پارێزگاری كەركوك: سەرژمێریی هیچ مەترسییەكی نییە

كەركوك/ 16ی تشرینی دووەمی 2024/ لایەنێك لە یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە كەركوك. فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

كەركوك ناو

رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك داوا لە هاوڵاتیانی پارێزگاكە دەكات، پابەندبن بە سەرژمێری گشتی و جەختدەكاتەوە لەوەی سەرژمێرییەكە هیچ نیەت و مەبەستێكی تری تیانییە و مەترسی نییە.

ئەو وتانەی رێبوار تەها لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە شەممە 16ی تشرینی دووەم لە بینای پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، دوابەدوای ئەنجامدانی یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە كەركوك.

رێیوار تەها روی دەمی كردە هەموو خێزانەكانی كەركوك و وتی "لەو دوو رۆژەدا لەنێو ماڵەكانی خۆتان بن، قەدەغەی هاتوچۆ هەیە، رێگاكان هەموی دەگیرێت، ئەمە بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكەیە"، زیاتر وتی "سەرژمێرییەكە هیچ مەبەستێكی تری تیا نابێت... ئێمە لە نزیكەوە چاودێری پرۆسەكە دەكەین،  هیچ مەترسییەك نییە و لەنێو ماڵی خۆتان بن تا پرۆسەكە تەواودەبێت".

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "داوا لە خەڵكی كەركوك دەكەم، بە تایبەت ئەوانەی لە كەركوك نین، وەرنەوە بۆ كەركوك، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە مافی خۆیان و بەشداربن لە سەرژمێری ساڵی 2024".

داوا لە خەڵكی كەركوك دەكەم، بە تایبەت ئەوانەی لە كەركوك نین، وەرنەوە بۆ كەركوك

ئەو وتەیە لەكاتێكدایە هیچ كەسێك ئەگەر لە پارێزگاكەی پێشوی خۆشی نەبێت بێبەش نابێت لەو سەرژمێرییە.

هەورەها بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەرژمێری كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بەپێی سەرژمێری ساڵی 1957 دەبێت و تەواوی داتاكانی لەگەڵ تۆماری ئەو ساڵە بەراورد دەكرێن، ئەو بەراوردكردنەش لیژنەیەكی هاوبەشی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم پێكەوە ئەنجامی دەدەن.

هاوڕێ تۆفیق. راوێژكار لە سەرۆكایەتی كۆمار كە لەبەشێكی زۆری دانیشتنەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بەشداربووە لە پرسی سەرژمێری، شەممە 16ی تشرینی دووەم لە گفتوگۆیەكی دامەزراوەی درەو میدیا كە نوێنەری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "سەرژمێری كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك بەهیچ شێوەیەك ئاشكراناكرێت تاوەكو لیژنە هاوبەشەكەی نێوان هەردوو حكومەت بەرواردكارییەكانی ئەم سەرژمێرییە لەگەڵ سەرژمێری ساڵی 1957 تەواو نەكەن".

بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان هەردوو حكومەت، هەركەسێك لە تۆماری ساڵی 1957دا نەبێت، ئەوە لە سەرژمێرییەكەدا لەسەر كەركوك هەژمارناكرێت، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی لە سەرژمێری ساڵی 1957 لە كەركوك ناویان هەیە، لە هەر كوێیەك بن ئەوا لەسەر كەركوك هەژماردەكرێن.

ئەو لێكتێگەیشتنە لەسەر داواكاریی وەفدی حكومەتی هەرێم بووە كە لە مانگی رابردودا بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێك سەردانی بەغدایان كرد.

هاوڕێ تۆفیق وتی "داواكارییەكە دوای ئەوە هات كە كورد ترسی هەبووە سەرژمێرییەكە بۆ مەبەستی تر بەكاربهێنرێت لەوانەش پرسی یەكلاییكردنەوەی ماددەی 140ی دەستور، بەڵام حكومەتی ناوەند دڵنیایی داوە كە بۆ ئەو مەبەستە بەكارناهێنرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش كورد رازی بووە بەشداربێت لە سەرژمێرییەكە".

كورد ترسی هەبووە سەرژمێرییەكە بۆ مەبەستی تر بەكاربهێنرێت لەوانەش پرسی یەكلاییكردنەوەی ماددەی 140ی دەستور

لە فۆرمی سەرژمێری هەردوو خانەی نەتەوە و مەزهەب لابراوە، ئەوەش دڵنیاییەكی ترە بۆ كورد و توركمان كە گومانیان لە نیەتی سەرژمێرییەكە هەبوو.

پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)دا، حسێن حەمید خەلەف، سەرپەرشتیاریی ناوەندی تایبەت بە کەرکوک لە دەستەی ئامار، جەختیكردەوە "ئەو سەرژمێرییە هیچ پەیوەندی بەو سەرژمێرییەوە نییە كە لە ماددەی 140ی دەستوری عیراقدا باسكراوە".

یەكێك لە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، ئەنجامدانی سەرژمێرییە بۆ یەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی كەركوك.

حسێن حەمید، كە لە بەغدادەوە تایبەت بۆ پرسی سەرژمێری رەوانەی کەرکوک كراوە، وتی "ئامانجی سەرەكی ئەم سەرژمێرییە بۆ ئەوەیە حكومەت بزانێت خەڵك لەكوێ و لە چ ناوچەیەك نیشتەجێیە و دەژیت و پێویستی بە چ جۆرە خزمەتگوزارییەكە".

وتیشی "ئەگەر هەر ماڵێک یان هاوڵاتییەک بەڵگەی نیشتەجێبوونی شەش مانگی هەبێت کە لە شوێنێکی تر نیشتەجێیە، وەک ژماردن لەسەر ئەو شوێنە هەژمارە دەکرێت، بەڵام ئەوە کاریگەری ناکاتە سەر ڕەسەنێتی ئەو كەس و خێزانە"، حسێن حەمید زیاتر وتی “بۆ نمونە كاتێك تۆ كەركوكیت، بەڵام لە هەولێر، یان سلێمانی و بابل دادەنیشیت، ئەوە کاریگەری نابێت کە رەسەنی تۆ بسڕیتەوە کە لە بنەڕەتدا کەرکوکیت، بەڵام كاریگەریی دەبێت لەسەر ئەوەی لە كوێ دادەنیشیت هەر لەوێش پێویستت بە خزمەتگوزارییە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT