هونەر ئارامی و هەناسە و هێزم پێدەبەخشێت
هونەر ئارامی و هەناسە و هێزم پێدەبەخشێت
سوعاد میكائیل، لەبری تەسلیمبوون بە شێرپەنجە، هونەرەکەی کردە سەرچاوەیەك بۆ دابینکردنی خەرجی چارەسەر و بەرزکردنەوەی ورەی، تا وەك "جەنگاوەرێکی سەرکەوتوو" دەربكەوێت.
هیچ كاتێك نەیهێشت ئازاری نەخۆشی لە ژوورە پڕ لە رەنگەكەی بكات، تا توانی بالۆی كێشا و كردی بە رێگایەك بۆ سەركەوتن بەسەر نەخۆشییەكی كوشندەدا. ئەو هونەرمەندە تەمەن 54 ساڵەی شاری خانەقین، نزیکەی سێ دەیەیە وەك شێوەکار و شارەزای کاری دەستی کاردەکات.
هونەر؛ لە خولیاوە بۆ چارەسەر
سوعاد کە دەرچوی بەشی دیزاینی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی بەغدایە لە ساڵی 1993ـدا، لە منداڵییەوە ژیانی تێكەڵ بە رەنگەكان بووە و لە یەكتری جیاناكرێنەوە، وەك خۆی وەسفی دەكات.
"هەر لە منداڵییەوە ئاشنا بووم لەگەڵ رەنگەكان و كاری دەستی، بۆیە ئەم بەهرەیە لەگەڵم گەورە بوو تا ئەوكاتەی بووە بەشێك لە ژیانم" سوعاد میكائیل بۆ (كەركوك ناو)، وای وت.
ژوورێكی خانووەكەی تەرخانكردووە بۆ شوێنی وێنەكێشان و دروستكردنی كەرەستە دەستی جوانكاری و رازاندنەوەی ماڵ. ئەو خوێندنی لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان بە دەرفەت زانیووە كە بووە هۆی دەستپێكێكی درێژخایەن، "لەوكاتەوە 30 ساڵە من بەردەوامم و تائێستا 11 پێشانگەی تایبەتم هەبووە و لە دەیان پێشانگەی دیكەی هاوبەشدا بەشداربووم".
کاتێک هەواڵی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە دەبیستێت، سەرەتا توشی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر دەبێت، بەڵام بڕیار دەدات تەسلیم نەبێت. "هونەرەكەم و كەسوكارم بوونە هاندەرم تاكو زاڵبم بەسەری نەخۆشییەكەمدا".
پزیشكەكان لە سەرەتای نەخۆشییەكەیدا، بۆ ماوەیەك كاری هونەری و مامەڵەی رۆژانەی لەگەڵ رەنگەكاندا لێ قەدەغە دەكەن، لە ترسی كاریگەری خراپی بۆنی رەنگ و كەرەستەكانی وێنەكێشان، ئەوەش زۆر ناخایەنێت و دەگەڕێتەوە بۆ هونەرەكەی.
"بەدەستێك چارەسەرەكانم وەردەگرت و بەدەستێك تابلۆكانی هیوا و سەركەوتنم بۆ خۆم دەنەخشاند".
داهێنان لە تەنگانەدا
سەختییەکانی ژیان و کێشەی موچە، نەک نەیانشکاند، بەڵکو بونە پاڵنەرێك تا سوعاد رێگایەكی نوێ بدۆزێتەوە؛ پەیجێکی ئۆنلاینی بۆ فرۆشتنی کارە دەستییەکانی كردەوە، لە لایەك بۆ پەیدكردنی سەرچاوەی بژێوی و خەرجی چارەسەرەكانی، لەلایەكی دیكە تا هونەر و بەهرەكانی زیاتر بە خەڵك بناسێنێت و ئازارەكانی نەخۆشییەكەی لەبیر بكات.
ئەو كە فەرمانبەرە لە كۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی گەرمیان لە خانەقین، دەڵێت بەهۆی سەختی ژیان و نەخۆشی شێرپەنچە و نەبوونی موچە، بڕیاریدا بە ئۆنلاین تابلۆ و كەرەستە و بەرهەمە دەستییەكانی بفرۆشێت، "ئەوەش لە پێناو بەدەستهێنانی داهاتێك تاكو ببێتە پاڵپشتییەك بۆم لە دابینكردنی خەرجییەكانی چارەسەركردنم".
"جەنگاوەری شێرپەنجە"
پزیشکەکان بە "جەنگاوەر" ناوی دەبەن، سوعاد دەڵێت شانازی بەو نازناوەوە دەكات، دوای ئەوەی قۆناغە مەترسیدارەكانی نەخۆشییەكەی تێپەڕاند.
رۆژانێك هەستی دەكرد كۆتایی بە هەموو شتێك هاتووە، "ژیان بە روومدا تاریك بوو، قژم لە دەستدا، جەستەم لاواز و روخسارم گۆڕا، هێزم نەما و ژیانم پڕ بوو لە ئازار و نەهامەتی"، بەڵام بڕوای بە خۆی هەبوو، بە هاوكاری و پاڵپشتی خێزان و هاوڕێ و دەوروبەر، كۆڵی نەدا.
"تەندروستم زۆر باشە و بەسەر نەخۆشییەكەمدا سەركەوتم، هونەر بۆ من بووە هۆكارێك بۆ چارەسەر" بەوتەی سوعاد میكائیل. ئەو دەڵێت هونەر ئارامی و هەناسە و هێزی پێدەبەخشێت.
پەیامێكی بۆ ژنان و توشبوانی شێرپەنجە هەبە، "تەسلیم مەبن.. بەدوای ئەو شتانەدا بگەڕێن کە خۆشتان دەوێت، چونکە دەكرێت بەهۆی ئەو شتانە رزگارتان ببێت و ژیانیش هەرچەندە قورس بێت، هێشتا دەرفەتی دەستپێكردنەوەیەكی نوێ هەیە".
كەركوك ناو – دیالە