كچێكی ته‌مه‌ن چوار ساڵی نابیست سێ رۆژه له گوندی عەلیاوەی باجەلان سه‌ر به قه‌زای خانه‌قین بێسه‌روشوێنه و چاره‌نوسی نادیاره.
لانه ئه‌ندام، له شەوی هەینی 3ی ئایار كاتژمێر نۆوه دیار نییه، ئه‌و كه دایك و باوكی به‌هه‌مان شێوه نابیستن، نزیكه‌ی مانگێك له‌مه‌وبه‌ر بۆ سه‌ردان له هه‌ولێره‌وه چونه‌ته قه‌زای خانه‌قین.
شەهاب ئەحمەد خاڵی لانە، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له كاتژمێر 9ی شەوی هەینی لە نێو حەوشەی ماڵەوە دیار نەماوە... سکاڵامان لە بنکەی پۆلیس و دادگا تۆماركردووه، بەڵام تاکو ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەو روداوەکە ده‌ستیپێنه‌كردووه و هیچ دەزگایەکی ئەمنی سەردانی گوندەکەی نەکردوین".
"لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌ره‌تا وتیان دەبێت 24 کاتژمێر به‌سه‌ر روداوه‌كه‌دا تێپه‌ڕبێت ئینجا دەتوانین دەست بە لێکۆڵینەوە بکه‌ین، بەڵام تاکو ئێستا پاش تێپەڕبونی سێ رۆژ هیچ دەزگایەکی ئەمنی نەهاتون بۆ گوندەکە"، شه‌هاب ئه‌حمه‌د وایوت.
دایك و باوكی لانه، مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی منداڵێكی تریان له‌دایكده‌بێت چونه‌ته ئه‌و گونده كه خزم و كه‌سوكاری خۆیان له‌وێ ده‌ژین.
ئارام خەسره‌و مامی لانە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە لە هەولێر بوین، پەیوەندیمان پێوه‌کرا کە لانە دیار نییە، بۆیە دەستبەجێ لە هەولێرەوە گەیشتینە خانەقین، داواکارین لە حکومەت بێتە هانامان و چارەنوسی لانه بدۆزێتەوە چونکە دایک و باوکی لانە نابیستن و توانای قسەکردنیان نییە، هەروەها لانە خۆیشی ناتوانێت قسەبکات".
خه‌ڵكی گونده‌كه سێ رۆژه به تراكتۆر ده‌وروبه‌ری گوندی عەلیاوەی باجەلان بە دوای لانە دەگەڕێن.