كەركوك لە چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی 300 هەزار دۆنم زەویدایە

كەركوك/ كانونی دووەمی 2025/ جوتیارێك لەساتی كێڵانی زەوییە كشتوكاڵییەكەیدا. فۆتۆ: كەركوك ناو

رێباز حەسەن

لانیكەم 300 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای كەركوك دوای زیاتر لە 50 ساڵ بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان دەگەڕێتەوە، دەیان سكاڵاش دژ بە جوتیاران لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدان، بەڵام هێشتا جوتیاران بە گومانەوە لە جێبەجێكردنی دەڕوانن.

پەرلەمانی عیراق سێشەممە، 21ـی كانونی دووەم، سێ یاسا و هەمواری یاسایی پڕ لە مشتومڕی یەكلاییكردەوە و دەنگی لەسەردا، بەپێی رێككەوتن و تەوافوقی پێشوەختەی پێكهاتەكانی شیعە، سونە، كورد و توركمان، لە نێویاندا پەسەندكردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنەکانیان.

ئومێد محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "پەسەندكردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەكانیان ئەوانەی هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش (هەڵوەشاوە) دەیانگرێتەوە، هەموو ئەو زەوییانە دەگرێتەوە، كە ئەو ئەنجومەنە خاوەندارێتی لە زەوی جوتیارانەوە گۆڕی بۆ وەزارەتەكانی دارایی، بەرگری، شارەوانی و نەوت".

وتیشی "جگە لە کورد و تورکمان، بەشێك لە عەرەبی سوننەش سودمەند دەبن، بەتایبەت ئەوانەی لە سەردەمی حزبی بەعسدا رەتیانكردەوە ببنە بەعسی و بەهۆیەوە زەوییەكانیان لێوەرگیرا".

ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش (هەڵوەشاوە)، كە دەسەڵاتی دەركردنی یاسای هەبووە، لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوو، كۆمەڵێك بڕیاری لەبارەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جوتیاران بەتایبەت لە ناوچەكانی جێناكۆك لە عیراق دەركرد، بڕیارەكان بریتی بون لە دابەشكردنی زەوییەكانیان بەسەر وەزارەتەكان و ئەوانیش بەشێوەی گرێبەست بەسەر خەڵكی تردا دابەشیانكرد.

بەپێی خەمڵاندنی پارێزەرانی كەیسەكانی جوتیاران و خودی جوتیاران، تەنیا لەكەركوك لانیكەم 300 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە خاوەنە رەسەنەكانیان وەرگیرانەوە.

ئومێد محەمەد وتی "لە وەرگرتنەوەی زەوییەكان كورد و توركمان پشكی شێریان بەردەكەوێت".

ئەو زەوییانەی بڕیارەكە نایگرێتەوە

بەپێی بڕیارەكە، كە ئومێد محەمەد جەختیلێكردەوە "یاساكە گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە ناگرێتەوە، بۆری نەوتی پێدا تێپەڕدەبێت و بەلای راست و چەپی بۆرییەكەدا بە دوری 100 مەتر خاوەندارێتیان وەك موڵكی وەزارەتی نەوت دەمێنێتەوە".

لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی ئەو زەوییانەش ناگرێتەوە كە حكومەت سەربازگەی لەسەر دروستكردووە، لەوانە سەربازگەی كەیوان و سەربازگەی خالید.

لە یاساكەدا ئەوەش هاتووە كە "ئەو زەوییانەش ناگرێتەوە كە پێشتر حكومەت لە بەرامبەر بەكارهێنانیدا قەرەبوی پێداون... هاوكات ئەو زەوییانەش ناگرێتەوە كە بۆ بەرژەوەندی گشتی تەرخانكراون".

ساتع ناسح، نوینەری جوتیارانی گوندی تۆپزاوا، دڵخۆشی خۆی بە دەركردنی یاساكە دەربڕی و وتی "ئەوە یەكێك بوو لە داواكارییە سەرەكییەكانمان لە دوو دەیەی رابردودا... ئەوەی گرنگە ئێستا بڕیارەكە دەرچووە، بەڵام لەوە گرنگتر جێبەجێكردنیەتی".

لە دوای دەرچونی یاساكە، نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا جەختیكردەوە كە قسەی لەگەڵ خالید شوانی، وەزیری دارایی عیراق كردووە و وتویەتی یاساكە بنکەی سەربازی کەیوەن، فڕۆکەخانەی کەرکوک و حلێوە و زوبا ناگرێتەوە".

سەبارەت بە ئایندەی ئەو 5000 هەزار دۆنم زەوییەی گوندی تۆپزاوا كە سوپا دەستیبەسەردا گرتووە بە پاساوی ئەوەی موڵكی وەزارەتی بەرگرین، ساتع ناسح وتی "وەزیری داد وتویەتی ئەو زەوییانە و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك و فەرماندەیی فیرقەی 11ی سوپاش كە لەسەر 600 دۆنم زەوی بارەگایان دروستكردووە، هەموی دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان". 

دژ و تەبا لەگەڵ بڕیارەكەدا

بڕیارەكە لەلایەن سەركردایەتی حزبە كوردییەكان و بەرەی توركمانی پێشوازی لێكرا و بە "سەركەوتنی گەورە" وێنایان كرد، بەڵام هەندێك لایەنی عەرەبی پەسەندكردنی یاساكەیان بە "نایاسایی" ناوبرد.

دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەر بە حكومەتی هەرێم، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "پێمانوایە ئامانجێکی گەورەمان بەدیهات کە ماوەیەکی زۆرە تەواوی هەوڵەکانمان لە هەولێر و لە بەغدا بۆ تەرخانكردووە... ئەم هەنگاوە گیانی کاری پێکەوەیی نێوان پێکهاتەکانی عیراق قوڵتر و روبەڕوی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان فراوانتر دەکات".

وەسفی عاسی، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی كەركوك، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا ناڕەزایی خۆی نیشاندا دژی پەسەندكردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زار بە خاوەنەكانیان، پرۆسەی دەنگدان بەو یاسایە بە "نایاسایی" ناودەبات و دەڵێـت؛ هانا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەن، تا پێداچوونەوە و وردبینی بۆ پەسەندكردنی یاساكە بكات، كە بەبڕوای ئەوان پێشێلكاری تێدا بووە.

"بە دڵنیاییەوە ئەنجامی دادگا ئەرێنی و لە بەرژەوەندی ئێوەدا دەبێت"، عاسی روی دەمی دەكاتە هاوڵاتیانی عەرەبی كەركوك و وادەڵێت.

بەپێی دەستوری عیراق هەر  یاسا و بڕیارێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە واژۆبكرێت یان رەتیبكاتەوە، دواتر لە ماوەی 30 رۆژدا لە رۆژنامەی وەقایعی حكومەت بڵاودەكرێتەوە و لەوكاتەوە وەزارەتەكان رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی دەردەكەن، بەگشتی لە ساتی دەرچونی یاساكەوە تا جێبەجێكردنی 45 رۆژی پێدەچێت.

لە چەند ساڵی رابردودا دەیان جوتیار روبەڕوی دەستگیركردن بونەوە و روبەڕوی دادگا كرانەوە، دوای ئەوەی لەلایەن سوپای عیراقەوە، سكاڵایان لەسەر تۆماركرا بەهۆی بەكارهێنانی زەوییەكانیان بۆ كشتوكاڵ.

شکار مەردان، پارێزەری هاوڵاتیانی گوندی تۆپزاوا لە كەركوك، وتی "سوپای عیراق سكاڵاكانی  بە تۆمەتی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵك كردووە، چونكە سوپا زەوییەكان بە موڵكی خۆی دەزانێت، بۆیە لەگەڵ جێبەجێكردنی یاساكە هەموو ئەو سكاڵایانە هەڵدەوەشێتەوە".

بەڵام وتی "ئەوكات پێویستە لەڕێی ئاماری زەویوزاری كەركوكەوە بەشێوەیەكی فەرمی، دادگا ئاگاداربكاتەوە لە بونی ئەو یاسایە".

ساتیع ناسح وتی "چەند جارێك لەسەر سكاڵای سوپا دەستگیركراوین و ئێستاش دۆسییەكانمان لە دادگایە، داوا دەكەین لەئێستاوە دۆسییەكان كۆتاییان پێبهێنرێت".

دەربارەی ئەو زەویانەی کە چوونتە خزمەتی وەزارەتی بەرگری و نەوت و شارەوانی ئەو پارێزەرە ڕایگەیاند خاوەنەکانیان دەتوانن سکڵا تۆمار بکەن و داوای قەرەبوو بکەن بۆ وەرگرتنی مافەکانیان.

شکار مەردان، دەربارەی ئەو زەوییانەی كە چونەتە، خزمەتی وەزارەتی بەرگری، نەوت و شارەوانی، وتی "خاوەنەكانیان دەتوانن سكاڵا بكەن و داوای قەرەبوو بكەنەوە".

بەپێی یاساكە ئەو زەوییانەی كراون بە یەكەی نیشتەجێبون، لەسەر حكومەت پێویستە بیر لە چۆنیەتی قەرەبوكردنەوە بكاتەوە.

هاوكات ئەو جوتیارانەی پێش بڕیارەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، لە كەركوك بون و زەویی كشتوكاڵییان پێدراوە، پێویستە حكومەت لە شوێنی تر زەوییان پێبدات بەشێوەی گرێبەست، ئەمەش وەك قەرەبوكردنەوەیەك، بەڵام ئەو خەڵكانەی كاتی بڕیارەكە لە كەركوك نەبون و لەكاتی بڕیارەكەدا هاتون، پێویستە لە شوێنی لەدایكبونی خۆیان گڕێبەستی كشتوكاڵییان بۆ بكرێت، بە نزیكەیی هەمان ئەو روبەرە زەوییەی كە بەپێی یاساكە لێیان وەردەگیرێت، لەگەڵ تێچوی چاندن، خانوو و مەسروفاتی تر.

عامر محەمەد، جوتیارێكی توركمانە لە گوندی یەحیاوە و لە ساڵی 1975 بەشێك لە زەوییەكەی لێسەندرا و بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشكرا، وتی "جوتیارە عەرەبەكان دەڵێن گرێبەستی حكومەتمان هەیە و مافی خۆمانە".

وتیشی "بڕیارەكە بۆ ئێمە وەک جەژن وایە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT