رێكخستنەوەی خێزان لە موسڵ؛ روبەڕوی كۆمەڵێك تەحەدی دەبێتەوە

ئەم وێنەیە لە 12ـی ئایاری 2025 لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە فۆتۆ: Liv Bruce

ئەحمەد بله – نەینەوا

هێشتا لە موسڵ تەحەدییەكان زۆرن، سەرباری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری رێكخستنی خێزان لە چەندین ناوەندی تەندروستی نەینەوا، بەڵام زاڵبونی دابونەریت، نەبوونی هۆشیاری پێویست و ژێرخانی پتەوی تەندروستی رێگرن تا زۆرترین هاوڵاتی سودی لێوەربگرن.

خزمەتگوزارییەكانی پەیوەست بە رێكخستنی خێزان لە نەخۆشخانە حكومییەكانی گشتی موسڵ و بەتول لە بەری راست، سەلام و حەنساء لە بەری چەپ و چەندین نەخۆشخانەی دیكەی بەعاج و شنگال هەن.

دكتۆر موهەنەد مەحمود، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت، ئەو خزمەتگوزارییانە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی رێكخستنەوەی خێزاندایە، بەڵام "روبەڕوی تەحەدی گەورە بۆتەوە، لە نێویاندا تەحەدی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی، هەروەها ئابوری و تەندروستی و پزیشكی، جگە لە تەحەدییە سیاسی، یاسایی، میدیایی و هۆشیارییەكان".

حكومەتی فیدراڵی عیراق، ستراتيژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان و ماوەی -دوورى- نێوان منداڵبوون بۆ ساڵانی 2020 – 2025 هەیە و ئێستا لە كۆتاییەكانی جێبەجێكردنیدایە، تا ماوەی نێوان منداڵبوون زیاتر بكات، لانیكەم دوو بۆ سێ ساڵ، ئەوەش لەرێی فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هۆكارەكانی رێگری لە دوگیانی، بە ئامانجی رێكخستنەوەی خێزان.

پرۆژەكە نەخشەرێگایەكە بۆ باشكردنی تەندروستی دایكان و منداڵان، كەمكردنەوەی رێژەی مردن و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری.

موهەنەد مەحمود، كە هاوكات پسپۆڕە لە پزیشكی كۆمەڵگەییدا، باسی یەكێك لە تەحەدییە دیارەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژییەكەی كرد، "وەك دەزانن، دابونەریت ئەم دەستەواژە و هەوڵانە قەدەغە دەكەن، پێیانوایە رێكخستنی خێزان لە تێگەیشتنە تاپۆكراوەكانە و هێشتا ئەو تێڕوانینە باوە كە زۆربونی منداڵ، خێزان بەهێزتر دەكات و لە داهاتوودا دەبێتە پاڵپشتییەكی دارایی زیاتر".

"ژنانیش رۆڵیان لاوازە و لە كۆمەڵگەی عیراقی رێگەیان پێنادرێت ئازادی تەواویان هەبێت لە بڕیاردان و دیاریكردنی ژمارەی منداڵ و قەبارەی خێزان، بەهۆی فشاری خێزانەوە" لێپرسراوەكەی تەندروستی نەینەوا وای وت.

487357985_681746420888815_5885436656562210922_n
نەینەوا/ سیمیناری هۆشیاری دەربارەی رێكخستنی خێزان بۆ ژنان فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی

ئەگەر دوری ماوەی نێوان منداڵبوون بكرێت تەنیا بە دوو ساڵ، ئەوا رێژەی مردنی منداڵی تەمەن یەك بۆ چوار ساڵ سەدا 21 و رێژەی مردنی منداڵی ساوا سەدا 10 كەمدەبێتەوە، وەك لە ناوەڕۆكی ستراتیژییەكەدا ئاماژەی پێكراوە، ئەوەش هۆكارە بۆ پاراستنی ژیانی دایك و كۆرپەلە.

ئەمواج ماهر، ژنێكی نیشتەجێی موسڵە، دەربارەی رێكخستنی خێزان و پاراستنی دوری نێوان منداڵبوون بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە، "ئەوە بڕیاری ژن و مێردە، بژاردەیەكە لە بەردەمیاندا، كە ماوەیەك لە نێوان منداڵبوندا هەبێـت، ئەوەش لەسەر بنەمای كۆمەڵێك هۆكاری تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابوری، بڕیارەكە پشت دەبەستێت تا چەند بە راستی دایك و باوك ئامادەن بۆ ئەو قۆناغە".

هەروەها رەخنەی لە ژمارەی زۆری منداڵ هەبوو، بەبێ بەرنامە، "لۆژیكی نییە منداڵ بهێنیتە ژیان بەبێ بیركردنەوە لە خواردن و خواردنەوەی، لە پەروەردە و فێركردن و داهاتووی"، ئەو پێیوایە پێویستە خێزان بیر لە داهاتوو بكاتەوە، پلانی تەندروستی و كۆمەڵایەتی لە پێكهێنان و قەبارەی خێزاندا لەبەرچاو بگرێت.

ئەمواج نمونەی ئەوە دەهێنێتەوە لە ژێر ناونیشانی دەستەواژەی "منداڵ رزقی خۆی لەگەڵ خۆیدایە"، هەزاران منداڵ وازیان لە خوێندن هێناوە و لە خوار تەمەنی رێگەپێدراوی یاساییەوە، كاردەكەن و بەوهۆیەوە بەدەست كێشەی دەرونی و نەبوونی پەروەردەی گونجاوەوە دەناڵێنن.

ستراتیژی رێكخستنی خێزان و ماوەی نێوان منداڵبوون وەك لە بنەماكانیدا جەختی لێكراوەتەوە، دەوڵەت لایەنی بەرپرسی یەكەمە تیایدا، لەڕێی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی رێكخستنی خێزان وەكو بەشێك لە پاكێجی تەندروستی دوگیانی بەپێی پێوەرەكانی كواڵیتی جیهانی.

بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە نەینەوا دەڵێت تەحەدی ئابوری، وەكو هەژاری و بێكاری هەیە، وایكردووە بەشێك لە خێزانەكان بیر لە منداڵبونی زۆر بكەنەوە، وەكو هۆكارێك بۆ كاركردن و زیادكردنی سەرچاوەی داهات، "ئەوەش هۆكارە بۆ كەمكردنەوەی گرنگیدان بە رێكخستنی خێزان".

نەینەوا كە ناوەندەكەی شاری موسڵە، دانیشتوانەكەی زیاتر لە چوار ملیۆن و 238 هەزار كەسە، سەدا 39ـی گوندنیشنە.

دكتۆر موهەنەد مەحمود وتی "ژێرخانی تەندروستی لاوازە لە ناوچە گوندنشینەكان، بنكە تەندروستییەكانیان بەدەست كەموكوڕی ئامێری پزیشكی و كەمی كادیری پزیشكی راهێنراوەوە دەناڵێنن"، هەروەها دەڵێت یاسایەكی بەهێز و پتەو نییە بۆ پاڵپشتی رێكخستنی خێزان، جگە لەوەی روماڵی میدیایی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سستە، بە تایبەت لە راستكردنەوەی تێگەیشتنی هەڵە بەرانبەر رێكخستنی خێزان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT