فشارەكان كاری خۆی كرد
هەمواری یاسای باری كەسێتی رێگە بە هاوسەرگیريی كچانی نۆ ساڵ نادات

نەینەوا/ 2024/ ناڕەزایی چالاكوانی ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی لە پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: ئەحمەد بلە

كەركوك ناو

هەمواری یاسای باری كەسێتی لە عیراق، تەمەنی هاوسەرگیری وەكو پێشتر دەهێڵێتەوە و رێگەنادات كچانی نۆ ساڵ بەشوو بدرێن، كە جێی مەترسی و ناڕەزایی بوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.

رۆژنامەی وەقایعی عیراقی بە ژمارە 4814 لە 17ـی شوباتی 2025، دەقی هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە 188ـی ساڵی 1959ـی بڵاوكردەوە، بەوەش راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی هەموارەكە پێویستە تۆماری حكومە شەرعییەكان لە پرسەكانی پەیوەست بە باری كەسێتی، زامنی ئەوەبكات هیچ دەقێكی نەبێتە هۆی كەمكردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیری یان رێگەبدات بە پێشێلكردنی مادەی 8ـی یاسای باری كەسێتی.

بەپێی ئەو بەشەی هەموارە نوێیەكە بێت رێگە بە هاوسەرگیريی كچانی نۆ ساڵ نادرێت.

ماددەی 8ـی یاسای باری كەسێتی كە هەموارەكە بۆی دەگەڕێتەوە، بریتییە لە دوو بڕگە و لە بڕگەی یەكەمیدا هاتووە؛ هەر كچێك له‌كاتی هاوسه‌رگیرییدا 15 ساڵی ته‌مه‌نی پڕكردبێته‌وه‌ ئه‌وا دادوه‌ر ده‌توانێت رێگه‌ی پێبدات ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت له‌روی جه‌سته‌ییه‌وه‌ شیاوه‌، ئه‌وه‌ش دوای ره‌زامه‌ندی به‌خێوكه‌ر، له‌بارێكدا به‌خێوكه‌ر ره‌زامه‌ندی نیشان نه‌دات، دادوه‌ر واده‌یه‌كی بۆ داده‌نێت و ئەگه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا هۆكارێكی بڕاوپێهێنه‌ری نه‌بوو بۆ رێگریكردن، ئه‌وا ره‌زامه‌ندییه‌كه‌ی دادوه‌ر بۆ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ كاری پێده‌كرێت.

له‌ بڕگه‌ی دوه‌می مادده‌ی 8ـی یاساكه‌دا، باس له‌وه‌كراوه‌ هه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نی 15 ساڵی ته‌واو كردبێت، ئه‌گه‌ر پێویستی زۆر هه‌بێت بۆ هاوسه‌رگیریییه‌كه‌ی، ئه‌وا ره‌زامه‌ندی پێده‌درێت له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی باڵغ بێت و له‌ڕوی جه‌سته‌ییه‌وه‌ شیاو بێت.

مەترسی گەورەی رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە ژنان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئەوەبوو؛ هەمواری پێشنیازكراوی یاساكە، رێگە بۆ هاوسەرگیریی كچانی منداڵی نۆ ساڵ بكاتەوە، بەوپێیەی هەندێك لە مەزهەبەكان رێگە بە هاوسەرگیری لەو تەمەنەدا دەدەن، هەروەها لە رەشنوسەكەدا و پێش پەسەندكردنی، هیچ بڕگەیەكی تیادا نەبوو تایبەت بە تەمەنی هاوسەرگیری یان تۆماری حوكمە شەرعییەكان پابەندبكات بەو تەمەنی لە یاسا كۆنەكەدا هاتووە كە 15 ساڵە.

zhnan-musil-82024-8
نەینەوا/ 2024/ ناڕەزایی چالاكوانانی ژنان دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی فۆتۆ: ئەحمەد بلە

ساڵی رابردوو، پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارێكدا داوایكرد دەستبەجێ بە تەواوەتی پێشنیازەكانی هەمواری یاسای باری كەسێتی رەتبكرێتەوە، كە دەبێـتە هۆی پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەكانی ژنان، بە تایبەت مەترسی بەشودانی كچانی منداڵ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، ئەوەش دوای شەپۆلێك لە ناڕەزایی ژنان و رێكخراوە داكۆكیكارەكانی مافی ژنان هات لە عیراق، لە نێویاندا "هاوپەیمانی 188" كە چەندین رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاكوانی ژنانی لە عیراق و هەرێمی كوردستان تێدایە.

هەریەك لە رێكخراوەكانی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) و هیومان رایتس وۆچ ساڵی رابردوو بە راپۆرتی جیا نیگەرانی و راپۆرتی ناڕەزاییان دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی بڵاوكردەوە، بە تایبەت ئەگەری هاوسەرگیريی كچانی نۆ ساڵ.

بەپێی راپۆرتێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەريی عیراق، هاوسەرگیريی پێشوەختە لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبونەوەی رێژەی جیابونەوەیە، هەروەها ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەریدەخەن سەدا 28ـی كچانی عیراق پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیری دەكەن، سەدا 22ـی هاوسەرگیريی تۆمارنەكراو كچانی خوار تەمەنی 14 ساڵی لە خۆدەگرێت، لەكاتێكدا ئەو كچانەی هاوسەرگیريی پێشوەختە دەكەن زیاتر له‌ هه‌ر كه‌سێكی تر روبه‌ڕوی توندوتیژی، هه‌ڕه‌شه‌ و كێشه‌ی ته‌ندروستی ده‌بنه‌وه‌.

لە بەرانبەر ناڕەزاییەكاندا ئەنجومەنی باڵای دادوەری پشتگیری خۆی بۆ هەموارەكە نیشاندا و رەتیكردەوە، هەنگاوێك بێت بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە و منداڵ، لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش لە ئەیلولی 2024ـدا بەڵێنیدا هەموو ناڕەزایی و تێبینییەكان لە بارەی هەموارەكە بە هەند وەربگرن.

تۆماری حوكمە شەرعییەكان لە پرسەكانی باری كەسێتی رەوانەی پەرلەمان دەكرێت و لە چوار مانگدا رەزامەندی لەسەر دەدرێت

ئەو هەموارەی پەرلەمانی عیراق لە 21ـی كانونی دوەمی 2024ـدا پەسەندیكرد و ئێستا كاری پێدەكرێت، جیاوازە بە بەراورد بەو رەشنوسەی پێشتر خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ناوەڕۆكەكەی گۆڕدراوە، لە نێویاندا، لابردنی ئەو بڕگە و دەقانەی پەیوەستن بە مەزهەبی سونە، بەوپێیەی لە هۆكارەكانی دەرچواندنی هەموارەكەدا هاتووە؛ پەیڕەوانی سونەمەزهەب ناگرێتەوە چونكە پێی قایل نەبوون.

هەموارەكە تەنیا بریتییە لە زیادكردنی بڕگەی سێیەم بۆ ماددەی دوو لە یاسای باری كەسێتی، بەپێی خاڵێكی ئەو بڕگە زیادكراوە؛ هەر پیاو و ژنێكی موسڵمانی عیراقی، لە كاتی گرێبەستی هاوسەرێتی و تۆماركردنی لە دادگای باری كەسێتی، بژاردەی ئەوەیان لە بەردەمدایە حوكمەكانی مەزهەبی شیعەی جەعفەری بەسەر خۆیان و منداڵەكانیان (خوار تەمەنی 18 ساڵ)ـدا جێبەجێبكرێت لەهەموو پرسەكانی باری كەسێتی، دواتریش بۆیان نییە ئەو بژاردەیە بگۆڕن.

هەروەها ئەنجومەنی زانستی لە دیوانی وەقفی شیعی، بە هاوکاری ژمارەیەک دادوەر و پسپۆڕی یاسایی و بە هەماهەنگی ئەنجومەنی دەوڵەت (تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسێتی بەپێی مەزهەبی شیعەی جەعفەری) دادەنێت و رەوانەی پەرلەمانی عیراقی دەكات تا لە ماوەی چوار مانگدا لە رۆژی جێبەجێكردنی یاساكەوە رەزامەندی لەسەر بدات، پەرلەمان پابەندكراوە لە 30 رۆژدا رەزامەندی بەسەر تۆمارەكە بدات و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بڕگەیەكی دیكەی رەشنوسی هەمواری یاسای باری كەسێتی كە جێگەی ناڕەزایی بوو، تایبەت بە پەسەندكردنی گرێبەستی هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگا، بەڵام لەكاتی پەسەندكردنیدا ئەو بڕگەیە لابراوە.

لە هەموارەكەدا هاتووە؛ تۆماری حوكمە شەرعییەكان كە وەقفی شیعە دایدەنێت، نابێت هیچ دەقێكی تیادا بێت بۆ دیاریكردنی مافی لە خۆگرتنی منداڵ خوار تەمەنی حەوت ساڵ لەلایەن دایكەوە (منداڵی كچ یان كوڕ بێت). لەكاتێكدا یاسای باری كەسێتی مافی پەروەردەكردن و لەخۆگرتنی منداڵی بە دایكەكە داوە بەبێ دیاریكردنی تەمەنی منداڵەكە، تەنیا ئەوەنەبێت لە 15 ساڵیدا دادگا مافی هەڵبژاردن لە نێوان دایك و باوكەكەدا بە منداڵەكە دەبەخشێت.

zhnan-17
كەركوك/ تەمموزی 2021/ گردبونەوەيەكی ژنانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دژی هەوڵی هەمواری یاسای باری كەسێتی فۆتۆ: كەركوك ناو

تۆمارە شەرعییەكە پابەندكراوە لە پرسی فرەژنیدا، زامنی ئەوەبكات نەبێتە هۆی پێشێلكردنی مەرجەكانی هەردوو بڕگەی 4 و 5ـی ماددەی 3ـی یاسای باری كەسێتی، كە تیایدا هاتووە فرەژنی پێویستی بە رەزامەندی دادوەر هەیە بە مەرجی ئەوەی؛ پیاوەكە توانای باشی دارایی هەبێت، بەرژەوەندییەکی گونجاو و شەرعی لەو پڕۆسەیەدا هەبێت، هەروەها ترسی نەبێت لەوەی نەتوانێت لە نێوان ژنەكانیدا دادپەروەربێت.

بەپێی هەموارە نوێیەكەی یاسای باری كەسێتی، هەر ژن و مێردێك كە پێش ئەو هەموارە هاوسەرگیرییان كردووە، یان هەر هاوڵاتییەكی موسڵمانی عیراقی، دەتوانن داوای ئەوەبكەن حوكمەكانی مەزهەبی شیعەی جەعفەری بەسەر خۆیاندا و منداڵەكانیان (خوار تەمەنی 18 ساڵ)ـدا جێبەجێبكرێت.

دادگاكانیش پابەندن بە جێبەجێكردنی حوكمەكانی تۆماری شەرعی لە دەركردنی هەر بڕیارێك بۆ دۆسیەكانی پەیوەست بە باری كەسێتی (بۆ ئەوانەی حوكمی مەزهەبی شیعەی جەعفەری دەیانگرێتەوە).

ئەگەر لایەنەكانی دۆسیەیەك ناكۆكبون لەسەر هەڵبژاردنی حوكمەكانی مەزهەبی شیعەی جەعفەری یان یاسای باری كەسێتی، ئەوا دادگا پشت بە رای زۆرینە دەبەستێت یان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بژاردەیەی دادپەروەری تیادا بەدیدێت.

هەروەها تا ئەوكاتەی تۆماری حكومە شەرعییەكانی پەیوەست بە باری كەسێتی دەردەكرێت، لە هەر دۆسیە و پرۆسەیەكی هاوسەرگیری لەسەر مەزهەبی شیعەی جەعفەری، دەگەڕێنەوە بۆ راوبۆچوون و راسپاردەكانی ئەنجومەنی زانستی لە وەقفی شیعە. وەك لە هەمواری یاسای باری كەسێتیدا هاتووە.

هەمواری یاسای باری كەسێتی، پێشتر و لە ساڵانی 2014 و 2017 شكستی هێنا، تا دواتر رائد مالیكی پەرلەمانتاری سەربەخۆ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزیكردەوە بە پاڵپشتی پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی باڵای شیعە، لە نێویاندا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان.

هەموارەكە لە  ئابی 2024 خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و لە كۆتاییەكانی ئەو ساڵەشدا دوای چەند هەوڵێك خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرا. لەوكاتەوە، پەرلەمان نەیتوانی پەسەندی بكات، بەوپێیەی بەشێك لە پەرلەمانتارانیش دژی بون.

دواتر بە رێككەوتنی زۆربەی كوتلەكانی شیعە، سونە، كورد و توركمان، بە یەك پاكێج هەمواری یاسای باری كەسێتی لە بەرژەوەندی پێكهاتەی شیعە و دوو یاسای دیكە (لێبوردنی گشتی لە بەرژەوەندی عەرەبی سونە) و (گەڕانەوەی زەوی و زار لە بەرژەوەندی كورد و توركمان) پەسەندكران.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT