عیراق پێكهاتەی خێزان رێكدەخاتەوە: دەبێت ماوەی نێوان منداڵبوون دوو بۆ سێ ساڵ بێت

پۆستەرێكی وەزارەتی تەندروستی كە لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی هۆشیاری بۆ پاراستنی دوری ماوەی نێوان منداڵبوون بڵاویكردۆتەوە

كەركوك ناو

حكومەتی فیدراڵی عیراق، هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە تا ماوەی نێوان منداڵبوون زیاتر بكات، لانیكەم دوو بۆ سێ ساڵ، ئەوەش لەرێی فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هۆكارەكانی رێگری لە دوگیانی، بە ئامانجی رێكخستنەوەی خێزان.

هەوڵەكانی حكومەت لە چوارچێوەی (ستراتيژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان و ماوەی -دوورى- نێوان منداڵبوون) دێت، كە بۆ ساڵانی 2020 – 2025ـە و ئێستا لە كۆتاییەكانی جێبەجێكردنیدایە.

پرۆژەكە لە كۆتایی 2020ـدا راگەیەندرا، بە سەرپەرشتی وەزارەتی تەندروستی عیراق و هەماهەنگی لەگەڵ سندوقى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نیشتەجێكردن (UNFPA)، وەكو نەخشەرێگایەك بۆ باشكردنی تەندروستی دایكان و منداڵان، كەمكردنەوەی رێژەی مردن، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام كە عیراق واژۆی كردووە.

نەتەوە یەكگرتووەكان 15 ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامی هەیە؛ سێیەم و پێنجەمیان لە پایەكانی ستراتیژییە پێنج ساڵییەكەی وەزارەتی تەندروستی هەن؛ كە بریتین لە رێكخستنی خێزان و دوری ماوەی نێوان منداڵبون وەكو یەكێك لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی بۆ ژن و مێرد دەڕەخسێنێت، بڕیار لە ژمارەی منداڵ بدەن.

لە پێشەكی كۆپی عەرەبی ستراتیژییەكەدا، كە وەزارەتی تەندروستی بڵاویكردۆتەوە ئاماژە بەو پابەندییە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی باشتكردنی تەندروستی دایك كراوە و داندەنێت بە رێكخستنی خێزان و پێویستی پاراستنی دووری ماوەی نێوان منداڵبوون.

وەزارەتی پلاندانان لەبارەی هەوڵەكانی رێكخستنی خێزان رونكردنەوەی داوە و دەڵێت، عیراق ئامادەنییە تا یاسایەك بۆ سنورداركردنی منداڵبوون دەربكات، بەهۆی دابونەریتی كۆمەڵایەتییەوە كە حكومی شەقامی عیراقی دەكات، بەڵام راسپاردە و رێكاریان هەیە دەربارەی رێكخستنی خێزان، مەبەست لەوەش دووری نێوان ماوەی دووگیانی و كەمكردنەوەی منداڵبوونە، تا ژیانێكی شایستە بۆ منداڵ هەبێت و ببێتە گرەنتی بۆ تەندروستی ژنان.

حكومەتی عیراق لە وادەی راگەیاندنی ئەو ستراتیژییەوە، لەڕێێ میدیا و سۆشیال میدیاوە، هانی هاوڵاتیان دەدات ماوەی نێوان منداڵبوون بكەن بە دوو بۆ سێ ساڵ.

70120628_2519082838156374_6706050606127120384_n
كەركوك/ بەشی چاودێری لە نەخۆشخانەی منداڵبوون فۆتۆ: راگەیاندنی نەخۆشخانەی منداڵبوون

هێشتا رێژەی وەچەخستنەوە لە عیراق لە بەرزترین رێژەكانی ناوچەكەیە، لەكاتێكدا پشتبەستن بە هۆكارە نوێیەكانی رێگری لە دوگیانی تەنیا سەدا 36ـە، ئەوەش دەریدەخات زۆرێك لە هاوسەران پێویستیان بە خزمەتگوزاری رێكخستنی خێزان هەیە هەیە و وەكو پێویست دەستیان پێیناگات.

دوایین سەرژمێری لە عیراق دەریدەخات، رێژەی وەچەخستنەوە سەدا 3.9ـە و لە هەرێمی كوردستان سەدا 3.5ـە.

بەپێی ئامارێكی دیكە لە عیراق، زیاتر لە سەدا 50ـی ژنان لە تەمەنی دوگیانیدا (15 بۆ 49 ساڵ)، نایانەوێت منداڵی زیاتریان ببێت یان دەیانەوێت منداڵی دواتر دوابخەن.

لەسەر ئاستی جیهانیش بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، زیاتر لە ملیارێك و 100 ملیۆن ژن پێویستیان بە رێكخستنی خێزان هەیە، نزیكەی 900 ملیۆن ژن لەو ژمارەیە هۆكارە نوێیەكانی رێگریی لە دوگیانی پەیڕەو دەكەن.

لە دیدگای ستراتیژییەكەدا هاتووە، بە كۆتاییهاتنی ساڵی 2025، هەموو ژنێك لە تەمەنی دوگیانیدا، مافەكانی جەستەیی و ژیری و خۆشگوزەرانی خۆی پەیوەست بە دوگیانی دەزانێت.

هەروەها جەختیكردۆتە سەر بەدیهێنانی ئامانجەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، كە تا ساڵی 2030، هەموان دەستیان بە خزمەتگوزاری رێكخستنی خێزان بگات.

بنەماكانی ئەو ستراتیژییە پێنج ساڵییە بە نۆ خاڵی سەرەكی خراونەتەڕوو؛ یەكێكیان تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ، كە ماف بە خێزان دەدات لە دیاریكردنی قەبارەی خێزان و ژمارەی منداڵ و دوری ماوەی نێوان منداڵبوون، لەگەڵ مافی گەیشتن بە زانیاری و رێكار و رێگاكانی رێكخستنی خێزان.

خاڵێكی تر پەیوەستە بە هۆشیاركردنەوەی پیاوان و گەنجان، بەوپێیەی ئەوانیش رۆڵیان هەیە لە بڕیاردان بۆ ژمارەی منداڵ و دوری ماوەی نێوان منداڵبوون.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی، تەنیا لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە ملیۆنێك و 50 هەزار منداڵ لەدایكبوون، ئەوەش لە كاتێكدایە ژمارەی دانیشتوانی وڵات بەپێی دوایین راپرسی بۆ زیاتر لە 46 ملیۆن كەس بەرزبۆتەوە.

ستراتیژییەكە ژنان و پیاوان، هاوسەران و ئەوانەش دەگرێتەوە كە بە نیازی هاوسەرگیرین.

ڤیدیۆ: هەڵمەتی هۆشیاری حكومەتی عیراق بە هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاراستنی دوری نێوان ماوەی منداڵبوون

ئەگەر دوری ماوەی نێوان منداڵبوون بكرێت تەنیا بە دوو ساڵ، ئەوا رێژەی مردنی منداڵی تەمەن یەك بۆ چوار ساڵ سەدا 21 و رێژەی مردنی منداڵی ساوا سەدا 10 كەمدەبێتەوە، وەك لە ناوەڕۆكی ستراتیژییەكەدا ئاماژەی پێكراوە، هەروەها ئەگەر یەك لە سەد رێژەی بەكارهێنانی هۆكارەكانی رێگریی لە دوگیانی زیادبكات، ئەوا لە بەرانبەردا مردنی دایكان بەرێژەی 4.8 كەمدەكات لەهەر 100 هەزار حاڵەتی منداڵبووندا.

رێژەی مردنی دایك بۆ هەر 100 هەزار منداڵبونێك لە عیراق سەدا 26.7 و لە هەرێمی كوردستان سەدا 34.3ـە، بەپێی دوایین سەرژمێری.

سەرباری هەوڵەكان، هێشتا ئاڵنگاری هەن، بە تایبەت ئەو بۆشایییە لە هۆشیاری و تێگەیشتنی نێوان شار و گوندەكاندا هەیە، جگە لە كۆمەڵێك دابونەریت كە بیرۆكەی دوری ماوەی نێوان دوگیانی و رێگریی لە دوگیانی قبوڵ ناكەن.

خاڵێكی بنەماكانی ئەو ستراتیژییە بۆ گشتگیریی و دادپەروەرییە، بە ئامانجی كەمكردنەوەی بۆشایی و جیاوازی نێوان پارێزگاكان، بە تایبەتتتر نێوان شار و گوند. دانیشتوانی عیراق زیاتر لە سەدا 70ـیان شارنشین و زیاتر لە سەدا 29 گوندنشینن.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت سەدا 99ـی مردنی دایكان لەكاتی منداڵبوون كە دەگاتە نیو ملیۆن ژن لە وڵاتە تازە پێگەیشتوو و دواكەوتووەكاندا رودەدات.

ستراتیژی رێكخستنی خێزان و ماوەی نێوان منداڵبوون بۆ 2020 – 2025، وەك لە بنەماكانیدا جەختی لێكراوەتەوە، دەوڵەت لایەنی بەرپرسی یەكەمە تیایدا، لەڕێی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی رێكخستنی خێزان وەكو بەشێك لە پاكێجی تەندروستی دوگیانی بەپێی پێوەرەكانی كواڵیتی جیهانی و بێبەرانبەر بۆ ئەو خێزانانەی كەمدەرامەتن، لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگە دەربارەی لێكەوتەكانی دوگیانی پێشوەختە و دوبارە لە ماوەیەكی كەمدا.

بەشێكی تر لە بنەما و ئامانجەكانی ئەو ستراتیژییەكە كاردەكات لەسەر هەماهەنگی نێوان كەرتە جیاوازەكانی دەوڵەت، بە تایبەت فەرمانگەكانی حكومەت و دەسەڵاتە خۆجێییەكان بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكانی رێكخستنی خێزان، هەروەها پێدانی لامەركەزی لەو بوارەدا بە پارێزگاكان.

بەشێكی دیكەی پەیوەستە بە بەدواداچون و كۆكردنەوەی زانیاری ورد بۆ هەڵسەنگاندن و شیكردنەوە، جگە لەوەی، پێویستە بەردەوامی بە هەوڵەكان بدرێت و هاوبەشی بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەرتی تەندروستی تایبەت بكرێت.

وەك لە كۆی ستراتیژییە پێنج ساڵییەكەدا زیاتر لە جارێك جەختی لێكراوەتەوە؛ لە ئامانجە سەرەكییەكانی رێكخستنی خێزان و پاراستنی ماوەی نێوان منداڵبوون، بە دوو یان سێ ساڵ، هۆكارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، پاراستنی ژیانی دایك و كۆرپەلە، فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری گونجاوتر تەندروستی و خوێندن و پەروەردەی باشتر بۆ منداڵان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT