دوو ملیۆن دۆلار خه‌رجكراوه‌ بۆ تۆماری زیانه‌كانی بواری رۆشنبیری له‌‌ موسڵ

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق: گروپی چه‌كداری هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا كارده‌كه‌ن

نه‌ینه‌وا، 18ی نیسانی 2019، سه‌ردانی شاندێكی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غداد بۆ دێر ماركوركیس له‌ نه‌ینه‌وا فۆتۆ: عه‌لی ئه‌یاد

عه‌لی ئه‌یاد – نه‌ینه‌وا

جۆی هود، ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئه‌مریكا له‌ به‌غداد ئاشكرایده‌كات هێشتا له‌ عیراق گروپی چه‌كداری هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا كارده‌كه‌ن و پێشیوایه،‌ سه‌قامگیری ته‌واوه‌تی به‌بێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بواری رۆشنبیری نایه‌ته‌دی و وڵاته‌كه‌ی بۆ ده‌رخستنی وێرانكاریه‌كانی ئه‌و بواره‌ له‌نه‌ینه‌وا دوو ملیۆن دۆلاری خه‌رجكردووه‌.

وته‌كانی هود له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی له‌ 18ی نیسان بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌یاوه‌ری كونسوڵی گشتی له‌ هه‌ولێر و نێرده‌ی تایبه‌ت به‌ پێكهاته‌كان.

له‌و كۆنگره‌یه‌دا جۆی هود وتی "گروپی چه‌كداری هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا و فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كارده‌كه‌ن، بۆیه‌ كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران توانای ته‌واوه‌تی له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان والێبكرێن بتوانن سه‌قامگیری له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی پارێزگاكه‌دا بهێننه‌دی".

سه‌ردانی شانده‌كه‌ی ئه‌مریكا، له‌ دێر ماركوركیس كۆتاییهات، ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌بی له‌ شاری موسڵ، به‌ر له‌ هێرشی داعش شوێنێكی گه‌شتیاری ئاینی و رۆشنبیری بوو، دواتر و له‌ژێر حوكمڕانی ئه‌و رێكخراوه‌دا كرا به‌ زیندان و سه‌ربازگه‌.

شانده‌كه‌ به‌ یاوه‌ری پیاوانی ئایینی كریستیان، به‌شه‌ جیاوازه‌ی دێر ماركوركیس-یان بینی، هه‌موو ئه‌و نوسینانه‌شیان بۆ وه‌رگێڕدرا كه‌ له‌سه‌ر دیواره‌كانی ئه‌و شوێنه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ نوسرابون.

جۆی هود له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا له‌ هۆڵی كه‌نیسه‌كه‌ ئاشكرایكرد، له‌رێی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان (UNDP)، 150 مليۆن دۆلاریان خه‌رجكردووه‌ بۆ پرۆژه‌كانی ئاو و كاره‌با له‌ ناوچه‌كه‌، له‌گه‌ڵ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ 150 خوێندنگه‌، نۆرینگه‌ی پزیشكی و نه‌خۆشخانه‌.

ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ی ئه‌مریكا له‌ نه‌ینه‌وا، هود وتی "كونسوڵگه‌ی ده‌كرێته‌وه‌ به‌ڵام له‌ داهاتوودا نه‌ك ئێستا"، ئه‌وه‌شی گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ گرنگیدان به‌و پرۆژانه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌خه‌ڵك و دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی، كه‌ ئه‌مریكا به‌ قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ پارێزگاكه‌ رۆڵی تێدا ده‌بینێت.

ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئه‌مریكا له‌ به‌غداد، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی جارێكیتر سه‌ردانی نه‌ینه‌وا ده‌كاته‌وه‌، بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی گۆڕی نه‌بی ناحوم و ناوچه‌كانی ئه‌لقوش و شاره‌كانی تر، به‌ ئامانجی پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌.

جۆی هود له‌كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ژوره‌كانی دێر ماركوركیس له‌ نه‌ینه‌وا فۆتۆ: عه‌لی ئه‌یاد

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT