لە داقوق زەوی نیشتەجێبون دەستناكەوێت؛ نرخەكەی دەبێتە سێ هێندە

كەركوك/ 2024/ دیمەنێكی ناوەندی قەزای داقوق كە لە ئاسمانەوە وێنە گیراوە فۆتۆ: تایبەت بە (كەركوك ناو)

محەمەد ئەڵماس – كەركوك

لە ناوەندی قەزای داقوق، زەوی نیشتەجێبون دەستناكەوێت بۆ دروستكردنی خانوو و لە دەوروبەری شارەكەش نرخەكەی بۆ سێ هێندە بەرزبۆتەوە، تەنیا لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا.

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە تەواوی گەڕەك و ناوچەكانی داقوق نرخی زەوی نیشتەجێبون و خانوو بەرزبۆتەوە، لە هەندێك شوێن ئەگەر یەك پارچە زەوی نیشتەجێبون پێشتر بە 40 ملیۆن دینار بووبێت ئێستا بە زیاتر لە 100 ملیۆن و ئەگەر بە 10 ملیۆن دینار بووبێت ئێستا لە 40 ملیۆن دیناردا مامەڵەیان پێوەدەكرێت.

"پێشتر لەم گەڕەکەی ئێمە پارچەیەك زەوی 200 مەتر بە 10 ملیۆن دینار بوو بەڵام ئێستا گەیشتۆتە سەروو 40 ملیۆن دینار، لەكاتێكدا گەڕەكەكە دوورە لە سەنتەری شارەوە، پرۆژەی ئاوەڕۆ و قیرتاویشی نییە" محەمەد جەمال، دانیشتوی گەڕەكی ئیمام جابر لە داقوق بۆ (كەركوك ناو)، وای وت.

بەشێك لەو گەڕەكانە لە دوای ساڵی 2003ـەوە دروستكراون، دەكەونە دەرەوەی شار، تاپۆ و پرۆژەی خزمەتگوزارییان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵەكردن بە نرخی پارچەیەك زەوی دەگاتە نزیكەی 60 ملیۆن دینار، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخیش بۆ زیادبونی جوڵەی بازاڕ و باشبونی باری دارایی خەڵك دەگەڕێنرێتەوە.

غايب مام حسێن، خاوەنی نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوییە لە داقوق، بەپێی شارەزایی و چاودێریكردنی بۆ بازاڕی خانووبەرە، پێیوایە نرخ لە داقوق بەراورد بە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی دیكەی عیراق، گرانترە و لەناوشار هەر دەستیشناكەوێت، تەنیا لە دەوروبەری شار هەیە.

daquq (1)
كەركوك/ 2024/ گەڕەكێكی قەرەباڵغی ناوەندی قەزای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

"لە نزیك گوندی فەریق ئاوا كە دوورە لە شارەوە و هیچ پرۆژەیەكی تیادا نییە، پارچەیەك زەوی 200 مەتری گەیشتۆتە نزیكەی 40 ملیۆن دینار و نرخەكەی لە زیادبوندایە" بەوتەی غایب بۆ (كەركوك ناو).

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) لەڕێی نوسینگەكانی خانووبەرەوە، لەناوەندی شار، زەوی نیشتەجێبون نەماوە و هەمووی پڕكراوەتەوە، هەركەسێك بیەوێت خانوو دروستبكات، دەبێتە خانوی كۆن بكڕێت و بیڕوخێنێت.

"ئەو گرانییەی لە داقوق هەیە، لە شاری كەركوكیش نییە، زەوی نییە یان زۆر كەمە تا بكرێت بە خانوو، دەبێت خانوی كۆن بكڕیت تا خانوی تازە دروستبكەیت، ئەمەش دەبێتە دوو ئەرك و دوو خەرجی لەسەر كڕیار" سیروان حەیدر، دانشتوی ناوەندی داقوق وای وت، ئەو بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە، لە گەڕەكی فەرمانبەرانی ناوەندی شار، زەوی یان خانوو 100 ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە.

زیادبونی نرخی زەوی و خانوو، كە بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) لە شەش مانگی رابردودا زیاتر چڕبۆتەوە، هاوكاتە لەگەڵ جێبەجێكردنی زنجیرەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گەڕەكە جیاوازەكانی داقوق، كە هەندێكیان بۆ یەكەمجارە ئاوەڕۆ و شەقامیان بۆ دروستدەكرێت.

موسی کیانی، نوسینگەی خانووبەرەی هەیە لە داقوق، باس لە زیادبونی جوڵەی بازاڕ دەكات و دەڵێت لەكاتێكدا زەوی نیشتەجێبون لە ناوەندی شار دەگمەنە یان دەستناكەوێت، نرخەكەیشی بۆ 200 تا 250 مەتر گەیشتۆتە 120 ملیۆن دینار، نرخەكانیش بەپێی گەڕەك و دوور و نزیكی لە ناوەندی شارەوە، دەگۆڕێت.

قەزای داقوق (نزیكەی 16 گەڕەك لە ناوەندی شارەكەدا هەیە) بە دوری 44 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری كەركوك و ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 97 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT