گەنجێكی قەزای خانەقین، شكستی بە خۆكوژێك هێنا كە دەیوست بە پشتێنی بۆمبڕێژكراوەوە خۆی لەناو كافتریایەكی قەرەباڵغی كۆڕنیش لەسەر روباری ئەڵوەن بتەقێنێتەوە.
چیرۆكەكە كاتێك دەستیپێكرد، كە گەنجێك كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو 20ی حوزەیران هەستی بە جموجۆڵی نامۆی كەسێك كردووە لە ناوچەی كۆڕنیش لە قەزای خانەقین و گومانیكردووە ئەو كەسە خۆكوژ بێت، بۆیە لەپشتییەوە هاواری كردووە و بۆی چووە تا خەڵك ئاگادارببنەوە.
لەگەڵ ئەو دەنگ بەرزكردنەوەیەدا خۆكوژەكە نارنجۆجێك بە ئاراستەی سێ گەنجی سەر روباری ئەڵوەن هەڵدەدات و بەهۆیەوە سێ گەنجەكە بە سوكی برینداردەبن.
شایەتحاڵێك شەوی رابردوو لە شوێنی رووداوەكە بە پەیامنێری (كەركوك ناو)ی وت "گەنجەكە چۆتە پشتی ئەو كەسەوەی گومانیكردووە خۆكوژ بێت و هاواری كرد تا خەڵك ئاگایان لە خۆیان بێت، لەوكاتەدا خۆكوژەكە نارنجۆكێك دەتەقێنێت و بەهۆیەوە خۆی دەكەوێتە سەر زەویی و سێ گەنجی تر برینداردەبن".
ەنجەكە چۆتە پشتی ئەو كەسەوەی گومانیكردووە خۆكوژ بێت و هاواری كرد تا خەڵك ئاگایان لە خۆیان بێت
عەلی عیسا (24 ساڵ)، لەوكاتەدا لە گازینۆی چوارچرا لەگەڵ هاوڕێیەكانی دانیشتبوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ لەگەڵ دەنگی تەقینی نارنجۆكەكەدا بووە هاوار و هەمووان رایانكردە دەرەوە و گازینۆكە چۆڵبوو، وتیان خۆكوژێك بەرەو گازینۆكە دێت، منیش وەكو ئەو خەڵكە راماكرد".
"كاتێك چومە دەرەوە بینیم، خۆکوژێک بە پشتی بۆمبڕێژكراوەوە كەوتووە و خەریكە گیانلەدەستدەدات"، عەلی وایوت.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی خانەقین، بە(کەرکوک ناو)ی وت "ئەو خۆكوژە ئامانجی ئەوە بووە بچێتە ناو كافێیەكی كۆڕنیش لەسەر روباری ئەڵوەن و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام دوای هاواری گەنجەكە، خۆكوژەكە نارنجۆكێكی تەقاندووە بەسەر ژمارەیەك گەنجدا و سێ كەس برینداربون و خۆیشی هەر لەوێ گیانیلەدەستداوە".
لەبارەی پشتێنی بۆمبڕێژكراوی گەنجەكەوە، سەرچاوەكەی پۆلیس وتی "دواتر پۆلیس بە هاوبەشی تیمەکانی پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی توانیان پشتێنی بۆمبڕێژکراوی خۆکوژەکە پوچەڵبكەنەوە".
ئەو سێ گەنجەی بە تەقینەوەی نارنجۆكەكە برینداربون، دۆخی تەندروستیان باشە، بەڵام هێشتا دیارنییە كامیان هۆكاری شكستهێنانی پیلانی خۆكوژەكە بون.
ناوچەی كۆڕنێش دەكەوێتە سەر روباری ئەڵوەن لە خانەقین و دەیان گازینۆ و كافێی و شوێنی پشودانی لێیەو لە شەواندا ناوچەیەكی قەرەباڵغە.
پاش روداوەکە، پۆلیس قەدەغەی هاتوچۆی لە خانەقین راگەیاند، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و مەترسی روداوی تر.
عەلی عیسا، ئەو گەنجەكەی لە گازینۆی چوارچرا دانیشتبوو، وتی "بەهۆی ئەم روداوەوە پێدەچێت بۆ ماوەیەک گازینۆکانی سەر روباری ئەڵوەن وەکو پێشتر قەرەباڵغ نەبن و گەنجان سڵبكەنەوە".
بەهۆی ئەم روداوەوە پێدەچێت بۆ ماوەیەک گازینۆکانی سەر روباری ئەڵوەن وەکو پێشتر قەرەباڵغ نەبن
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند هەفتەیەکە هێزە ئەمنیەکانی عیراق زانیاریی هەواڵگیرییان بۆ هاتووە لەبارەی ئەگەری هێرشی خۆكوژیی و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی چەكدارانی داعش لە خانەقین".