"كەركوكی كوردستانی"
ناوی لیستی حزبە كوردییەكان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو

كەركوك/9ی ئەیلولی 2019/ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حزبە كوردییەكانی كەركوك بڕیاری یەكلیستیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو راگەیاند فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

حزبە كوردییەكانی كەركوك، رێككەوتن لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەیەك لیست بەشداریی بكەن و ناوی لیستەكەشیان نا "كەركوكی كوردستانی"، ئەوەش لە كۆبونەوەكیاندا هات.

ئەو كۆبونەوەیە ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلول، لە بارەگای حزبی شیوعی كوردستان بەڕێوەدەچوو، كە ئامانج لێی تاوتوێكردن و بڕیاردان بوو لەسەر یەكلیستی حزبە كوردییەكان.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، وتی "هەموو حزبەكان رێككەوتین لە هەڵبژاردنی داهاتودا بە یەك لیست بەشداریی بكەین و ناوی لیستەكەشمان نا كەركوكی كوردستانی".

hizbkurdi
كەركوك/9ی ئەیلولی 2019/ كۆبونەوەی حزبە كوردییەكان كە تیایدا بڕیاریاندا پێكەوە بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

لەبارەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەشداریی كۆبونەوەكە نەبون، رەوەند وتی "ئەوانیش لەگەڵ یەكلیستین، شەوی رابردوو نوێنەری حزبی شیوعی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكرات قسەیان كردووە و وتویانە لاریمان نییە لە یەكلیستی".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 1ی نیسانی 2020 ئەنجامبدرێت بۆ ئەو پارێزگایە گرنگی خۆی هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2005ەوەو بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانی شارەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەن نەكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT