لە ماوەی ساڵێك و پێنج مانگدا
پارێزگاری كەركوك و پەرلەمانتارێكی یەكێتی دوجار نەخۆشخانەیەك دەكەنەوە

كەركوك/21ی تشرینی یەكەمی 2019/ مەراسیمی كردنەوەی نەخۆشخانەی لەدایكبون و منداڵان بۆ جاری دووەم فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

كەركوك ناو

هەریەكە لە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و بێستون زەنگەنە پەرلەمانتاری یەكێتی، بۆ جاری دووەم كردنەوەی نەخۆشخانەی لەدایكبون و منداڵان لە كەركوك رادەگەیەنن، ئەوەش تەنیا لە ماوەی ساڵێك و پێنج مانگدا.

لە 11ی ئایاری 2018 راكان سەعید جبوری و بێستون زەنگەنە لە مەراسیمێكدا نەخۆشخانەی لەدایكبون و منداڵانیان لە گەڕەكی نەسر شاری كەركوك كردەوە. دوای ساڵێك و پێنج مانگ و لە (21ی تشرینی یەكەم) هەر ئەو دوو كەسایەتییە بە بەشداری فەرمانگەی تەندروستی  جارێكی تر مەراسیمی كردنەوەیان بۆ نەخۆشخانەكە كرد.

لە مەراسیمی كردنەوەیدا بۆ جاری دووەم، راكان سەعید لە وتارێكیدا وتی "ژمارەی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەكانی كەركوك هاوسەنگ نین لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان، بۆیە لەهەوڵداین لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستی و پلانی ترمان هەیە".

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەندین پڕۆژەی تر هەیە كە راكان سەعید دوجار و سێجار مەراسیمی كردنەوەی بۆ كردووە، هۆكارەكەی ئەوەیە دەزگای چاودێری لاوازە، راكان سەعید گوێ بە یاسا و ئەنجومەنی پارێزگا نادات، بۆیە بە ئارەزوی خۆی پڕۆژە دەكاتەوە و رادەگرێت".

لەهەردوو مەراسیمی كردنەوەی نەخۆشخانەكەدا، بێستون زەنگەنە پەرلەمانتاری یەكێتیی و نوێنەری كەركوك لە پەرلەمانی عیراق هاوشانی راكان سەعید بەشداربووە، ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمانتار دەبێت چاودێر بێت بەسەر دامەزراوەكاندا.

bestun
كەركوك/ئایاری 2018/ مەراسیمی كردنەوەی نەخۆشخانەی لەدایكبون و منداڵان لەجاری یەكەمدا فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

كەریم وەلی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوك، لە مەراسیمی كردنەوەیدا بۆ دووەمجار، رۆڵی پارێزگاری كەركوك پەرلەمانتارانی لە كردنەوەی نەخۆشخانەكە بەرزنرخاند و لە وتارێكیدا وتی "ئەم نەخۆشخانەیە پڕۆژەیەكی گرنگە و دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی فشار لەسەر نەخۆشخانەكانی كەركوك".

دكتۆر كەریم وەلی, لەبارەی ئەوەی بۆ دوجار مەراسیمی كردنەوە بۆ نەخۆشخانەكە كراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاخر ئەوكاتە دوبارە نۆژەنكرابۆوە".

بەڵام لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی پڕۆژەی نوێ چۆن لەكاتی كردنەوەیدا نۆژەندەكرێتەوە؟ كەریم وەلی هەمان قسەی پێشوی دوبارە كردەوە و وتی "هەندێك كەم و كوڕی هەبوو".

نەخۆشخانەی لەدایكبون و منداڵان لە گەڕەكی نەسری كەركوك 18 ملیار دیناری تێچووە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و لەسەر 12 دۆنم زەوی دروستكراوە.

wazarat
كەركوك/ئایاری 2018/ هەواڵی كردنەوەی نەخۆشخانەكە لە پەیجی رەسمی وەزارەت

نەخۆشخانەكە لە 156 قەرەوێڵە پێكدێت و هەموو ئامێرێكی پێویستی تەندروستی لێییە. وەك لە مەراسمیەكەشدا راگەیەنرا 650 كارمەند كاری تێدا دەكەن.

پەیجی فەرمی وەزارەتی تەندروستی عیراق لە مەراسیمی كردنەوەیدا لە جاری یەكەم، بڵاویكردەوە "وەزارەت گرنگی زۆریداوە بە كەرتی تەندروستی لە كەركوك بەتایبەت ناوچە رزگاركراوەكان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT