قاسم شەشۆ گەڕایەوە ناو پارتی
مەسعود بارزانی، كێشەی موچەی پێشمەرگەكانی چارەسەركرد

نه‌ینه‌وا، كۆتایی 2015، هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی شنگال له‌ ناوه‌ندی قه‌زاكه‌دا دوای ئازادكردنی له‌ ده‌ستی داعش فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

قاسم شەشو، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال، گەڕانەوەی خۆی بۆ ناو پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند، ئەوەش دوای كۆبونەوەیەكی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتیی و چارەسەركردنی كیشەی موچەی پێشمەرگەكانی.

قاسم شه‌شۆ، كه‌سی یه‌كه‌می سه‌ربازی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شنگال و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال، لە ناوه‌ڕاستی تشرینی دوه‌می 2020 له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا وازهێنانی له‌ فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ و حزبه‌كه‌ی (پارتی) راگه‌یاند، ئەوەش به‌هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی حزبیی و وه‌رنه‌گرتنی بۆچونه‌كانیان له‌ شێوازی دانانی بابه‌شێخ و میری ئێزیدییان.

شەشۆ كە خۆی لە پێكهاتەی ئایینی  ئێزیدییە، لە دوای وازهێنانی لە پارتی دیموكرات، موچەی دوو هەزار پێشمەرگەی فەرماندەییەكەی راگیرا، كە بۆ هەر 40 رۆژ جارێك بڕی 200 دۆلاریان پێدەدرا.

qasim.shaso
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال

قاسم شەشۆ، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەكەی قبوڵنەكردم و پێی وتم دەبێت لە ئەركەكەت بەردەوامبیت، منیش بڕیارمدا بەردەوامبم وەك فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال دەمێنمەوە".

ئەو گفتوگۆیە لە كۆبونەوەیەكی نێوان بارزانیی و قاسم شەشۆدا هاتووە كە ئەم هەفتەیە لە پیرمام بەڕێوەچووە.

قاسم شەشۆ بە (كەركوك ناو)ی وت "باسی زۆر شتمان کرد، لەوانە دوخی شنگال و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی شنگالەوە، هەورەها دۆخی ئەمنی ناوچەكە".

mazari sharafadin
مه‌زارگه‌ی شێخ شه‌ره‌فه‌دین؛ شوێنێكی پیرۆزی ئێزیدییه‌كانه‌ له‌ شنگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

لەبارەی چارەنوسی موچەی 2000 پێشمەرگەكانی كە سێ مانگە پێیاننەدراوە، قاسم شەشۆ وتی "كاك مەسعود کیشەکەی چارەسەرکرد و هەموو پێشمەرگەکانی شنگال موچەی خۆیان وەردەگرن، ئەوانەی موچەكانیان بڕدراوە لە چەند مانگی داهاتودا هەموی وەردەگرنەوە... ئیتر لەمەودوا لەکاتی خۆیدا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە موچەیان پێ دەدەرێت".

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ راستیدا كێشه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی شنگال نازانم چییه‌،.. بڕینی موچه‌كانیان پێده‌چێت به‌و هۆیه‌وه‌یه‌ بێت وه‌زاره‌ت داوایكردبێت به‌شداری له‌ مه‌شق و راهێنانی وه‌زاره‌تدا بكه‌ن و ئه‌وان ره‌تیانكردبێته‌وه‌"، زیاتر وتی "هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك ئاماده‌ی راهێنان نه‌بێت موچه‌كه‌ی ده‌بڕدرێت یان فه‌سڵ ده‌كرێت".

یاوه‌ر ئه‌وه‌شی وت ده‌رگای وه‌زاره‌ت هه‌موكات كراوه‌یه‌ تا پێشمه‌رگه‌كان سه‌ردانیان بكه‌ن و له‌ نزیكه‌وه‌ كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەو 2000 پێشمەرگەیەی شنگال هیچ داواكارییەكیان بۆ نەچووە لەبارەی ئامادەبونیان لە راهێنان و مەشق.

چارەسەركردنی موچەی ئەو پێشمەرگانەش بە بڕیاری سەرۆكی پارتی وەك قاشم شەشۆ دەڵێت، لەكاتێكدایە هێزەكەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە.

ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ دوای هێرشه‌كانی 2014ی داعشه‌وه‌ پێكهێنران به‌ فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێمی كوردستان، موچه‌ی مانگانه‌یان سه‌ره‌تا 300 دۆلار بووه‌ و ئێستا كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ بۆ 200 دۆلار.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT