بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە له هه‌رێمی كوردستان چاندنی برنجی کوردی لەمەترسیدایە و شارەزایان داوا دەکەن لەمەودوا شێوازێکی نوێی چاندن و ئاودانی برنج پەیڕەوبکرێت، “ساڵانه 47 ملیار مه‌تر سێجا ئاو له‌رێگای چه‌ند روبارێكەوە دێته ناو خاكی هه‌رێم و له‌و رێژه‌یه‌ش 30 ملیاری به‌فیرۆ ده‌ڕوات ته‌نها 17 ملیار به‌كارده‌هێنرێت”.
"بیرێكی ئیرتیوازیم له‌ناو زه‌وییه‌كه‌مدا هەڵکەندبو، ئێستا وشكبوه، هه‌موو ساڵێك بامیه و ته‌ماته و خه‌یار و چەندین به‌رهه‌می دیکەم لە زەوییەکەمدا دەڕواند، کە روبەرەکەی 30 دۆنمە، بەڵام ماوەی دو ساڵه نەمتوانیوە هیچی تێدا بڕوێنم و تەنانەت ئه‌گه‌ر بیرێكی تریش هەڵبکەنم سودی نییه، چونكه ئاوی ژێر زه‌وی زیاتر له 50 مه‌تر چوه‌ته خواره‌وه”، حاتەم ساڵح کە جوتیارێكی دانیشتوی ناحیەی بجیلە لە سنوری قەزای ئاکرێ (100 کم رۆژهەڵاتی دهۆك) وا دەڵێت.
کشتوکاڵ، بەتایبەتیش برنج، سەرچاوەی دەرامەتی حاته‌م و دەیان جوتیاری دیکەی سنوری ئاکرێیە، بەڵام کەمئاویی ئەم سەرچاوە سەرەکییەی بژێوی خستوەتە ژێر مەترسییەوە، حاتەم باسی ئەوە دەکات کە 10 ساڵ لەمەوبەر نزیکەی 80% مەرەزەکانی بە روبار ئاودەدات، بەڵام ماوەی حه‌وت ساڵە زۆرینەی جوتیارانی ناوچەکە لەڕێگەی بیری ئیرتیوازییەوە برنج بەرهەمدەهێنن، ئەم دۆخەی بێئاویی، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، ناچاربومی کردوە بۆ وەرزی ئەمساڵ زه‌وییه‌كی به‌راو بە روبەری 20 دۆنم لەسنوری ناحیەی قەسرۆك لە قەزای شێخان بە 10 ملیۆن دینار بەکرێ بگرێت.
مەرەزە لە زۆربەی شوێنەکانی عێراق و کوردستاندا بە شێوازی کۆن و کلاسیك دەکرێت، لە سنوری قەزای ئاکرێ و پارێزگای دهۆك بەهەمان شێوە هەر لە دێرزەمانەوە پشت بەو شێوازە دەبەسترێت کە بڕێکی زۆری ئاوی پێویست دەبێت، لە کاتێکدا کەمئاوی یەكێكە لەو گرفتە ترسناکانەی بەشێوەیەکی گشتی روبەڕوی کشتوکاڵی عێراق بوەتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
عۆن زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردوە، عەمباری ستراتیژی ئاوی عێراق بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 نزیکەی 7 ملیار سێجا پاشەکشێی کردوە، ئەوەش لە هەمو ناوچەکانی عێراقدا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرهەمهێنانی برنج بە سنوری ئاکرێشەوە، لەوانەیە هەڕەشەکە بگاتە ئاستی وەستان و دورکەوتنەوە لە چاندنی زۆرینەی جۆرەکانی برنج بەتەواوەتی.
بەفیڕۆدانی ئاو دەگات 70%
ئەو برنجەی لە هەرێمی کوردستاندا بەرهەمدەهێنرێت بەبۆچونی دڵشاد عه‌بدولره‌حمان، به‌رێوه‌به‌ری ژینگه‌ی دهۆك تا پێدەگات پێویستی به‌بڕێكی زۆری ئاو هەیە، بێجگە لەوەی لەبەر ناشارەزایی و گرتنەبەری شێوازی کۆنی چاندنی برنج نیوه‌ی ئه‌و ئاوه‌ی به‌كارده‌هێنرێت به فیرۆ ده‌ڕوات.
سەبارەت بەو کێشەیە دكتور فه‌تحی عه‌بدولكه‌ریم، مامۆستای زانكۆ و سەرۆکی بەشی بەروبومی کێڵگەیی لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی دهۆك دەڵێت، “چاندنی هه‌ر کیلۆیەك له چه‌لتوكی برنج، پێویستی به سێ هه‌زار لیتری ئاو هەیە و هه‌ر دۆنمێك زه‌ویش له نێوان پێنج تا 10 كیلۆ چه‌لتۆكی پێویسته".
باس له‌وه‌شده‌كات، چاندنی برنج بە شێوازی کۆن له هه‌مو به‌رهه‌مێكی تر زیاتر ئاوی به‌فیڕۆ ده‌ڕوات”، پێشنیاریش دەکات و ئه‌و شێوازه كۆن و كلاسیكه بگۆردرێت، به جۆرێك بێت له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ئێستا و گوڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وادا بگۆنجێت”.
هەر لەمبارەیەوە بەشیر محەمەد کە جوتیارێکی گوندی سمێلایە لە ناحیەی بەردەسێنی سنووری ئاکرێ باس لەوە دەکات تاقیکردنەوەیەکی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی لەوە تێبگات چاندنی برنج چەندە ئاوی پێویستە، دەڵێت “لە رێگەی تانکەرێکی ئاوەوەوە تاقیمکردەوە و بۆم دەرکەوت چاندنی یەك کیلۆ برنج پێویستی بە سێ هەزار لیتر ئاو هەیە”.
چاندنی یەك کیلۆ برنج پێویستی بە سێ هەزار لیتر ئاو هەیە
ئەو جوتیارە دەربارەی دوبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی بەکارهاتو لە چاندنی برنجدا هێما بۆ ئەوە دەکات کە هەندێك جوتیار ئەم کارە دەکەن بەڵام زۆربەیان بیریان لەوە نەکردوه‌تەوە، لەکاتێکدا دەکرێت ئاوی پاشماوەی برنج بۆ چاندنی بەرهەمەکانی خەیارو تەماتەو پیازو شووتی بەکاربهێنرێتەوە، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە کە سروشتی برنج وایە هەرچەند زیاتر ئاو بخواتەوە بەرهەمەکەی جوانتر و بەتامتر دەبێت”.
ئەو دەربارەی چاندنی ئەم بەرهەمە کشتوکاڵییە لە سنوری ناوچەکەیاندا ئاشکرای دەکات کە “ئەمساڵیش بەهەمان رێژەی پارساڵ نزیکەی 9 هەزار دۆنم زەوی کراوەتە برنج و ئاوی روبارو بیر‌و کانیاوەکان بەکارهێنراون، ئەو ژمارەیەش بەگوێرەی رێژەی بارانبارین دەگۆڕێت و هەندێکجار گەیشتوەتە 12 هەزار دۆنم”.
سەبارەت بە چارەسەری ئەو گرفتە فازل مستەفا پێیوایە “لەمڕۆدا جوتیاره‌كان له‌به‌رده‌م دو بژاردەدا‌ن، یان ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م جۆرانه‌ی ئێستای برنج ببن و هه‌ندێك جۆری تر بچێنن شێوازی ئاودانەکەیان جیاواز بێت، یاخود هەر له‌سه‌ر شێوازه كۆنه‌کە بەردەوامبن، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی کەمئاوی و گۆڕانکاریی کەشوهەواوە ببێتەهۆی ئەوەی له ئایینده‌دا نه‌توانن چیتر برنج بەرهەمبهێنن”.
دكتور فه‌تحی عه‌بدولكه‌ریم لە زانكۆی دهۆك لێكوڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی له‌سه‌ر شێوازێكی تازه و زیره‌ك كردوه بۆ چاندنی برنج، به‌پێی لێكوڵینه‌وه‌كه‌ی 80% ئاو ده‌پارێزرێت و 30% به‌رهه‌مه‌كه‌ی زیاد ده‌بێت.
ئه‌و لەمبارەیەوە هه‌وڵیداوه له‌گه‌ڵ جوتیارێك به‌شێوه‌ی كرده‌یی شێوازە نوێیەکە پەیڕەو بكات به‌ڵام جوتیاره‌كه رازی نه‌بوه، دەڵێت “کارم لەسه‌ر شێوازێكی تازه‌ی ئاودانی برنج كردوه، ئه‌وه‌ش له رێگای (دریفتینگ) واته دڵوپ دڵوپ، به‌م رێگایه بە بەراورد لەگەڵ شێوازە کۆنەکەدا نزیكه‌ی 70% ئاوه‌كه ده‌پارێزرێت و 30% به‌رهه‌مه‌كه‌ی زیاد ده‌بێت".
دوپاتیشی دەکاتەوە کە ژینگه‌ی كوردستان بۆ شێوازه تازه‌كه زۆر گونجاوە، بەڵام لەبەر تێچونی زۆر جوتیاران پەیڕەویان نەکردوە، هەرچەندە تا ئێستا لایەنە فەرمییەکان گرنگیان بەو شێوازە نوێیەکە نەداوە، کە پێویستی بە پارە دەبێت بەهۆی دابینکردنی بۆڕی تایبەت و چەند کەلوپەلێکی تر، ئەگەرچی قازانجەکەی زۆرە”.
گۆڕینی جۆرەکانی برنج و شێوازی نوێی چاندن
لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەشێوەیەکی گشتی جۆرە برنجێك بەرهەمدەهێنرێت لەناوخۆدا بە “عەنبەر” ناسراوە، کە لە خاکێکی گڵینی هەمیشە بەپیتدا دەڕوێت و پێویستی بە بڕێکی زۆری ئاو هەیە، هەر لەبەرئەوەیە زۆربەی شارەزایانی کشتوکاڵ گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی بۆ ئەوەی بڕێکی کەمتری ئاو لە کشتوکاڵی برنجدا بەکاربهێنرێت دەبێ پشت بە شێوازە نوییەکەی چاندن ببەسترێت، کە پێویستی بە نقومکردنی کێڵگەی برنج نییە، بەڵکو دانانی تۆوی برنجە لەناو زەوی وشکدا و دواتر ئاودانی وەك هەر روەکێکی دیکەی ئاسایی، بۆ مانگێك هەفتانە یەكجار ئاو بدرێت بێئەوەی لەئاودا نقووم بکرێت.
لەوبارەیەوە فازڵ مسته‌فا، به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی چاندن له قه‌زای ئاكرێ پێیوایە خەڵك بەگشتی فێربوە هەر بە شێوازە کۆنەکە برنج بەرهەمبهێنن و دەشڵێت، “تا هیچ لێکۆڵینەوەیەکمان لەسەر ئەوە نەکردوە بۆ ئەوەی لەمەودوا پشت بە شێوازی نوێ ببەستین، کە ئەگەر پەیڕەوبکرێت رێژەیەکی کەمتری ئاومان پیویست دەبێت”. هێماش بۆ ئەوە دەکات کە ئەم بابەتە پێویستی بە هاوکاریی و شارەزایی هەمو لایەك هەیە.
به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی گشتی کشتوکاڵی دهۆك به پێویستی ده‌زانێت جۆری ئه‌و برنجانه‌ی له كوردستاندا بەرهەمدەهێنرێت بگۆڕدرێن و چیتر لە چاندنی برنجدا پشت بە بیری ئیرتیوازی نەبەسترێت، لەوبارەیەشەوە ئەحمەد جەمیل کە بەڕێوەبەری ئەو دامەزراوە حکومییەیە هێما بۆ ئەوە دەکات کە “بۆ ئەمساڵ لەسنوری پارێزگاکەیاندا زیاتر لە 19 هه‌زار دۆنم زه‌وی كراوه‌ته برنج، هه‌موشی له‌سه‌ر شێوازی كۆن رواوە، کە پێویستی بە ئاوێکی زۆر دەبێت، ئاماژەشیدا بەوەی ساڵی پار بڕیاریانداوە لە چاندنی برنجدا پشت بە بیرەکان نەبەسترێت و تەنها روبار و کانیاوەکان بەکاربهێنرێن.
بەگرنگی دەزانێت هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی وەك ژاپۆن و چین بۆ چاندنی برنج پشت بە باران ببەستێت و وەزارەتی کشتوکاڵیش بۆ ئەم پرسە گرنگە هاوکاری جوتیاران بکات.
کەمبونەوەی ئاو و بڕیاری قەدەغەکردنی چاندنی برنج
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەهۆی کێشەی کەمئاوییەوە لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە بڕیاریداوە تا ماوەیەکی نادیار چاندنی برنج لە وڵات‌دا قەدەغە بکات، پێشتریش بەرپرسێکی وەزارەتی ناوبراو لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2023دا بە ئاژانسی رۆیتەرز-ی راگەیاندوە، دوای دانانی پلانی کشتوکاڵی بۆ وەرزی هاوین لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەتی کشوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان، بڕیاردرا بەهۆی کەمئاوییەوە چاندنی برنج لە ناوەڕاست و باشوری وڵات‌دا سنوردار بکرێت.
هەر لەماوەی ئەمساڵدا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق عۆن زیاب رایگەیاندوە، ئەمباری ستراتیژی ئاوی عێراقی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 نزیکەی حه‌وت ملیار سێجا پاشەکشێی کردوە.
زیاب لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رونیكردوه‌ته‌وه، کە پاشەکشێی عەمباری ستراتیژی و کەمبونی ئاو هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر کشتوکاڵی هاوینە لە عێراقدا و بۆنی کارەساتێکی راستەقینەی لێدێت و وا دەکات کشتوکاڵ سنوردار بکرێت بەتایبەتی کشتوکاڵی برنج لە ناوچەکانی فوڕاتی ناوەڕاستدا.
ئەوەشی وتوە، کە “روبەری تەرخانکراو بۆ چاندنی برنج لە 300 هەزار دۆنمەوە بۆ تەنها 3 هەزار دۆنم کەمبوەتەوە، ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردودا.
بەگوێرەی لێدوانی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆك، ساڵانه 47 ملیار مه‌تر سێجا ئاو له‌رێگای چه‌ند روبارێكەوە دێته ناو خاكی هه‌رێم و له‌و رێژه‌یه‌ش 30 ملیاری به‌فیرۆ ده‌ڕوات ته‌نها 17 ملیار به‌كارده‌هێنرێت، هەروەها دەڵێت، “لە سنوری دهۆكدا 1477 بیری ئاوخواردنەوە و 2017 بیری کشتوکاڵی هەن”، ئاشکراشی دەکات، کە ته‌نها له‌نێوان ساڵانی 2013 تاکو 2016 له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمدا 29% بۆ 30% بیرەکان وشك بون.
دەربارەی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه عه‌بدوڵا قادر، سه‌رۆكی رێكخراوی ئاو له كوردستان پێشنیار دەکات له‌و شوێنانه‌ی بەهۆی چاندنی برنجەوە ئاو به‌هه‌ده‌ر دەدرێت به‌تایبه‌ت له‌سنوری قه‌زای شێخان و ئاكرێ، چه‌ند به‌نداوێك دروستبكرێن، هاوکات داوا دەکات به‌زوترین كات یاسایەكی تایبتە بە بەفیڕۆنەدانی ئاو و دروستکردنی بەنداو لە پەرلەمان دەربچێت تا هه‌مو لایه‌ك پابەند بکرێن".
مەترسی تەندروستی و پیسبونی ژینگە
بەپێی وته‌ی دڵشاد عەبدوڵڕەحمان، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه له دهۆك، “ئه‌و برنجه‌ی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان ده‌چێنرێت به‌لایه‌نی كه‌می پێنج تا شه‌ش مانگ له‌ژێر ئاودا ده‌مێنێته‌وه و برێك له‌گازی میتان دروست ده‌كات کە كاریگه‌ری زۆر خراپی بۆ سەر ژینگە هەیە".
گازی میتان كە دوای دوەمین ئۆکسیدی کاربۆن، بەرپرسی سەرکییە لە قەتیسکردنی گەرما لەسەر زەوی، گازێکی هایدرۆکاربۆنیی بێڕەنگی گڕگرتوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە میسان و ئیسان پێکدێت، جۆرێکی پێترۆڵیەمە کە بەشێوەیەکی باو لەگەڵ نەوتی خاو‌دا بەرهەم دێت، توێژەران ئاشکرایان کردوە کە زۆربەی گازی هایدرۆجین لە گازی سروشتی بەرهەمدێت وئەو گازە بەبەراورد بە گازەکانی تر ڕێژەی 20%ــی زیانەکانی زیاترە بۆ ژینگە.
محەمەد ئیبراهیم، دانیشتوی گوندی دولێجانە سەر بە قەزای بەردەڕەش، چوار ساڵە وازی لە چاندنی برنج هێناوە، ئەوەش بەهۆی گرانی زەوی چاندن و گرفتی کەم ئاوی وتی، زیاتر لە20ساڵ کاری چاندنی برنج مان کردوە بەڵام بەم دواییە وازم لێهێنا، ئەوەش بەهۆی گرانی زەوی چاندنی برنج و کەمئاوی، بیرم دێت برنجمان لەبەر ئاوی کانیاو و روبارمان دەکرد، بەڵام لە چوار ساڵی رابوردو ئاوی روباری گوندەکەمان وشکبوتەوە هاوکات چەند کانیاوەکمان هەبو هەمویان وشکبونە”.
محەمەد ئیبراهیم زیاتر ده‌ڵێت، لەجیاتی چاندنی برنج، ئێستا ئەو بەرهەمانە دەچێنێن کە کەو ئاو سەرف بکات وەکۆ بامیە، خەیار، تەماتە و زۆر بەرهەمی دیكه، بەکرێگرتنی زەوی بۆ ئەم بەرهەمانە نرخەکەی ئەرزانترە لەچاو برنج”.
ئەو ڕاپۆرتە لەچوارچێوەی پڕۆژەی دەنگەکانمان، کە ڕێکخراوی ئینتەرنیوز جێبەجێی دەکات، بەرهەمهێنراوە.