ژمارەیەك لە ژنانی رێكخراوەكانی مەدەنی، ناڕەزایی دژی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری كەسێتی دەردەبڕن، كە تیایدا مافی پەروەردەكردن و مانەوەی منداڵی حەوت ساڵ لە دایك وەردەگرێتەوە.
ئەو ژنانە ئێوارەی 8ی تەمموزی 2021 لە شاری كەركوك بە بەرزكردنەوەی دروشمەكانی "منداڵان مەكەنە سوتەمەنی ناكۆكییەكانتان.. یاساكانتان پڕ لە ستەمە... لە دایكم بێبەشم مەكەن" گردبونەوە.
چیمەن ئەحمەد، پارێزەر و بەشداربوی گردبونەوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "چوار ساڵ جارێك موزایەدەی سیاسی بە مافی ژنان و دایكانەوە دەكرێت، ئێستاش مەبەستیانە منداڵ لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە بدرێت بە باوكی و لە دایكی بێبەشبكرێت".
"ئەو گۆڕانكارییە بەلای ئێمەوە قبوڵكراو نییە، پێمانوایە ئیهانەیە بە مافی منداڵان و دایكان و مافەكانی مرۆڤ، پێمان شەرمە بڵێین ئەوە یاسایە، بەڵكو پێشێلكارییە" بەوتەی چیمەن.
بەپێی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای ژمارە 188ی باری كەسێتی ساڵی 1959 كە ئێستا لە پەرلەمانی عیراقە و هێشتا پەسەندنەكراوە، ماددەی 57 گۆڕانكاری تیادا دەكرێت بەشێوەیەك كە دایك لە كاتی هاوسەرگیری یان جیابونەوەدا مافی پەروەردەكردن و لەخۆگرتنی منداڵەكەی هەیە تا ئەوكاتەی تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵ.
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو ماددەیە پێشتر مافی پەروەردەكردن و لەخۆگرتنی منداڵی بە دایكەكە داوە بەبێ دیاریكردنی تەمەنی منداڵەكە، تەنیا ئەوەنەبێت لە 15 ساڵیدا دادگا مافی هەڵبژاردن لە نێوان دایك و باوكەكەدا بە منداڵەكە دەبەخشێت.
ڤیدیۆ: گردبونەوەی ناڕەزایی ژمارەیەك لە ژنانی چالاكوان دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی
چیمەن دەڵێت "منداڵ هەمیشە لای دایك بەنازترە، باشتر پەروەردە دەكرێت .. كەچی ئەمان لە پەرلەمانی عیراق دەیانەوێت پیاوسالاری زیاتر دروستبكەن ومافی منداڵ لەو نێوەندەدا پێشێلبكەن".
ژنانی بەشداربوی گردبونەوەكە جەختیان لە گرتنەبەری رێكاری دیكەی مەدەنی كردەوە دژی هەموارەكە و رێگەنادەن "منداڵ لە دایكی بكرێت" وەك ئەوان دەڵێن.
هەنا خێروڵا، سەرۆكی رێكخراوی سارا بۆ چاودێری منداڵان بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمانەوێت ئەو پەیامە بەگوێی پەرلەمان و حكومەتدا بدەین كە بەتوندی دژی هەمواری یاساكە دەوەستینەوە و داوادەكەین منداڵ لە ئامێزی دایكیدا بمێنێتەوە، چونكە دایك هەمیشە ئامێزی پڕ لە میهرەبانییە".
گۆڕانكارییەكی دیكەی هەمان ماددەی یاسای باری كەسێتی لە هەموارەكەدا كە ژنانی چالاكوان دژی دەوەستنەوە ئەوەیە؛ منداڵ دوای لەدەستدانی باوكی و كاتێك تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵ مافی پەروەردەكردنی دەدرێت بە باوكی پیاوەكە، بەدوای ئەودا ئینجا ئەو مافە بە دایك دەدرێت، لەكاتێكدا پێشتر لەكاتی نەمانی باوكدا راستەوخۆ مافی پەروەردەكردنی منداڵەكە بۆ دایك بوو.
"داواكاری و هەوڵی ئێمە بەردەوامدەبێت تا رێگریی لە پەسەندكردنی هەمواری یاسای باری كەسێتی بكەین" هەنا وای وت.