گیا به‌هارییه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی بۆ خواردن ده‌شێن، له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوندان، به‌هۆی ئه‌و مامه‌ڵه نازانستییه فراوانه‌ی هاوڵاتیان له‌گه‌ڵیدا ده‌یكه‌ن، به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك له پسپۆڕانی زانستی رووه‌ك پێشبینی ده‌كه‌ن تا چه‌ند ساڵی داهاتوو، كه‌نگر، كارد و رێواس له‌ده‌ستبده‌ین.
به‌پێی روپێوییهكی مه‌یدانی، پۆلیسی دارستان و ژینگەی دهۆک، ده‌ركه‌وتووه روبه‌ری گیا كێوی و به‌هارییه‌كان له جۆری كه‌نگر، كاردو و رێواس بۆ له‌سه‌دا 80 كه‌مبونه‌ته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌كه‌یان به "جینۆسایدێکی بێدەنگی ژینگە" وه‌سفكردووه.
هه‌ڕه‌شه‌كه دوو لایه‌نه‌یه، به‌شێكی سروشتییه و په‌یوه‌ندی به گۆڕانی ئاووهه‌واو كه‌مبونه‌وه‌ی بڕی بارانبارینه‌وه هه‌یه، به‌شه‌كه‌ی تر كه مه‌ترسیدارتر وه‌سفده‌كرێت، راسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه به مرۆڤ و مامه‌ڵه‌ی نازانستی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره روهكانهدا، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی له‌م به‌دواداچونه‌ی (كه‌ركوك ناو)دا به‌ده‌ستهاتووه.
سه‌ره‌تای هه‌ستكردن به مه‌ترسی
ژماره‌یه‌ك گوندنشین، له دوو ناوچه‌ی جیاوازی هه‌رێمی كوردستان (قه‌زای چۆمان له پارێزگای هه‌ولێر و پێنجوێن له پارێزگای سلێمانی)، ده‌ستیان بۆ رێنمایی و بڕیاری نوێ بردووه، بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مامه‌ڵه‌ی نادروست له‌گه‌ڵ ژینگه و به‌تایبه‌ت گیایه بههارییهكاندا ده‌كه‌ن.
كرۆكی مامه‌ڵه‌كه ئه‌وه‌یه چه‌ند مه‌رج و رێنماییه‌كی نوێیان بۆ هاوڵاتیان داناوه، له‌وكاته‌ی ده‌چنه ده‌شت و چیاكانی ناوچه‌كان بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و گیا به‌هارییانه‌ی كه بۆ خواردن به‌كاردێن. یان له بنه‌ڕه‌تدا رێگه‌یان پێناده‌ن گیا به‌هارییه‌كان هه‌ڵبكه‌نن.
ئاوارە محەمەد ئەمین، كه خۆی پسپۆڕییه‌كه‌ی له بواری زانستی رووهكدایه و خه‌ڵكی گوندی کەوەرتێ-یه، له قه‌زای چۆمان، وتی "خه‌ڵكانێكی زۆر ده‌هاتن بۆ گونده‌كه‌مان و گیا بههارییهكانیان له ره‌گه‌وه هه‌ڵده‌كه‌ند، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه دێت كه ئه‌و گیایه چیتر ناڕوێته‌وه"، زیاتر وتی "یان به ئۆنۆمبێل ده‌كه‌وتنه نێو گیایه‌كان و زیانیان پێده‌گه‌یاندن".
ئاواره وتی "گیایهكهیان له ره‌گه‌وه هه‌ڵده‌كه‌ند، به‌رله‌وه‌ی تۆوی گیایه‌كه پێبگات، به‌وه‌ش ئه‌و گیایه و تۆوه‌كه‌ی بۆ هه‌میشه له‌ناوده‌چوو".
خه‌ڵكی گونده‌كانی کەوەرتێ، ناوەندە، دەرگەڵە و چه‌ند گوندێكی تر، تێبینی ئه‌وه‌یانكردووه كه ساڵ دوای ساڵ گیایه به‌هارییه‌كان له جۆری كنگر، كارد و رێواس و ده‌یان جۆری تر كه‌متر ده‌بنه‌وه، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای هه‌ستكردن بوو به مه‌ترس له‌ناوچونیان.
بۆیه بڕیاریاندا رێکاری جدی بۆ پاراستنی ئەو سامانە سروشتییە بگرنه‌به‌ر، له نێویاندا "چیتر رێگه‌نه‌درێت خەڵک بە ئارەزووی خۆی و بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بچێتە ناو کێڵگە و ده‌شت و چیایه‌کان بۆ هێنانه‌وه‌ی گیا به‌هارییه‌كان".
ئاواره وتی "سێ ساڵه به شێوه‌ی سنوردار و ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی خواردن رێگه ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له فه‌وتانی یه‌كجاره‌كی بیانپارێزین".
سێ ساڵه به شێوه‌ی سنوردار و ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی خواردن رێگه به هاوڵاتیان ده‌ده‌ین بێنه گونده‌كه‌مان بۆ گیا به‌هارییه‌كان
هۆشمەند فارس، چالاکوانی بواری ژینگە، ده‌ڵێت هەر گژوگیا، یان نەمامێک لە رەگەوە هەڵبکەندرێت جارێکی دیکە سەوز نابێتەوە "مەگەر تۆوەکەی لە شوێنێکی دیکەوە جارێکی دیکە لە رێگەی لافاو و ئاژەڵ و باڵندەوه بگوازرێتەوە و دوبارە لەو ناوچەیە بڕوێته‌وه".
سروشتی هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده به ده‌یان جۆری گژوگیای به‌هاری كه بۆ خواردن و پیشه‌سازی درهمان سودی لێده‌بینرێت و به‌گشتی له زورگ و چیا و ده‌شت و دۆڵه‌كان ده‌ڕوێن و به‌هاران گه‌شه ده‌كه‌ن.
ساڵانه له سه‌ره‌تای مانگی ئادار تا كۆتایی ئایار خه‌ڵك پۆل پۆل بۆ هێنانه‌وه‌ی گیا به‌هارییه‌كان ده‌چنە ئەو ناوچانه، دوای ئه‌و واده‌یه تۆی گیایه‌كان پێده‌گات و ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وی
خه‌می به‌شێك له خه‌ڵكی گونده‌كان و پسپۆڕانی روهك و ژینگه ئه‌وه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و گیا به‌هارییانه تۆوه‌كانیان پێبگات له ره‌گه‌وه ههڵبكهنرێن، ئه‌وه‌ش خراپتریین مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ گیا به‌هارییه‌كان.
جەلال کەریم، شارەزای بایۆلۆجی، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و گژوگیایانه‌ی بۆ دەرمان به‌كاردێن یان بۆ خواردن وه‌كو گیا بەهارییەکانی وەک کەنگر، ڕێواس و جاترە، بەهۆی وشکەساڵی و هەڵکێشانی نا تەندروستەوە لەلایەن خەڵکەوە، لەژێر مەترسییەکی گەورەی لەناوچوندان"، بۆیه داوایكرد وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانی رێگای زانستی نیشانی خه‌ڵك بده‌ن و حكومه‌تیش سزای بۆ سه‌رپێچیكاران هه‌بێت.
هۆشیاریی به‌پێی پێویست نییه
به‌گشتی خه‌ڵك شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆی نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گیا بههارییهكاندا بكات، رێنماییه‌كانیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته زۆر كه‌من، یان ناگه‌نه شوێنی خۆیان.
به‌ڕای هۆشمەند فارس، ئه‌و چالاکوانه‌ی بواری ژینگە، بۆ ئه‌م قۆناغه چاره‌سه‌ر ته‌نیا بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی و چاودێری حكومییه، بۆ ئه‌وه‌ش پێیوایه ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و رۆڵه بگێڕێت.
سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمە بەردەوام رێنمایی بڵاودەکەینەوە، له‌وانه نابێت گیا به‌هارییه‌كان لە رەگەوە هەڵبکەنرێن، هەروەها دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ خەڵک و گوندنشینەکان بکرێت بۆ پرسی هه‌ڵكه‌ندنی گیا به‌هارییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی له فه‌وتان بپارێزرێن".
سه‌نعان عه‌بدوڵا، پێیوایه ئه‌و سامانه گرنگه، تادێت ساڵ دوای ساڵ كه‌متر ده‌بێته‌وه، له‌كاتێكدا "به‌شێكه له سیستمی ژینگه‌یی له هه‌رێمی كوردستان".
ره‌نگه عه‌لوه‌كان شایه‌تی كه‌مبونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره گژوگیایانه بن، به‌شێوه‌ی پله‌به‌ندی و به‌راوردكردنی ئێستا و ساڵانی رابردوو.
"چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به بارهه‌ڵگر و پیكاب ده‌یان جۆر گیای به‌هارییان ده‌هێنا و بازاڕ پڕده‌بوو، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه زۆر كه‌مبۆته‌وه"، فرۆشیارێكی عه‌لوه‌ی دهۆک كه خۆی به مام ئه‌میر ناساند وایوت.
چه‌ند ساڵێكه گیا به‌هارییه‌كان زۆر كه‌مبونه‌ته‌وه
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه "ئێستا نرخه‌كه‌ی زۆر به‌رزتر بووه، چونكه وه‌كو ساڵانی پێشوو به ئاسانیی ده‌ستناكه‌وێت"، ئه‌وه له‌كاتێكدایه ئه‌مساڵ بڕی بارانبارین له ساڵانی رابردودا زیاتر بوو.
ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ چاندن
گیا به‌هارییه‌كان به‌وه ناسراون كه سروشتین و هه‌ر خۆیان ده‌ڕوێن و گه‌شه ده‌كه‌ن و ئاویان له بارانبارینه‌وه ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی له‌ناوچون، هه‌ندێك كه‌س وه‌ك هه‌ر سه‌وزه و میوه‌یه‌ك په‌نا بۆ چاندن و خزمه‌تكردنیان ده‌به‌ن.
رەحمە عه‌زیزی تەمەن (60ساڵ)، نیشته‌جێی سنوری ئاكرێیە، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی په‌نای بۆ چاندنی ئه‌و گیا به‌هارییانه بردووه.
ره‌حمه وتی "ناوچه‌كه‌مان به گیای به‌هاری ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، به‌ڵام ورده ورده به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت، ئێستا تۆوه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرین و دهیڕوێنینهوه، نامانه‌وێت ئه‌م میراته ره‌سه‌ن و به‌نرخه له‌ناوبچێت".
هه‌روه‌ها حاجی ئەحمەد و فەوزییهی خێزانی، ئه‌زمونی چاندنی كاردو و كهنگریان هه‌یه و له مانگه‌كانی ئادار و نیساندا ده‌ستده‌كه‌ن به بڕین و فرۆشتنیان.
حاجی ئه‌حمه‌د وتی "كاردو ده‌توانێت، 10 ساڵ له شوێنی خوی بڕوێته‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی له ره‌گه‌وه ههڵنهكهنرێت و ته‌نیا قه‌ده‌كه‌ی ببڕدرێت"، زیاتر وتی "ساڵانه بەشێکی گیا بههارییهكه دەهێڵینەوە تا گەڵاکانی وشک بن و تۆوه‌كه‌ی پێبگات، بۆ ئەوەی دوبارە بۆ چاندن به‌كاریبهێنینه‌وه".
کەنگر زۆرترین خواستی له‌سه‌ره و به چه‌ند جۆرێك ده‌كرێت به چێشت، به‌گشتی له كۆتایی مانگی ئایاردا تۆ‌و ده‌كات ئه‌گه‌ر مرۆڤ ده‌ستكاریی نه‌كات.
حاجی ئه‌حمه‌د، ده‌ڵێت ئه‌وان تۆوی كه‌نگر كۆده‌كه‌نه‌وه و دهیچێننهوه بەو ئامانجەی رێگریبکەن لە فەوتانی.
به‌ڕای وته‌بێژی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش، یه‌كێك له چاره‌سه‌ره‌كانی ئه‌وه‌یه "لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان تۆوی ئه‌و گژوگیایانه هەڵبگرن، بۆ ئەوەی ساڵانی ئایندە لە رێگەی درۆن و تەکنەلۆجیای نوێوە بچێندرێتەوە".
یاسای تایبه‌ت نییه بۆ پاراستنی گیا به‌هارییه‌كان
له هه‌رێمی كوردستان هیچ یاسایه‌ك نییه تایبه‌ت بێت به سزادانی ئه‌وانه‌ی كه زیان به گیایه به‌هارییه‌كان ده‌گه‌یه‌نن، تائێستا ئه‌م پرسه نه‌بۆته پرسێكی جێی بایه‌خ.
ئه‌مه وایكردووه خه‌ڵكی به‌شێك له گونده‌كانی قه‌زای پێنجوێن، خۆیان دهستههڵبڕن و گژوگیا و گیا به‌هارییه‌كانی ناوچه‌كانیان له ده‌ستی مرۆڤ بپارێزن، ئه‌وه‌ش به رێگه‌نه‌دان به‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زایه‌كی ئه‌وتۆیان له هه‌ڵكه‌ندنی گیا بههارییهكاندا نییه.
سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ده‌ڵێت راسته یاسایه‌كی تایبه‌ت نییە بۆ سزادانی ئەو کەسانە، بەڵام لە یاسای چاککردن و پاراستنی ژینگە باس لە پارێزگاریکردن لە ناوچە سروشتییەکان ده‌كات، ده‌توانرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كاربهێنرێت.
له‌و یاسایه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه له‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك زیان به ژینگه بگه‌یه‌نێت، به‌رپرسیار ده‌بێت و ده‌بێت قه‌ره‌بوی ئه‌و دۆخكه بكاته‌وه، به‌و مانایه‌ی زیانه‌كان لاببات و بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخی خۆی. به‌ڵام ئه‌مه رون نییه چۆن له‌گه‌ڵ گیا بههارییهكاندا ئه‌م یاسایه به‌كاردێت.
ئه‌مه‌ش وایكردووه پۆلیسی دراستان ئه‌وانه‌ی ئه‌ركی پاراستنی دارستانه سروشتییه‌كانیان هه‌یه، وه‌كو بابه‌تێكی جدیی سه‌یری ئه‌و پرسه نه‌كه‌ن.
سەیوان حەمەساڵح، لێپرسراوی پۆلیسی دارستانی شەهید محەمەد لە خورماڵ، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "کەس لەسەر پرسی هه‌ڵكه‌ندنی گیا به‌هارییه‌كان ده‌ستگیرنه‌كراوه... ته‌نیا ئه‌وه‌یه خه‌ڵك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هۆشیار ده‌كه‌ینه‌وه".
کەس لەسەر پرسی هه‌ڵكه‌ندنی گیا به‌هارییه‌كان ده‌ستگیرنه‌كراوه... ته‌نیا ئه‌وه‌یه خه‌ڵك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هۆشیار ده‌كه‌ینه‌وه
هه‌روه‌ها هۆشیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی، له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه له هه‌مان بۆچونی پێشوو، وتیشی "نەبونی یاسای توند و شێوازی نادروستی هەڵکەندنی گیاکان لە ڕەگەوە، بۆتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری سامانی سروشتیی کوردستان لەبەردەم مەترسیی لەناوچونی یەکجارەکیدا بێت".
به‌ڵام سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی له ئێستادا له‌گه‌ڵ پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان له گفتوگۆدان، بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌سته‌ی ژینگه‌وه رێنمایی و بڕیاری نوێ ده‌ربكه‌ن بۆ پاراستنی گیا به‌هارییه‌كان له فه‌وتان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی هاوڵاتیان له‌گه‌ڵیدا.
پرسه‌كه به‌ڕای هادی مەعروف، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دهۆک، "جینۆسایدێکی بێدەنگی ژینگەیه".
هادی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەدواداچونی مەیدانیمان كردووه و ده‌ركه‌وتووه روبەری سەوزایی گیا کێوییەکانی وەک کەنگر، کاردی و رێواس له‌سه‌دا 80 كه‌مبۆته‌وه، به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه‌ی زیاتریش ده‌چێت".
هۆکاری سەرەکی ئەوه‌ی گه‌ڕانده‌وه بۆ زۆربونی گه‌شتیار، نه‌بونی هۆشیاریی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گیا به‌هارییه‌كان. "خه‌ڵك بە پاچ و خاکەناز گیاکان بە ڕەگ و سەلکەوە هەڵدەکەنن، ئه‌مه مه‌ترسییه گه‌وره‌كه‌یه".
مه‌ترسییه‌كی له‌ناوچونی گیا به‌هارییه‌كان ته‌نیا لایه‌نه خۆراكییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو لایه‌نه ژینگه‌ییه‌كه‌ی مه‌ترسییه‌كه‌ی كه‌متر نییه.
چنار ئیبراهیم، پسپۆڕی زانستی روەکی لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانكۆی دهۆك، وتی "گژوگیا به‌هارییه‌كان ئەڵقەیەکی سەرەکین بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی له سیستمی ژینگه‌ییه‌دا بۆ سروشتی كوردستان"، زۆربه‌ی ئه‌م رووه‌كانه به رووه‌كی (فرەساڵ) ناوده‌برێن، خاوەنی سەلک و ڕەگی قوڵن؛ کاتێک بە ڕەگەوە هەڵدەکەنرێن، ئەوا (DNA) كه بۆ ماوەییە لەناو دەچێت، له‌كاتێكدا هەزاران ساڵە بەرگەی ژینگەی ناوچەکەی گرتووه".
بڕین له بری هه‌ڵكه‌ندن
چنار ئیبراهیم، ئه‌و پسپۆڕه‌ی بواری رووه‌ك، پێشنیار ده‌كات "یاسای بڕین نەک هەڵکەندن" بۆ گیا به‌هارییه‌كان پەیڕەو بکرێت. ئه‌و وتی "پێویستە بە چەقۆیەکی زۆر تیژ، بە لانی کەم دوو بۆ سێ سانتیمەتر لە سەروی ڕەگەکەوە و لەسەروی خاکی زەوییەکەوە گیاکە ببڕدرێت. پاشان دەبێت کەمێک خۆڵ بدرێتەوە بەسەر ئەو شوێنەی بڕدراوە بۆ ئەوەی رهگەکە شێدارییەکەی لەدەستنەدات و بەر خۆر نەکەوێت تا وشک نەبێت".
لە هەر 10 بنجە گیایەک کە دەیبینیت، دەبێت لانی کەم سێ بنجیان جێبهێڵیت
ئه‌و ده‌ڵێت به‌دواداچونی بۆ گیا به‌هارییه‌كان كردووه و ده‌ركه‌وتووه به‌شێكیان ته‌واو نزیكن بۆ له‌ناوچون، له سه‌روی هه‌مویانه‌وه، "رێواس، بەهۆی خواستی زۆری بازرگانی، پێش قۆناغی تۆودان بە دڕندانە هەڵدەکەنرێت... مەندێ و قوڕاد، زۆر هەستیارن و دەرهێنانیان بە بنجەوە دەبێتەهۆی وشکبوونی خاکی دەوروبەریان... کاردو، کەنگر، گێلاخە، پیچک و لۆشە، ئەمانەش بە هەمان شێوە روبەڕوی مەترسییەکی گەورە بونەتەوە".
لە زانستی پاراستنی رووەکدا چنار جه‌ختیلێكرده‌وه، یاسایەکی زێڕین هەیە دەڵێت "لە هەر 10 بنجە گیایەک کە دەیبینیت، دەبێت لانی کەم سێ بنجیان جێبهێڵیت و دەستی لێنەدەیت، ئەمە بۆ ئەوەیە ئەو سێ بنجە گەورە ببن، گوڵ بکەن، تۆوەکانیان بە با و مێرووەکاندا بڵاو ببێتەوە، بۆ ساڵی داهاتوو نەوەی نوێ لەو گیایە دروستبکەنەوە".
چنار وتی "ئه‌گەر ئەو یاسایه په‌یڕه‌و نه‌كه‌ین، ئه‌وا لە چەند ساڵی داهاتودا ئەم گیایانە تەنیا لەناو کتێبەکاندا دەبینین".