ئافرەتانی كه‌ركوك سكاڵاناكه‌ن
گێچه‌ڵی سێكسی بەربڵاوە هەرچەندە سزاش دانراوە ‌

كەركوك/ ئەیلولی 2019/ گروپێك لە خوێندنگەكان بە رێنمایی و هۆشیاری جۆراوجۆر دەیانەوێن خوێندكاران لە گێچەڵی سێكسی هۆشیاربكەنەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

شوێن هەیە لەناو شاری کەرکوک بە زەحمەت ئافرەتان دەتوانن پیایدا تێپەڕببن، كچان و ژنان بەناچاری بێده‌نگی به‌رانبه‌ر تاوانی گێچه‌ڵی سێكسی هه‌ڵده‌بژێرن و سكاڵا تۆمارناكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ سزای تاوانێکی وا ساڵێک زیندانی و غەرامەشی بەدواوەیە‌.

به‌گوێرەی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له‌ نێو بازاڕ، داموده‌زگای حكومی و ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانیشدا گێچه‌ڵ هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ئاماده‌نییه‌ باسی روداوی هاوشێوه‌ بكات، ئه‌وه‌ش به‌لای رێكخراو و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی به‌رده‌م روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌یه‌.

له‌ پارێزگای كه‌ركوك، ئامارێكی ورد و فه‌رمی له‌سه‌ر تاوانی گێچه‌ڵی سێكسی نییه‌، چونكه‌ هیچ كه‌سێك له‌و دۆسیه‌یانه‌دا سكاڵا تۆمارناكات، ته‌نیا به‌شێكی كه‌میان به‌ زاره‌كی روداوه‌كه‌ بۆ رێكخراو و لایه‌نه‌كانی به‌رگریكار له‌ مافه‌كانی ژنان باسده‌كه‌ن.

بێده‌نگی به‌رانبه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ دوایین بڕیاریدا، ئابی ئه‌مساڵ، زنجیره‌یه‌ك رێكاری بۆ چۆنیه‌تی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گێچه‌ڵی سێكسی دیاریكردووه‌، له‌ نێویاندا چالاككردنه‌وه‌ی بڕگه‌ و مادده‌كانی یاسای سزادان، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق.

سكاڵا نییه‌ دژی گێچه‌ڵی سێكسی

ژمارەیەکی زۆر له‌و كچ و ئافرەتانەی روبه‌ڕوی گێچه‌ڵی سێكسی ده‌بنه‌وه‌، سكاڵا ناكه‌ن و نایانە‌وێت باسی روداوه‌كه‌وه‌ بكه‌ن، له‌ ترسی كۆمه‌ڵگه‌ و دابونه‌ریتەکانی، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌دواداچونی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان.

"ئه‌نجامده‌رانی گێچه‌ڵی سێکسی ته‌نیا خه‌ڵكی ئاسایی یان گه‌نجان نین، كارمه‌ندی ئه‌منیشیان تیادایە، جاری واهه‌بووه‌ خۆم روبه‌ڕوی حاڵه‌تی هاوشێوه‌ بومه‌ته‌وه‌ و به‌ جانتاكه‌ی ده‌ستم له كه‌سی ده‌ستدرێژكارم داوه‌،" سرود ئه‌حمه‌د، لێپرسراوی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمه‌ڵه‌ی هیوای عیراقی، كه‌ وه‌ك به‌رگریكار له‌ مافه‌كانی ژنان ساڵانێكه‌ له‌و شاره‌دا كارده‌كات، وای بە (كه‌ركوك ناو) وت.

"كۆمەڵگەی ئێمە پێیوایە ئه‌گه‌ر هەر كەسێك گێچەڵی پێبكرێت، ئەوە دیارە كەسەكە كارێكی كردوە بۆیه‌ ئەو ره‌فتارەی بەرامبەر دەكرێت، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ كه‌سه‌كان ئاماده‌نین سكاڵا تۆماربكه‌ن"، سرود وای وت.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ نافه‌رمییانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی هیوای عیراقی له‌ كه‌ركوك كۆیكردۆته‌وه، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه،‌ زیاتر له‌ 60 حاڵه‌تی گێچه‌ڵی سێكسی تۆماركراون، "به‌ڵام ده‌یانی تری هاوشێوه‌ هه‌ن‌ و تۆمارنه‌كراون‌" به‌وته‌ی سرود ئه‌حمه‌د.

زۆرینه‌ی تاوانی گێچه‌ڵی سێکسی له‌ كه‌ركوك، زاره‌كی (توانج و قسه‌ی نه‌شیاو) و جه‌سته‌یین، له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی تری توندوتیژیی دژی ئافرەتان و كچان.

لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی هیوای عیراقی پێیوایه‌ گێچه‌ڵ له‌ دوو بۆنه‌ و كاتدا زیاتر ده‌بن، ئه‌وانیش سه‌روبه‌ندی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ جه‌ژن و بۆنه‌كانی تر به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی بازاڕ، له‌گه‌ڵ كاتی ده‌وامی خوێندنگه‌كان به‌تایبه‌ت قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی.

گێچه‌ڵی سێكسی به‌ كێ ده‌كرێت؟

خوێندكاران به‌ تایبه‌ت له‌ قۆناغه‌كانی به‌ر له‌ زانكۆ و په‌یمانگەکان، روبه‌ڕوی مه‌ترسی گێچه‌ڵی سێكیسی ده‌بنه‌وه‌ له‌ كاتی ده‌وام و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌دا، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق

سه‌جاد جومعە وەلی، بەرێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "زۆربەی حاڵه‌ته‌كانی گێچەڵی سێکسی روبه‌روی خوێندنگه‌كان ده‌بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت خوێندكارانی قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی".

كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤیش هاوشێوه‌ی رێكخراوه‌كانی به‌رگریكاری‌ ژنان، ئامارێكی فه‌رمییان له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌كانی گێچه‌ڵی سێكسی نییه‌، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی سكاڵا تۆمارناكه‌ن.

"بەشێكی تایبەتمان نییە بە كۆكردنەوەی داتا دەربارەی ئەو كەیسانە، ناتوانین بڵێن ئەو دیاردەیە نییە، بەڵام دابونەریت و بارە كۆمەڵایەتییەكە رێگە بەوە نادات سكاڵا بكرێت، تا بەدواداچونی بۆ بکرێت و ده‌زگا پەیوەندیدارەكانی لێ‌ ئاگاداربکرێتەوە‌".

به‌پێچه‌وانه‌ی كه‌ركوك و پارێزگاكانی تری عیراقه‌وه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ ئاماری روداوه‌كانی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوده‌كرێته‌وه‌ له‌ نێویاندا گێچه‌ڵی سێكسی.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان ئەوەی بڵاوکردۆتەوە، ته‌نیا له‌ ئابی ئه‌مساڵدا، پێنج دۆسیه‌ی سێكسی تۆماركراون له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ هه‌زار سكاڵا له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌.

zhn
وێنەیەكی كێشراوی گێچەڵی سێكسی

لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ كه‌ركوك وتی "ئێمه‌ خولی هۆشیاركردنه‌وه‌مان هه‌یه‌ و له‌رێی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌، سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانه‌وه‌ ده‌گه‌ین تا روبه‌ڕوی ئه‌و دیارده‌یه‌ ببنه‌وه‌، له‌وێش بۆمانده‌ركه‌وتووه‌ گێچه‌ڵی سێكسی زۆر بووه‌ و به‌شێكیان هه‌ر له‌ خوێندنگه‌كاندا چاره‌سه‌ركراون‌".

"خۆت بپارێزه‌"

گروپێكی خۆبه‌خشی كریستیان، له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گێچه‌ڵی سێكسییان ده‌ستپێكردووه‌، تا كچان و كوڕانی خوێندكار خۆیان بتوانن به‌ر له‌و روداوانه‌ بگرن.

خەلیل ئیبراهیم، سەرپەرشتیاری گروپی "خۆت بپارێزە" به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە قوتابخانەكاندا رێنمایی ئه‌و منداڵانه‌ ده‌كه‌ین دووچاری گێچه‌ڵی سێکسی ده‌بنه‌وه‌ تا بزانن چۆن مامەڵەبكه‌ن و كێ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ و چۆن خۆیانبپارێزن".

ئه‌و گروپه‌ له‌ چوار كه‌س پێكهاتون و سه‌ر بە كڵێسای كلدانین لە شاری كەركوك، له‌ وه‌رزی پێشوی خوێندندا لە نێو سێ قوتابخانە و یەك باخچەی ساوایاندا وانه‌ی هۆشیارییان وتۆته‌وه‌.

"بەداخەوە هەندێك لە قوتابخانەكان وایاندەزانی ئێمە منداڵەكان فێری ئایینی كریستیانی دەكەین، بۆیه‌ رێگەیاننه‌دا ئەو رێنماییانە بە منداڵان بڵێینەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ لە هەوڵی ئەوەداین پەیوەندی بە رێكخراوێكەوە بكەین تا بتوانن له‌ خوێندنگه‌كاندا به‌رده‌وامی به‌ وانه‌كانمان بده‌ین".

هۆكاره‌كانی بێده‌نگی له‌ گێچه‌ڵی سێکسی

جگه‌ له‌ دابونه‌ریت و ترس له‌ كۆمه‌ڵگه‌، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی روبه‌ڕوی گێچه‌ڵی سێكسی ده‌بنه‌وه‌ له‌ ژێر فشاردا ناچارده‌كرێن روداوه‌كه‌ په‌رده‌پۆش بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی جوان حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك.

جوان حه‌سه‌ن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هەندێجار لە نێو دامودەزگا حكومیه‌كاندا گێچه‌ڵ روده‌دات، به‌ڵام سكاڵا ناكه‌ن و شوێنه‌ فه‌رمییه‌كان ئاگادارناكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ دوو هۆكار، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌روی خۆیانه‌وه‌ ناچارده‌كرێن واز له‌ سكاڵا بهێنن به‌ فشاری ئه‌وه‌ی بژێوی ژیانیان نه‌بڕدرێت و نه‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ شوێنی تر".

هەندێجار لە نێو دامودەزگا حكومیه‌كاندا گێچه‌ڵ روده‌دات، به‌ڵام سكاڵا ناكه‌ن و شوێنه‌ فه‌رمییه‌كان ئاگادارناكه‌نه‌وه‌

هۆكارێكی تر وه‌ك جوان حه‌سه‌ن باسیكرد، ترسه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌، چونكه‌ نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر كه‌سه‌كه‌ داده‌نێن و توانجی ئه‌وه‌ی لێده‌ده‌ن "ده‌بێت ئەو ژنە چی كردبێت وا گێچه‌ڵی پێده‌كه‌ن؟"، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ژنان نه‌وێرن باسی روداوه‌كه‌ بكه‌ن و بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن.

ئه‌وەش‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی یاسای سزادانی عیراقی، كه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری داوای چاككردن و جێبه‌جێكردنی كردووه‌ له‌ دوایین بڕیاریدا، گێچه‌ڵی سێكسی تاوانه‌ و سزای زیندانی تا یه‌ك ساڵی بۆ دانراوه‌، له‌گه‌ڵ غه‌رامه‌ی داراییدا.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ژنان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ستایشی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌كات و پێیوایه‌ رۆڵی ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و روداوانه‌دا، یاخود بنه‌بڕكردنی گێچه‌ڵ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و دامه‌زراوه‌كاندا.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئاماژە‌ی به‌ بڕگه‌كانی یاسای كاریش كردووه‌، كه‌ گێچه‌ڵی سێكسی لەسەر کار قه‌ده‌غه‌كردووە‌.

جوان حه‌سه‌ن نمونه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر گێچه‌ڵی سێكسی هانایان بۆ لیژنه‌كه‌یان بردووه‌، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ردا، له‌ شوێنی كار یان فه‌رمانگه‌كه‌یان وه‌ك سزادانێك به‌هۆی ئاشكراكردنی روداوه‌كه‌وه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنی دیكه‌.

"بۆ نمونە ئافره‌تێك لە یەكێك لە كافتریاكاندا له‌ كاتی كاركردندا گێچەڵی بەرامبەر كراوە، كاتێك پێیده‌ڵێن سكاڵا بكه‌ ناوێرت و نایكات، چونكه‌ ده‌ڵێت دایكی چوار كچه‌ و ده‌ترسێت ئاشكراكردنی ئه‌و روداوه‌ كاریگه‌ری لەسەر داهاتووی كچه‌كانی هه‌بێت".

به‌وته‌ی جوان حه‌سه‌ن، به‌هۆی په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌، خه‌ڵك واده‌زانن له‌ ئه‌نجومه‌ندا ئاماده‌ییان نییه‌ و سه‌ردانییان ناكه‌ن، به‌ڵام له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ هه‌ندێکجار له‌ حاڵه‌تی گێچه‌ڵی سێکسی ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی سكاڵا بكه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT