ژمارەیەك گەڕەكی ناوەندی داقوق، دوای دەیان ساڵ و بۆ یەكەمجار چەندین پرۆژەی خزمەتگوزارییان پێدەگات، لە نێویاندا دروستكردنی ئاوەڕۆ و شەقام.
دانا خوادا، بەڕێوەبەری پرۆژەكان لە شارەوانی داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "جگە لە قیرتاوكردنی 40 شەقامی شارەكە، پرۆژەی خزمەتگوزاری دەگەیەندرێت بە گەڕەكەكانی ئاشتی، نەورۆز، ئیمام هوی، خوروز و ئازادی".
ناوەندی داقوق نزیكەی 16 گەڕەكی تێدایە، لە نێویاندا گەڕەكی ئاشتی، كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بنیاتنراوە و ئێستا نزیكەی 600 ماڵی تێدایە.
پاشا كەریم، لە گەڕەكی ئاشتی نیشتەجێیە، دەڵێت 27 ساڵە هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكەكەیان نەكراوە، ئەوەی هەیە، تەنیا ئەو چەند شەقامەیە كە لە هەشتاكاندا دروستكراوە، "دەیانجار سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانمان كرد و سودی نەبوو، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە پرۆژەی خزمەتگوزاریمان بۆ دەكرێت" بەوتەی ئەو هاوڵاتییە بۆ (كەركوك ناو).
لە دوای ساڵی 2003ـەوە، ژمارەیەك گەڕەك لە داقوق دروستبوون و بە زیادەڕۆ هەژماردەكرێن، وەكو گەڕەكی نەورۆز، كە یەكەمجارە پرۆژەی خزمەتگوزاری ئاوەڕۆ، شەقام و شۆستەی بۆ دەكرێت.
بەڕێوەبەری پرۆژەكانی شارەوانی دەڵێت، گەڕەكی ئاشتی دوای 27 ساڵ بۆ یەكەمجارە پرۆژەی بۆ دەكرێت، رێڕەوی ئاوەڕۆ بۆ گەڕەكەكە كراوە، شەقام و شۆستەی بۆ دەكرێت، لەگەڵ كۆنكرێتی ژمارەیەك شەقام، لە گەڕەكی نەورۆزیش بە هەمانشێوە بۆ یەكەمجار چەندین پرۆژە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
داقوق، بە دوری 44 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری كەركوك و ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 97 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.