیان نییە باسی كێشە و گرفتە كۆمەڵایەتییەكانیش بكەن.

"بەڵام ئێمە دەمانەوێت بەسەر هەموو تەحەدییەكاندا سەربكەوین و پرۆژەكە بکەین" چیمەن رەشید وای وت.

لەگەڵ ئەو هەڵمەتە نوێیەدا؛ پرۆژەكانی وادی لە هەرێمی كوردستانیش بەردەوام دەبن، لە چەندین شار هێشتا خەتەنەكردنی مێینە بنەبڕ نەكراوە و بەشی دوەمی پرۆژەكانیشیان بۆ ئەو كەسانەیە روبەڕوی خەتەنە بونەتەوە؛ تا هاوكاری بكرێن لە نەهێشتنی كاریگەرییەكانی ئەو دیاردەیە و ئاساییكردنی ژیانیان.

وادی، رێكخراوێكی ناحكومییە و لە ساڵی 1992ـەوه‌ دامەزراوە بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان ‌و گەشەپێدانی مرۆیی، یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌كانی كاركردنه‌ بۆ نه‌هێشتنی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه و (كه‌ركوك ناو)یش یەكێكە لە هاوبەشەكانی وادی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT