حزبە كوردییەكانی كەركوك، بۆ تاوتوێكردنی شەش خاڵ كۆدەبنەوە لە نێویاندا، بڕیاردان لەسەر یەكلیستی بۆ هەڵبژاردنەكان و دیاریكردنی ناوێك بۆ لیستەكە.
كۆبونەوەكە ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلول، لە بارەگای حزبی شیوعی كوردستان بەڕێوەدەچێت، كە ئامانج لێی تاوتوێكردن و بڕیاردانە لەسەر شەش خاڵە.
بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكە، كە حزبی شیوعی بڵاویكردۆتەوە، تیایدا ئامانج لە كۆبونەوە رونكراوەتەوە و هاتووە "پێكهێنانی لیستێكی كوردستانی لە هەموو حزبە كوردستانییەكان"، وەك خاڵی یەكەم كۆبونەوەكە. لەخاڵێكی تردا، جەختكراوەتەوە لە دیاریكردنی ناوێك بۆ لیستەكە.
هەروەها بڕیارە لەڕێی كۆبونەوەكەوە داوا لە لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكرێت، پێكەوە كاربكەن و هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ چارەسەری كێشە و كەموكوڕییەكان.
لە خاڵەكانی تری كۆبونەوەكە باسی رۆڵی راگەیاندن و رێكخراوەكان دەكات لە باسكردنی گرنگی یەكلیستی، لەگەڵ بڕیاردان لەسەر سەردانیكردنی نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە كەركوك و لەپێناو گەیاندنی داواكارییەكانیان.