لە ژینگەوە

هەڵمژینی هەوای پیس؛ گەشەی مێشكی منداڵ دوادەخات

  • 2025-07-21
هەڵمژینی هەوای پیس؛ گەشەی مێشكی منداڵ دوادەخات
دیمەنێكی ناوشاری سلێمانی لە سەر چیای گۆیژەوە گیراوە سەرچاوە: راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی
بوار قادر

گوڵاڵە ساڵح (32ساڵ)، كاتێك تەمەنی كوڕە گەورەكەی دەگاتە یەك ساڵ، تیایدا هەست بە شتێكی نائاسایی دەكات، "زۆر توڕە دەبوو، زۆریش دەگریا"، بۆیە بڕیاریدا بیبات بۆ لای پزیشك و پێی دەڵێت "هۆكارەكەی ئەوەیە كارەبای مێشكی زۆرە".

منداڵەكە تا تەمەنی گەیشتە سێ ساڵ، تەنانەت نەیتوانیوە رستەیەكیش دروستبكات، پزیشكەكە پێیوتووە "گەشەی مێشكی دواكەوتووە"، هەندێكیشان پێیانوتووە "بیركۆڵە".

ئێستا ئەو منداڵە كە تەمەنی بۆتە نۆ ساڵ، لە پۆلی دووی بنەڕەتی دەخوێنێت، بەڵام پزیشكەكان بە دایك و باوكیان وتووە گەشەی مێشكی سێ ساڵ لەدواوەیە، "هێشتا زۆر توڕەیە، قسە وەرناگرێت و گاز لە دەستی دەگرێت، بەڵام وردە وردە هەستدەكەین باشتر دەبێت". بەتایبەت كە راهێنانی تایبەت وەردەگرێت و ئومێدی ئەوەی هەیە لە دوای 12 ساڵانەوە باش بێت.

لەم چەند ساڵەی دواییدا دەیان سەنتەری حكومی و تایبەت بۆ راهێنان بەو منداڵانەی گەشەی مێشكیان دواكەوتووە كراونەتەوە و تادێت زۆرتردەبن، هاوكات لەگەڵ هەڵكشانی رێژەی زۆربونی منداڵ كە توشی دواكەوتنی گەشەی مێشك بون.

شۆخان ساڵح ئەحمەد، مامۆستایە لە یەكێك لە قوتابخانە بنەڕەتییەكانی شاری سلێمانی، وتی "لە قوتابخانەكەمان لەكۆی 1450 قوتابی 10 منداڵمان هەیە كە كێشەی دواكەوتنی گەشەی مێشكیان هەیە، بۆ نمونە خوێندكارمان هەیە نۆ ساڵە، بەڵام مێشكی حەوت ساڵانە".

"هەندێك لە دایك و باوكەكان نكۆڵی دەكەن لەوەی منداڵەكەیان ئەو كێشەیەی هەبێت، بەڵام كاتێك راپۆرتی پزیشكی دەهێنن ئینجا تێدەگەن"، شۆخان وایوت.

لە خێزانەكەی گوڵاڵە هیچ كەسێك نەبووە كێشەی دواكەوتنی گەشەی مێشكی هەبێت، هەر بۆیە بەردەوام دەیەوێت ئەوە لە دەمی پزیشكەكانەوە ببیستێت ئایا هۆكار چییە منداڵەكەی توشی ئەوە بووە.

ماڵی گوڵاڵە لە قەزای دەربەندیخانە لەسەر شەقامێكی قەرەباڵغ بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل، كە بەپێی پسپۆڕانی تەندروستی پێدەچێت پیسبونی هەوا یەكێك بێت لە هۆكارەكان، بەتایبەت كاتێك دایكان لەكاتی دووگیانیاندا هەوای پیس هەڵدەمژن.

نەشمیل رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەكان، دەڵێت گۆڕانی ئاووهەوا كاریگەری گەورەی كردوەتە سەر ژیان و تەندروستی مرۆڤ، لە لێكەوتەكانیشی توشبوونی منداڵە بە گەشەی مێشك.

"بەرزبونەوەی دوانەئۆكسیدی كاربۆن لەهەوادا كاریگەریی دەكاتە سەر تەركیزی مرۆڤ بەگشتی، توانای چارەسەركردنی كێشەكان، توانای بیركردنەوە، خەزننەكردنی یادەوەری بەباشی".

بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەو منداڵانەی گرفتی فێربونیان هەیە لە تەمەنی خوێندندا لە جیهاندا لەسەدا 15ی كۆی منداڵان پێكدەهێنن.

نازە، ناوی خوازراوی ژنێكی (37 ساڵە)، سێیەمین منداڵی كە تەمەنی تەنیا دوو ساڵە بیركۆڵە، وتی "كاتێك لە دایكبوو بۆ ماوەی رۆژێك لەژێر ئۆكسجیندا بوو"، چونكە وەك خۆی دەڵێت دكتۆر پێیوتووە "ئۆكسجین بۆ مێشكی نەچووە".

دوابەدوای ئەوە ئەو شتانەی كە بەپێی تەمەن لە منداڵی ئاساییدا رودەدەن، لە منداڵەكەی ئەودا روینەدەدا، بۆ نمونە ملی نەدەگرت، دەستی بۆ شت نەدەبرد و جوڵەی خاو بووە، دوای ساڵێك و یەك مانگ ئینجا دانی هاتووە، ئێستاش كە تەمەنی دوو ساڵە هێشتا پێی نەگرتووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە منداڵ لە تەمەنی سێ بۆ چوار مانگی مل دەگرێت، لە هەشت بۆ نۆ مانگی بە تەواوی دەتوانێت دابنیشێت.

ماڵی نازە لە ناوەندی شاری سلێمانی تەنیا 50 مەتر لە مۆلیدەی كارەبای گەڕەكەوە دوورە، لەو فەرمانگەیەشی كە دەوامی لێدەكات بەهەمان شێوە تەنیا 50 مەتر لە ژوری كاركردنی ئەوەوە دورە.

توێژینەوەیەكی گۆڤاری كیبۆكۆ، كە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا بەناوی یەك پڕۆژەی تەندروستی ئامادەكراوە، دەركەوتووە دوكەڵی سوتانی گازوایل وەك دوكەڵی مۆلیدە و ئۆتۆمبێل، لەگەڵ ئەو دوكەڵەی لە سوتانی پلاستیكدا دەردەچێت، رەنگە بببێتەهۆی دواكەوتنی گەشەی مێشكی كۆرپەلە لە منداڵاندا و هۆكارێكە بۆ توشبونی منداڵان بە ئۆتیزم.

 لە توێژینەوەكەدا ئەوەش دەركەوتووە كە ئەو تەنۆلكانەی لە دوكەڵی سوتانی گازوایل دروستدەبن، دەتوانن كار بكەنەسەر بیرەوەری و فێربون و رەفتاری منداڵان، "ئەو منداڵانەی لە نزیك دوكەڵەوە ژیان بەسەر دەبەن مەترسی زیاتریان لەسەرە".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT