ژنانی کفری لە پێناو ژینگەیەکی پاک و ته‌ندروستییه‌كی باش‌دا، روبەڕوی مەترسییەکانی پلاستیک دەبنەوە، ئه‌وه‌ش له ڕێی دەستپێشخەرییهكی رێكخراوی ئه‌دوی، كه هەڵمەتێکی بۆ کۆکردنەوەی پلاستیک و پاراستنی ژینگەی گەڕەکەکان ده‌ستپێكردووه.
ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه بریتییه له دانانی سندوقی ئاسنین له كۆڵان و هه‌ندێك شوێنی گشتی، تایبه‌ت به كۆكردنه‌وه‌ی مادده پلاستیكییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ژینگه پیس نه‌كه‌ن، هه‌م بتوانرێت دوباره به‌رهه‌می تری لێ دروستبكرێت.
ئیمان حەسەن، له سەنتەری ریسایكلینی رێكخراوی ئەدوی لە قەزای كفری، ده‌ڵێت "له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوین به‌و شێوه‌یه پێشوازی له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌مان بكرێت، هه‌ر بۆیه سه‌ره‌تا وه‌كو ئه‌زمون سندوقهكهمان ته‌نیا له یه‌ك گه‌ڕه‌ك و چه‌ند شوێنێكی گشتی دانا"، ئیمان زیاتر وتی "توشی سه‌رسوڕمان بوین كاتێك بینیمان له ماوه‌یه‌كی كه‌می دوو بۆ سێ رۆژدا، ژنانی گه‌ڕه‌كه‌كه په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردین و وتیان سندوقه‌كان پڕبوون و وه‌رن خاڵیان بكه‌نه‌وه".
ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی رێكخراوی(ADWI) كه له بواری هۆشیاریی و گه‌شه‌پێدانی ژنان و منداڵان له عیراقدا كارده‌كات، له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیادا جێبه‌جێده‌كرێت، به‌ناونیشانی "داهاتوو لە رێگەی داهێنانەوە: پێکەوە لەپێناو ئاووهه‌وا و گەشەپێدانی ناوخۆییدا"، كارده‌كات.
ژنان و منداڵانی كفری، سه‌رمه‌شقی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ن، به‌هۆی رۆڵیان له كۆكردنه‌وه‌ی پلاستیك و پاراستنی سندوقه‌كان، له‌گه‌لئه‌وه‌شدا به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاربونهوهیان بۆ پاكڕاگرتنی ژینگه دوای ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی ئه‌دوی مه‌ترسییه‌كانی پلاستیكیان بۆ رونده‌كه‌نه‌وه.
شیلان محه‌مه‌د (41ساڵ)، نیشته‌جێی گه‌ڕه‌كی شۆڕش، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی وه‌كو ئه‌زمون سندوقه‌كانی لێدانراوه، وتی "دانانی سندوقه‌كه بۆته هه‌واڵی گه‌رمی نێو ژنان و منداڵان، هه‌مووان دڵخۆشین به‌م هه‌نگاوه"، زیاتر وتی "زوو زوو سندوقه‌كه پڕده‌بێت و سه‌نته‌ری ریسایكلین ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه، هه‌مووان به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ین به گه‌وره و بچوك، ژن و منداڵ... ساڵانی پێشوو پلاستیكه‌كان تێكه‌ڵ به خاشاكی ماڵان ده‌بوو و پێكه‌وه ده‌سوتێنران یان ده‌خرانه ژێر گڵ".
دانانی سندوقه‌كه بۆته هه‌واڵی گه‌رمی نێو ژنان و منداڵان، هه‌مووان دڵخۆشین به‌م هه‌نگاوه
بەپێی هۆشدارییەكانی رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، پلاستیك كاریگەری لەسەر كرداری پیتاندن و چالاكی هۆرمۆنی و مێشك دادەنێت، لە سوتاندنیشیدا هەوا پیس دەكات و بەگشتی زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و هاتووە "هەموو ساڵێك 460 ملیۆن تۆن لەو ماددە زیانبەخشە بەرهەمدێت لە شێواز و كەرەستەی جیاواز، مەترسییەكە لەوەدایە چاوەڕواندەكرێت تا 2050 رێژەی پلاستیك بگاتە زیاتر لەهەموو ئەو ماسییانەی لە زەریاكاندا هەن".
"من هەر ئەوەندە دەزانم و بیستومە كە پلاستیك زیانی هەیە، بەڵام نازانم زیانه‌كانی چین و چۆنن"، شیلان زیاتر وتی "ئێمه پشتیوانی رێكخراوی ئه‌دوی ده‌كه‌ین و داوا ده‌كه‌ین سندوقی زیاتر له گه‌ڕه‌كه‌كاندا دابنێت".
عه‌لی نیهاد (12ساڵ) له هه‌مان گه‌ڕه‌ك نیشته‌جێیه، یه‌كێكه له‌و منداڵانه‌ی به شایه‌تی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك زۆرترین چالاكی هه‌یه له كۆكردنه‌وه‌ی پلاستیكدا.
عه‌لی وتی "زۆر چاوم له‌سه‌ر سندوقه‌كه‌یه، ناهێڵم كه‌س بیشكێنێت، به منداڵانی گه‌ڕه‌كیش ده‌ڵێم بیپارێزن و پلاستیك كۆبكه‌نه‌وه".
ناهێڵم كه‌س سندوقه‌كان بیشكێنێت، به منداڵانی گه‌ڕه‌كیش ده‌ڵێم بیپارێزن و پلاستیك كۆبكه‌نه‌وه
رێكخراوه‌كه له قۆناغی یه‌كه‌مدا 28 سندوقی له كفری داناوه، له قه‌زای كه‌لاریش نۆ سندوق. سندوقه‌كان به‌رزییه‌كه‌ی مه‌ترێكه و بنكهكهشی 80 سانتیمه‌تره.
تیمه‌كانی رێكخراوی ئه‌دوی له‌كاتی دانانی سندوقه‌كاندا هۆشیاریی به ژنان و منداڵان ده‌ده‌ن له پرسی پاكڕاگرتنی ژینگه و مه‌ترسییه‌كانی پلاستیك بۆ سه‌ر ژینگه، وه‌ك ئیمان حه‌سه‌ن له تیمه‌كانی ئه‌دوی جه‌ختیلێكرده‌وه.
شەرمین ئیبراهیم (65 ساڵ)، وتی "له‌و رۆژه‌وه‌ی ئه‌و تیمانه هاتون و سندوقه‌كانیان داناوه چی پلاستیك و قوتوم ده‌ستبكه‌وێت فڕێی ناده‌م و ده‌خه‌مه ناو سندوقه‌كه‌وه".
دەبەی رۆن و ئاو، زاهی و شامپۆ و قوتوو، ئه‌و جۆره كه‌ره‌ستانه‌ن كه ده‌خرێنه ناو سندوقه‌كانه‌وه.
رێكخراوی ئه‌دوی، كه هاوبه‌شێكی رێكخراوی وادی ئه‌ڵمانییه، لە ناوەندی قەزای كفری، كارگەیەكی بچوكی ریسایكلینیان داناوه، رۆژانە لانیكەم 50 كیلۆ پلاستیك ورددەكەن، دەیتوێننەوە و بە چەند قۆناغێك كەرەستەی تری لێ دروستدەكەن؛ لە ئینجانەوە تا كورسی و مێز.
ئیمان ده‌ڵێت كاتێك سندوقه‌كان پڕدهبهن ده‌یبه‌ین بۆ سه‌نته‌ره‌كه، جیای ده‌كه‌ینه‌وه و دوباره به‌رهه‌می تری لێ دروستده‌كه‌ینه‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان – قه‌زای كفری سه‌ر به ئیداره‌كه‌یه-، رۆژانە نزیكەی 500 تۆن خۆڵ و خاشاك لە ئیدارەی گەرمیان كۆدەكرێنەوە، بەڵام پێكهاتەكانی جیاناكرێنەوە و تەنیا خەمڵاندن هەیە رێژەیەكی زۆری پلاستیك بێت لە نمونەی دەبەكانی ئاو، ماددەی پاككەرەوە، كەرەستەی سەفەری و نایلۆن.
نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵدەدات تا ساڵی 2040 رێژەی پیسبون بە پلاستیك لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی سەدا 80 كەمبكاتەوە بەسێ رێگا و گۆڕانكاری لە بازاڕدا، له نێویاندا، دوباره بەكارهێنانهوه وەك شوشەی ئاو، دوبارە بەگەڕخستنەوەی ماددەكانە لە كارگەكاندا تا جارێكی‌تر پلاستیكەكان لە دروستكردنەوەی كەرەستدا بەكاربهێنرێن، رێگای سێیەمیش گۆڕانكارییە لە كەرەستە و ماددە پیشەسازییەكاندا.
تیمه‌كانی ئه‌دوی دڵخۆشن به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌یان، به‌و هۆیه‌وه پلانیان هه‌یه هه‌نگاوی داهاتوویان زیادكردنی سندوقه‌كان بێت، به‌ڵام ئه‌وه هه‌روا ئاسان نییه و تێچوی زۆرتری پێویسته.
ئیمان حەسەن، وتی "ئێمه دڵخۆشین به تێكه‌ڵبونی ژن و منداڵ به‌م هه‌نگاوه گرنگه، ئه‌وان به‌ركه‌وتنی ته‌واویان هه‌یه له‌گه‌ڵ مادده پلاستیكییه‌كان، خۆشبه‌ختانه تێگه‌یشتنی باشیان هه‌یه بۆ مه‌ترسییه‌كانی فڕێدان، یان سوتاندنی پلاستیك بۆ سه‌ر ژینگه و ته‌ندروستی مرۆڤ".
"بۆ هه‌نگاوی داهاتوو ئامانجمان ئەوەیە لەناو گەڕەكەكاندا سندوقی زیاتر دابنێین و هۆشیارییهكانیش له‌ڕێی كۆبونه‌وه‌ی روبه‌ڕوو زیاتر بكه‌ین"، ئیمان وایوت.
*ئەم بابەتە رۆژنامه‌وانییه له‌لایه‌نی تیمی ده‌زگای (كەركوك ناو)ـەوە بەرهەمهێنراوە له چوارچێوەی پڕۆژه‌ی داهاتوو لە ڕێگەی داهێنانەوە: پێکەوە لەپێناو ئاووهه‌وا و گەشەپێدانی ناوخۆیی، پڕۆژه‌كه رێكخراوی (ADWI) لە هەرێمی کوردستانی عیراق جێبه‌جێیده‌كات و وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابوری پاڵپشتی دارایی ده‌كات.