لایەنە عەرەبییەكان نەیانهێشت دەنگ بدرێت لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، تاوەكو چەند پێشنیارێكی خۆیان لە نێو پڕۆژە یاساكەدا جێگیرنەبێت، بەو هۆیەوە نەتوانرا دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەو پڕۆژە یاسایە كە لە چەند ماددەیەك پێكدێت و تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو، چوارشەممەی رابردوو 22ی ئایار خرایە بەرنامەی كارەوە، بەڵام نەتوانرا پەسەندبكرێت.
بە پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە، ئەو زەویوزارانەی لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی تر، لە سەردەمی سەدام حسێن لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو، لە خاوەنە رەسەنەكانیان سەندرابون، دەگەڕێنرێنەوە بۆیان. بەتایبەت بڕیاری ژمارە 369 كە تایبەتە بە زەوییەكانی كەركوك و دوزخورماتوو.
سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق و نوێنەرێكی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند لایەنێكی عەرەبی لە دانیشتنەكەدا وتیان ئێمەش وەكو عەرەب لە سەردەمی حزبی بەعس زوڵمی زۆرمان لێكراوە و خەڵكمان لێ شەهید بووە و لە چەند ناوچەیەكیش زەویمان داگیركراوە، بۆیە چەند پێشنیارێكیان هەبوو، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی كە بەهۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشەوە زەوی لەو پێكهاتەیەش سەندراوەتەوە".
ئەو پێشنیارە بووە هۆی ئەوەی نەتوانرا پڕۆژەكە پەسەند بكرێت، وەك سەباح حەبیب وتی "دانیشتنەكە دواخرا بۆ ئەوكاتەی كە پێشنیاری عەرەبەكانیش لە نێو پڕۆژە یاساكەدا جێی دەكرێتەوە و جارێكی تر لیژنەی یاسایی دوبارە كاتی دانیشتن دیاریدەكات"، زیاتر وتی "هەمووان لە پەرلەمان داوایانكرد پێشنیاری عەرەبەكانیش وەربگیرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی یاسایی ئەو كارە دەكەن".
وەسفی عاسی، پەرلەمانتاری عەرەب و نوێنەرێكی تری كەركوك، لە راگەیەنراوێكدا دوابەدوای دواخستنی پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە، جەختیكردەوە "ئەم پڕۆژە یاسایە ستەمە دەرهەق بە پێكهاتەی عەرەبی لە كەركوك، چونكە تاكە زەرەرمەند لەم پڕۆژەیە پێكهاتەی عەرەبە".
هەروەها وتی "تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیە یاسایە، پێچەوانەی راستییەكانە و دوپاتیدەكاتەوە كە خاوەنی ئەم زەویوزارانە بەشێك نین لە كێشەی ماددەی 140 و نایانگرێتەوە... ئەمەش بە پاساوی ئەوەی ئەو زەویوزارانە هی كوردن و لە سەردەمی رژێمی بەعس دەستی بەسەرداگیراوە".
سەباح حەبیب وتی "ئێمە پێمانوایە عەرەبەكانیش مافی خۆیانە داواكارییان هەبێت، بەڵام ئێمە وەكو كورد ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایە تێنەپەڕێت، ئەوا ئامادەنین دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجە بدەین". وتیشی "پەرلەمان بۆتە هۆكاری دواكەوتنی چارەسەری یەكلاییكردنەوەی كێشەی زەویوزارەكان و دانیشتنەكان پەكدەخرێت".
ئەوەش لەكاتێكدایە چەندجارێك فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، جەختیكردۆتەوە كە كاتێك سەردانی بەغدا دەكەن بۆ كێشەی ناوچەكانی جێناكۆك و بەتایبەت زەوییە كشتوكاڵییەكان، پێیاندەوترێت ئەو زەوییانەی لە دەستیان بەسەردا گیراوە، "مافی کوردە و دەبێت بۆیان بگەڕێتەوە، بەڵام راستییەکەی من ئەوە بە موجامەلە دەبینم. ئەو رێگریانەی هەن سیاسیین و پێویستیان بە چارەسەری سیاسییە".