شه‌كر مه‌لحه‌م، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعزێر له قه‌زای شنگال ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه به‌چه‌ند هۆكارێك، له نێویاندا نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له ناحیه‌ی سنونێی شنگال كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، مه‌لحه‌م هه‌ینی 19ی نیسان به فه‌رمی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له پۆستی به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعزێر راگه‌یاند، دوای تێپه‌ڕینی زیاتر له ساڵێك و شه‌ش مانگ به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربونیدا.
شه‌كر مه‌لحه‌م وتی "تائێستا من له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه فه‌رمی بوم، به‌ڵام هیچ كه‌سێك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆی له سنورهكهمدا، بۆیه من ده‌ستله‌كارده‌كێشمه‌وه".
زۆرینه‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال به ناحیه‌كانیه‌وه، له ئابی 2014 و به‌هۆی هێرشی داعشه‌وه ئاواره‌بون، هه‌رچه‌نده ناوچه‌كانیان چه‌ند ساڵێكه كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ژیانه‌وه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
"من هیچ فشارێكم له‌سه‌ر نه‌بوو، خۆم ئه‌و بڕیاره‌م داوه وازبهێنم، ویستم خزمه‌تی سنوره‌كه بكه‌م، به‌ڵام هیچ ده‌رفه‌تێكیان به من نه‌دا، له كاتێكدا به‌بێ موچه و به خۆبه‌خشی ئه‌و كاره‌م ده‌كرد".
هه‌روه‌ها هۆكاری دیكه‌ی وازهێنانی گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پاساو نه‌مێنێت بۆ دوو ئیداره‌یی له شنگال.
قه‌زای شنگال دوو ئیداره‌ی هه‌یه، یه‌كێكیان زۆرینه له هه‌ولێرن و خۆیان به خاوه‌ن ماف ده‌زانن و ئه‌ویتریان، كه كه‌متر له دوو ساڵه دانراون ئاماده‌نین واز له ئیداره‌دانی ناوچه‌كه بهێنن.
شه‌كر مه‌لحه‌م، له دوای روداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه وه‌ك به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعزێر له قه‌زای شنگال سه‌ر به پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ستنیشانكرا.
له 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌و ساڵه‌دا، هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراقی گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێشمه‌رگه كشایه‌وه، كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.
شه‌كر مه‌لحه‌م ده‌ڵێت سه‌رباری نه‌بونی ده‌رفه‌ت و بودجه‌ی پێویست، به‌ڵام به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كاندا، توانیویانه به‌شێكی زۆر له سنوره‌كه له پاشماوه‌ی داعش پاكبكه‌نه‌وه.