پێنج سكاڵا لە دژی قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال تۆماركرا

قاسم شەشۆ بۆ (كەركوك ناو): مەبەستم هەموو موسڵمانان نەبوو

قاسم شەشۆ، فەرماندەی پاراستنی هێزی ئێزێدیخان

عەمار عەزیز

پێنج سكاڵا لە دژی قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال تۆماركرا، بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە ئایینی ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام، بەڵام ناوبراو دەڵێت "مەبەستم هەموو موسڵمانان نەبوو، پەیامەكەم تەنیا بۆ گروپێكی توندڕەوە".

قاسم شەشۆ لە ساڵیادی تێپەڕبونی 10 ساڵ بەسەر هێرشی "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام" ناسراو بە (داعش) بۆ سەر شنگال و ئێزیدییەكان، وتارێكی لە مەزارگەی شەرەفەدین پێشكەشكرد و لە بەشێكیدا وتی "تا محەمەد و ئایینەكەی مابێت، هێرش و فەرمانەكان بۆ سەر ئێزیدییەكان بەردەوام دەبن"، ئەوەش ناڕەزایی و كاردانەوەی توندی لە سۆسیال میدیای بەدواداهات.

تەنیا ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئاب لە دادگای دهۆك پێنج داوای یاسایی لە دژی قاسم شەشۆ تۆماركرا، لەوانە ئەوقاف و كاروباری ئایینی دهۆك، داواكاریی گشتی و خەڵكی ئاسایی.

بەهادین دەشتانی، پارێزەر لە دادگای دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "هەندێك لە پیاوانی ئایینیش سكاڵایان تۆماركرد، ئێمەش وەكو تیمی پارێزەران رێكاریی یاسایی بۆ سكاڵاكان دەگرینەبەر و بەپێی یاسای سزادانی عیراقی روبەڕوی یاسای دەكەینەوە".

بەپێی وتەی ئەو پارێزەرە پێویستە لەسەرەتادا بڕیاری دەستبەسەركردن بۆ قاسم شەشۆ دەربچێت و دواتر دادگاییبكرێت.

قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال، دوابەدوای ئەوەی سكاڵای لەسەر تۆماركرا، ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئاب، وتەكانی لە چوارچێوەی وتارەكەیدا رەتنەكردەوە، بەڵام بە (كەركوك ناو)ی وت "هەندێك كەس بە تایبەت كورد قسەكانی منیان بەلاڕێدا بردووە، پەیام و مەبەستی من تەنیا بۆ گروپێكی توندڕەو بووە"، زیاتر وتی "من باسی هەموو موسڵمانەكان ناكەم، سەدان ساڵە ئێمە لەگەڵ موسڵماندا مامەڵە دەكەین، چۆن بێڕێزییان پێدەكەم".

من باسی هەموو موسڵمانەكان ناكەم، سەدان ساڵە ئێمە لەگەڵ موسڵماندا مامەڵە دەكەین، چۆن بێڕێزییان پێدەكەم

قاسم شەشۆ وتیشی "من لە وتارەكەمدا بێڕێزیم بە محەمەد، پێغەمبەری ئایینی ئیسلام نەكردووە، بەهیچ شێوەیەك باسی هیچ پێغەمبەرێك ناكەم، ئەوە لە ئەخلاق و رەوشتی مندا نییە... سەرۆكی ئێمە كاك مەسعود بارزانییە و كاك نێچیرڤانیش سەرۆكی هەرێمە، ئێمە لەكاتێكدا ئەوان بە سەرۆكی خۆمان بزانین چۆن بێڕێزی بە پێغەمبەرەكەیان دەكەین!".

جارێكی تر جەختیكردەوە "ئەم بابەتەیان لەسەر من گەورە كرد، ئەوانە كەسانی توندڕەو و كوردن"، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی ئاگاداریی ئەو داوا یاساییانەیە كە لە دژی تۆماركراون.

بەپێی ماددەی 372 لە یاسای سزادانی عیراقی هەركەسێك بەشێوەیەكی ئاشكرا سوكایەتی و بێڕێزی بە یەكێك لە ئایینەكان و پیرۆزییەكانی بكات، یان سوكایەتی بە كەسایەتییەكی پیرۆزی ئایینەكە بكات، ئەوە بە بەندككردن سزادەدرێت كە لە ساڵێك كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت.

وتارەكەی قاسم شەشۆ، لە 10 ساڵەی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ئێزیدییەكان بوو، ئەو هێرشە لە 3ی ئابی 2014 كرایە سەر قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، بەهۆیەوە شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفێنران لە نێویاندا ژن و منداڵ.

هەر لەو‌ هێرشەدا، هەزار و 293 ئێزیدی كوژران، 68 مەزارگە خاپوركران و تائێستاش زیاتر لە 80 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییه‌كان دۆزراونەتەوە.

بەهادین دەشتانی، كە وەكو پارێزەری سكاڵاكاران كاردەكات، وتی "ئێمە لەسەر خەت دەبین تاوەكو قاسم شەشۆ بە سزای خۆی دەگات".

دووشەممە 5ی ئاب قاسم شەشۆ رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و لە بەشێكیدا دەڵێت "لێدوانەكەم هیچ سوكایەتییەكی تیانەبوو بۆ پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد)، چونكە ئایینی ئێزیدی سوكایەتیكردنی بە پێغەمبەران و پیاوچاكانی هەموو ئایین و بیروباوەڕەكانی  قەدەغەكردووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT