عهمار عهزیز – نهینهوا
نەبونی خوێندنگە لە بەشێك لە كەمپەكان سەدان منداڵی ئاوارە لە خوێندن بێبەشدەكات و ژمارەی ئەوانەی وازدەهێنن تادێت زیاتر دەبێت.
وازهێنانی منداڵان لە خوێندنگە بەگشتی هۆكارەكەی نەبونی خوێندنگە و كەمدەرامەتی خێزانەكانە كە ناتوانن پاس بۆ منداڵەكانیان بەكرێ بگرن. ئەوەش زیاتر لە كەمپەكانی چیای شنگالدا هەیە.
سەلام حەسەن (16ساڵ)، ساڵی رابردوو بڕیاریدا واز لە خوێندن بهێنێت، دوای ئەوەی خێزانەكەی نەیانتوانی مانگانە بڕی 35 هەزار كرێی پاسی پێبدەن.
ئەو لە كەمپی سەردەشت نیشتەجێیە لەسەر چیای شنگال لە نزیك ناحیەی سنونێ، بەڵام كەمپەكە خوێندنگەی ناوەندی لێ نییە و دەبوو بە پاس بچێتە ناحیەی سنونێ، بۆیە وازیهێنا.
ئەو برا گەورەی ماڵەو بەهۆی نەخۆشكەوتنی باوكییەوە ئەركی بەخێوكردنی خێزانەكەی لە ئەستۆ گرتووە و كرێكاری دەكات.
"زۆر حەز دهکەم بگەڕێمەوە بۆ خوێندن، بەڵام پارەمان نییە"، سەلام زیاتر وتی "نە دەتوانم بەپێ 15كم ببڕم، نە دەتوانم مانگانە 35 هەزار كرێی پاس بدەم".
سەلام حەسەن، نمونەی چیرۆكی وازهێنانی سەدان خوێندكاری ئاوارەیە لە خوێندن، كە هەمان هۆكاری ئەویان هەیە.
لە زۆرینەی كەمپەكان خوێندن تەنیا تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی هەیە و ناچار بۆ قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی دەبێت رێگایەكی دورببڕن یان پاس بەكرێ بگرن، ئەوەش بارگرانی بۆ سەر خێزانەكان دەهێنێت.
موراد ئهلیاس نهمر، بهڕێوهبهری خوێندنگەی سەرەتایی كەمپی سهردهشت، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی هەیە، تەنیا چوار مامۆستایین و بەشێوەی خۆبەخش وانەدەڵێینەوە".
لەو خوێندنگەیە بە هەردوو دەوامی بەیانیان و ئێواران 400 خوێندكار وانە دەخوێنن و دەستی هاوكاری حكومەتیان پێناگات.
تەنیا لەو خوێندنگەیە و لە ئەمساڵدا 50 خوێندكار وازیانهێناوە.
موراد وتی "چونكە خێزانەكان ناتوانن مانگانە پێنج هەزار دینار بدەن بە خۆبەخشەكان، بۆیە منداڵەكانیان لە خوێندن دەرهێناوە".
ئەو باوەڕی وایە ژمارەكە تا كۆتایی ساڵ زیاتر دەبێت، بۆیە داوای هاوكاریی دەكات.
عهلی شهعبو، بهڕێوهبهری کهمپی سهردهشت له چیای شنگال به (کهرکوک ناو )ی وت "دۆخی خوێندن له ههردوو کهمپی چیای شنگال زۆر خراپە و کۆی گشتی پرۆسهی خوێندن مهترسی شكستهێنانی هەیە".
تهنیا دوو خوێندنگە لە كەمپەكانی چیای شنگال هەیە، بەگشتی هەزار و 100 خوێندكار تیایاندا دەخوێنن، ئەوانەی شەشەمی سەرەتایی تەواودەكەن دەبێت بچنە ناحیەی سنونێ.
ئەو وتی "تائێستا نزیکهی 300 خوێندکار لەم دوو كەمپەی سەر چیا وازیان له خوێندن هێناوه".
ئەوانەی وازیانهێناوە تەمەنیان له نێوان حەوت تا 16 ساڵە و زۆرینهیان خێزانهکانیان هەژارن.