پێموت ببینه دكتۆر كچه‌كانم فێری قسه‌كردن بون، ئه‌ویش وتی زۆر به‌باشی فێرت كردون
پێموت ببینه دكتۆر كچه‌كانم فێری قسه‌كردن بون، ئه‌ویش وتی زۆر به‌باشی فێرت كردون
روناك ره‌سوڵ، ئازار و نیگه‌رانی زۆری چه‌شت، تا رێگایه‌كیان پێنیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی سێ كچه نابیستهكهی فێری قسه‌كردن بكات، له‌كاتێكدا ئه‌و پێیوابوو هیوای ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستداوه كه رۆژێك گوێی له ده‌نگی كچه‌كانی بێت.
روناك له ساڵی 1999 ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه، خه‌ڵكی گوندی گەڵناغاج له ناحیەی ئاغجەلهر سه‌ر به قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، دایكی سێ كچ و دوو كوڕه، هه‌رسێ كچه‌كه‌ی نابیستن و توانای قسه‌كردنیان نییه، به‌ڵام ئه‌و كۆڵینهدا تا له‌ڕێی جوڵه‌ی لێوهكانییهوه فێری قسه‌كردنیان بكات.
"شەوگار، كچه گه‌وره‌كه‌م له ساڵی 2001 له‌دایكبووه، تا دووساڵ نه‌مانزانی نابیسته، تا رۆژێك دایکی هاوسەرەکەم پێی وتین كچه‌كه‌تان گوێی له قسه نابێت"، دوای ئه‌وه سه‌ردانی پزیشك ده‌كه‌ن و ئه‌ویش جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی شه‌وگار نابیسته.
لێره‌وه چیرۆكی ئازار و خه‌می روناك بۆ ئه‌و منداڵه‌ی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وكات كه به منداڵی دووه‌م دووگیانبوو، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئه‌ویش به هه‌مان شێوه نابیست بێت. ئه‌وه‌ش خه‌مێكی تر بوو بۆ ئه‌و خێزانه. به‌ڵام ترسه‌كه‌ی له‌جێی خۆیدا بوو، چونكه كچی دووه‌میشی دوای له‌دایكبون و پشكنین ده‌ركه‌وت به‌هه‌مان شیوه نابیسته.
"بڕیارماندا چیتر منداڵمان نه‌بێت، به‌ڵام خه‌ڵكی هه‌ر ده‌یانوت خوا گه‌وره‌یه با منداڵێكی ترتان ببێت، ئه‌وه بوو له ساڵی 2007 نیگاری كچم له‌دایكبوو، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه نابیست بوو".
به‌پێی راپۆتی پزیشكی هه‌رسێ كچه‌كه‌ی روناك ره‌سوڵ رێژه‌ی نابیستیان له‌سه‌دا سه‌ده.
هه‌نگاوێك و كۆڵنه‌دان
كاتێك شه‌وگار بوو به 10 ساڵ، روناك رۆژێك ده‌یباته سه‌نته‌ری مناڵپارێز بۆ ئه‌وه‌ی راهێنان به كچه‌كه‌ی بكه‌ن و فێری قسه‌كردنی بكه‌ن.
"له‌وێ دكتۆرێكی كۆری راهێنانی به منداڵان ده‌كرد، پێموت دكتۆر ئه‌م كچه‌ی من فێری قسه‌كردن نابێت، ئه‌و وتی شتی وانابێت، داینیشاندم وتی ئه‌وه‌تا ئه‌م منداڵانه دوای پێنج رۆژ راهێنان خه‌ریكه فێری قسه‌كردن ده‌بن، منداڵان زیره‌كن، ماوەی شەش مانگ راهێنان بە سەگ بکەم، تەنها بە ئاماژه پێی بڵێم بڕۆ شتێکم بۆ بێنە دەیهێنێت، ئەم منداڵانە ئەقڵیان هەیە و فێری هەموو قسە و جوڵەیەک دەبن".
وته‌ی ئه‌و پزیشكه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر روناك دروستده‌كات و خۆی وه‌كو كه‌مته‌رخه‌م ده‌بینێت، بۆیه هه‌ر له‌وێ به‌ڵێن ده‌دات، هه‌رسێ كچه‌كه‌ی فێری قسه‌كردن بكات.
به‌پێی وته‌ی محەمەد نەوزاد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قسەکردن و زمان، "هیچ نابیستێک فێری قسە نابێت تا ئەوکاتەی لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە توانای بیستنی بۆ دەگەڕێتەوە".
شه‌وگار له ساڵی 2010دا نه‌شته‌رگه‌ریی چاندنی قەوقەعەیان بۆ كردووه و سهماعهیان بۆ داناوه، دوابه‌دوای ئه‌وه راهێنانه‌كانی بۆ قسه‌كردن وه‌رگرتووه.
راهێنانه‌كان دایكی پێی ده‌وته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پزیشكه كۆرییه‌كه‌وه هه‌ندێك رێنمایی پێدرا.
"ته‌نیا ده‌مم ده‌جوڵاند و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زمانی ئاماژه‌م بۆ بهكارنهدههێنان، یه‌كه‌مجار له ئه‌ندامانی جه‌سته‌وه ده‌ستمپێكرد، بۆ نمونه ده‌ستم له‌سه‌ر قژیان داده‌نا و ده‌موت قژ، رۆژی واهه‌بوو هه‌شت جار قاپ و پیاڵه‌ی چام ده‌هێنا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان لێبه‌م و ده‌مم له‌گه‌ڵ ناوهێنانی چا یان قاپه‌كه‌دا به‌كارده‌هێنا".
دوای شه‌ش مانگ روناك ده‌چێته‌وه منداڵپارێز و هه‌مان دكتۆر ده‌بینێته‌وه، "پێموت دكتۆر ببینه كچه‌كانم فێری قسه‌كردن بون"، روناك وتی "كاتێک دكتۆر کچەکانمی بینی، سەرسام بوو، پێیوتم ته‌سه‌وری ئه‌وه‌م نه‌كردووه ئه‌م منداڵانه به‌و خێراییه فێری قسه‌كردن بن، زۆر بەباشی فێرت کردوون'".
نابیستی رێگر نه‌بوو له پێشكه‌وتن
شەوگار، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نابیست بوو، به‌ڵام توانی به‌شی کارگێڕی کاری لە پەیمانگه‌ی تەکنیکیی چەمچەماڵ ته‌واوبكات، سومه‌یه تا پۆلی حه‌وتی خوێند و دوای هاوسه‌رگیری بۆته دایكی منداڵێك.
شەوگار سیروان، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دایکم زۆر هەوڵی له‌گه‌ڵداین تا فێری قسه‌كردن بین، دایكم بە ناساندنی شتەکان فێری دەکردین، بۆ نمونە، ئەگەر دەرگاکەی دابخستایە لە شوێنی دەرگاکەوە دەیوت ئەمە دەرگایە، دایبخە و دواتر دەیوت دەرگاکە بکەرەوە، ئینجا دەیوت بڕۆ پرتەقاڵەکەم بۆ بێنە، کاتێک بۆمان دەهێنا پێی دەناساندین و دەیوت ئەمە پرتەقاڵە ئیتر وردە وردە فێری قسەكردن بوین".
له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تاییدا ئه‌و سێ خوشكه روبه‌ڕوی ئاسته‌نگی زۆر بونه‌ته‌وه، كه‌س هاوڕێیه‌تی نه‌كردون و نه‌یانتوانیوه قسه بكه‌ن و تێبگه‌ن، گه‌شاو وتی "كه‌س له‌گه‌ڵمان تێكه‌ڵ نه‌ده‌بوو، ته‌نیا له‌گه‌ڵ خوشكه‌كانم پێكه‌وه بوین، به‌ڵام مامۆستاكان زۆر هاوكارمان بون".
ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵی خێزانه‌كه‌یه ئه‌وه‌یه هه‌رسێ كچه‌كه‌ی فێری قسه‌كردن بون، هه‌روه‌ها ئه‌و دوو منداڵه‌ی تریشیان كه هه‌ردوكیان كوڕن و دوای ئه‌وان له‌دایكبون و كێشه‌ی نابیستیان نییه.
شه‌وگار وتی "حه‌زم به دونیای هونه‌رییه، له‌وانه وێنه‌كێشان و خۆشنوسی، خۆمی تێدا دەبینمەوه". هه‌روه‌ها وتی كه به‌هۆی سه‌یركردنی فیلم و خوێندنه‌وه‌وه توانیویه‌تی فێری هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی ئیتگلیزی بێت.
یوسف عەبدوڵا كه له قۆناغه جیاوازه‌كان مامۆستای ئه‌و سێ خوشكه بووه، وتی "ئاستی خوێندنیان مامناوەند بوو، شەوگار لەچاو دوو خوشکەکەی تری بەهرەی وێنەکێشان و خۆشنوسی هه‌بوو، چەندین وێنەی لەسەر دیواری خوێندنگە دروستکرد".
به‌پێی زانستی پزیشكی له هه‌ر 1000 منداڵێك سێ منداڵیان كێشه‌ی نابیستی هه‌یه.
محەمەد نەوزاد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قسەکردن و زمان، وتی "له‌وانه‌یه كێشه‌كه له جیناتی منداڵه‌كه‌دا بێت، یان به‌هۆی توشبوون به هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك، یان بەرکەوتنی زەبرێک بە سەریدا كه تووشی کێشەی کەمبیستی ده‌كات".
وتیشی "به‌شێكیان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی توشی کێشەی هەستەوەری ده‌بن به چاندنی قەوقەعە یان دانانی بیستۆك (سه‌ماعه) باش ده‌بن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی کێشەی دەماری بیستنیان هەیە و بە نەشتەرگەریی چاندنی قەوقەعە چاک نابن. نەشتەرگەرییەکی دیکە هەیە کە لە عیراقدا ناکرێت، تێیدا ئامێرێک لەناو مێشکی کەسەکە دادەنرێت و بەو نەشتەرگەرییە دەتوانرێت بیستنی بۆ بگەڕێتەوە. ئەوانەی کە ئێمە لە کوردستان نەشتەرگەریمان بۆ کردون، بەگشتی کێشەی قەوقەعەیان هەبووە و نەشتەرگەرییەکە سودی بۆیان هەبووه".
ئاماده‌كردنی: رۆژگار عه‌بدوڵا